شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی لە سلێمانی بەسەركردەوە و لە كەموكورتی و داواكارییەكانیانی كۆڵییەوە.
لە سەردانەكەیدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، گوێی لە راپۆرتێكی زارەكی گرت لەلایەن دكتۆر هێمن فاتیح بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە لەسەر هەوڵەكانیان بۆ فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار و ئارام بۆ چارەسەرخوازان دوای هەڵسەنگاندنیان لەلایەن پزیشك و كارمەندی پسپۆڕەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی، ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو كەیسانەی دەهێنرێنە نەخۆشخانەكە بۆ چارەسەر، جگە لە دەرمان، هەوڵی پەرەپێدانی تواناكانیشیان دەدرێت، چونكە كەسانی بەهرەمەند و نیگاركێش و ئەدیب و وەرزشوان لەخۆدەگرێت، ئەوەش وەك بەشێك لە پڕۆگرامی راهێنانەوە و شێوازی خۆگونجاندنیان.
هاوكات، دڵشاد یاسین بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەكە، گرفت و داواكارییەكانیانی خستەڕوو.
لەمیانی بەسەركردنەوەی چەند بەشێكی نەخۆشخانەكەشدا، خاتوو شاناز، چاوی بە ژمارەیەك لە نەخۆشەكان كەوت كە سەرقاڵی كاری دەستی و وێنەكێشان و بەهرەكانیان بوون و گوێی لە پەیام و گوزارشتەكانیان گرت و هاوكاریی پێشكەشكردن بۆ باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و شێوازەكانی راهێنانەوە و خۆگونجاندنیان.