وتەبێژی یەكێتی: بەرنامەی اتحاد اهل نینوی ١٣٤، جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵكی سنوورەكەیە

09:40 - 2023-12-05
کوردستان
357 جار خوێندراوەتەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوێنێ لە قەزای مەخمور سەردانی مەڵبەندی 20ی قەرەچووغی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا سەبارەت بە بەرنامە و پلانی لیستی اتحاد اهل نینوی ژمارە ١٣٤ لەگەڵ كادران و تیمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن گفتوگۆی كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، لەگەڵ سەردار سیامەند لێپرسراوی مەڵبەند و كادرانی سنوورەكە و چینوتوێژەكان، وتەبێژی یەكێتی، تەئكیدیكردەوە كە هاوشان لەگەڵ بانگەشەكردن بۆ كاندیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لیستی اتحاد اهل نینوی بۆ سنووری پارێزگای موسڵ، زۆر گرنگە هەڵمەتێكی فراوانی هۆشیاریی چۆنێتی دەنگدان بەڕێوەبچێت و دەنگدەران هۆشیاربكرێنەوە لە شێوازی نوێی دەنگدان بەگوێرەی یاسا و سیستمی نوێی هەڵبژاردن، كە تەواو جیاوازە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا.
سەعدی پیرە، تەئكیدیكردەوە كە پێویستە بانگەشەیەكی هێمن و ئارام بەڕێوەبچێت و پێویستە بۆ هەموولایەك روونبكرێتەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەچوارچێوەی لیستی اتحاد اهل نینوی ١٣٤ داكۆكیكاری سەرجەم پێكهاتە و نەتەوەكان و خەڵكی ناوچەكەیە بەبێ جیاوازی و دەبێتە دەنگ و رەنگی هەموان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوادا. وتیشی: ئامانجمانە خەڵكی سنوورەكە بەشێوەیەكی گشتی هێندەی ئەو قوربانییە زۆر و رەنج و ئازارەی كێشاویانە خزمەت بكرێن، وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش تەئكیددەكەینەوە لەسەر پاراستنی یەكڕیزی و ئەو پێكەوەژیانەی خەڵكی مەخمور بە كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی ترەوە پیادەی دەكەن.
‎لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا سەرنج و تێبینییەكان بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی بەرنامە و پلانی هەڵمەتی بانگەشەی لیستی اتحاد اهل نینوی ١٣٤ خرانەڕوو.
‎دوای كۆبوونەوەكەش، لە مەخمور، سەعدی ئەحمەد پیرە، چەندین بنەماڵە و كەسایەتیی ناوچەكەی بەسەركردەوە و لە كەموكوڕی و داواكارییەكانی خەڵكی ناوچەكەی پرسییەوە و بەڵێنیدا لە ئەگەری سەركەوتنی لیستی اتحاد اهل نینوی ١٣٤، بەشێكی زۆر لە خواست و داواكاری و كێشەكانیان چارەسەربكەن.

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان