״دادگا دەیەوێت بڕ‌یارێكی دروست بدات و بەدواداچوونی زیاتری لەسەر بكات״

رزگار حاجی حەمە: دادگای فیدراڵی موماتەڵە بە سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم ناكات

10:54 - 2023-12-05
کوردستان
369 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی، رایدەگەیەنێت: «دواخستنی بڕ‌یاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بەو سكاڵایەی یەكێتی كە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم تۆماری كردبوو، موماتەڵە نییە، بەڵكو دادگا دەیەوێت بڕ‌یارێكی دروست بدات و بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بكات».
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، ر‌ۆژی 2/5/2023، لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرد. لە سكاڵاكەدا یەكێتی داوادەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە یەك بازنەییەوە بگۆڕ‌درێت بۆ چوار بازنەیی و كورسیی پێكهاتەكانیش بەسەر بازنەكاندا دابەش بكرێت.

بۆ ئەوەی بڕ‌یارێكی دروست بدرێت
ر‌زگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ رادیۆی دەنگی ئەمریكا، رایگەیاندووە: «رۆژی 3/12/2023 وادەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی بوو لەسەر سكاڵاكەی یەكێتی، هەموو بەڵگە و داتاكان خرانەڕ‌وو، دادگای فیدراڵی چەندین پرسیاری لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كردووە لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی كوردستان بەسەر چەند بازنەیەكدا و كورسیی كۆتاكان، كە هەمووی وەڵامدراوەتەوە، دادگاش ماوەیەكی تری دیاریكردووە بۆئەوەی بڕ‌یارێكی تەندروست بدات و بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بكات».
بەگوێرەی نووسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، كە رۆژی 2ی مانگی 12 بڵاوكراوەتەوە، هەرێمی كوردستان بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشدەكرێت و پارێزگای سلێمانیش چوار كورسی كۆتای بەردەكەوێت.

وەڵامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان
لە درێژەی قسەكانیدا، ر‌زگار حاجی حەمە، دەڵێت: «بڵاوكردنەوەی نووسراوەكەی كۆمسیۆن، وەڵامێك بووە بۆ پرسیارێكی دادگای فیدر‌اڵی، كە وەك پێشنیاز بووە و كۆمسیۆنیش وەڵامەكەی بەو شێوەیە بووە كە كۆتاكان بەسەر سێ پارێزگای هەرێمدا دابەش دەبن».
دادگای فیدر‌اڵی عیراق، ر‌ۆژی 27ی مانگی دوانزەی ئەمساڵی بۆ بڕ‌یاردان و یەكلاكردنەوەی سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانكردووە، كە ماوەی 7 مانگە تاوتوێی سكاڵاكە دەكات و چەندین جارە بڕ‌یاردان لەسەری دوادەخات.

سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج مادەیە
سكاڵاكەی یەكێتی لەلایەن زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر مادەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە. كە یەكێتی لەڕێگەی ئەم سكاڵایەوە دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی 25ی شوباتی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كار بە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عیراق بكرێت، كە ساڵی 1992 لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە دەركراوە.
ئەگەر دادگا سكاڵاكە لە بەرژەوەندیی یەكێتی یەكلابكاتەوە، ئەوە دەبێت دادوەرەكان سەرپەرشتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەی هەرێم بكەن لەبری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق، هەروەها 11 كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش هەڵدەوەشێتەوە‌ و تەنیا پێنج كورسی كۆتا بۆ مەسیحییەكان دەمێنێتەوە. هەروەها بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی، شێوازی هەڵبژاردنی كوردستان لە یەك بازنەییەوە دەگۆڕ‌ێت بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن.
ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان 111 كورسییە و 11 كورسی بۆ كۆتاكان دانراوە و لە ژمارەی كۆتاكانیش پێنج كورسی بۆ كلدان و سریان و ئاشووری و پێنج كورسی دیكەش بۆ توركمانەكانە و كورسییەكیش بۆ ئەرمەنەكان.

PUKMEDIA

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان