یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ داهاتووی سەرجەم پارێزگاكان و بەتایبەتی ناوچە جێناكۆكەكان، دەیەوێت گرنگی تایبەت بە كەرتی پیشەسازی و وزە بدات و پارەی پترۆدۆلار بۆ خزمەتی ناوچە جێناكۆكەكان، تەرخان بكات.
یەكێتی پارەی پترۆدۆلار بۆ خزمەتی كەركوك تەرخاندەكات
حازم هەمەوەندی كاندیدی ژمارە ٢٥ لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ١٤٢، لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA رایگەیاندووە: «لەدوای ریفراندۆم و لێكەوتەكانییەوە شاری كەركوك لە خزمەتگوزاری بێبەشكراوە، لە گەڕەكە كوردنشینەكانیش كێشەی كەمیی خزمەتگوزاری و بەتایبەتی كەمیی كارەبا هەیە، بۆیە پلانی تۆكمەمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی كارەبا لە شارەكەدا، داڕشتووە». وتیشی: «هەوڵدەدەین پارەی پترۆدۆلار بۆ خزمەتی خەڵكی كەركوك تەرخانبكەین، لەو رێگەیەشەوە هەلی كار بۆ گەنجان دابین بكەین و بایەخی زیاتر بە خستنەوەكاری پاڵاوگەکانی نەوت بدەین».
دابینكردنی سووتەمەنی پێویست بۆ نەینەوا
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی كارەبا دەدات و دەیەوێت لەڕێگەی پیشەسازیی بەرهەمە نەوتییەكانەوە پێداویستیی هاووڵاتیانی سنوورەكە لە سووتەمەنی دەستەبەر بكات.
دەروێش بیسۆ كاندیدی ژمارە ٤ لە هاوپەیمانیی خەڵكی نەینەوا ١٣٤ لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA دەڵێت: «بەسەركەوتنمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هەوڵدەدەین دەستەبەری وێستگەی بەرهەمهێنانی زیاتری وزە و چارەسەری كێشەی كارەبا لە شار و شارۆچكە و گوندەكانی پارێزگاكە بكەین و لەڕێگەی پیشەسازیی بەرهەمە نەوتییەكانەوە دەرفەتی كاری زیاتر بۆ خەڵكی نەینەوا بڕەخسێنین». وتیشی: «لەڕێگەی تیمەكانمانەوە لە حكومەتی فیدراڵ كار بۆ رێكخستن و خستنەوەكاری پاڵاوگەی پارێزگای نەینەوا دەكەین، كە پێداویستی هاووڵاتیان لە سووتەمەنی دەستەبەر دەكات».
تیمی یەكێتی كار بۆ گەڕاندنەوەی پاڵاوگەی نەوت بۆ دیالە دەكات
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕێگەی تیمەكەیەوە لە حكومەتی فیدراڵ كار بۆ گەڕاندنەوەی پاڵاوگەی نەوت بۆ دیالە دەكات و دەیەوێت چارەسەری كێشەی كارەبا لە ناوشار و گوندەكانی پارێزگاكە بكات.
ئەوس ئیبراهیم كاندیدی ژمارە ٥ لە لیستی یەکێتی ١٢٠ لە دیالە، لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA تەئكیددەكاتەوە كە «لەڕێگەی تیمی یەكێتییەوە لە حكومەتی فیدراڵ، كار بۆ گەڕانەوەی پاڵاوگەی نەوت دەكەین، كە هەلی كار زیاد دەكات و دەبێتەهۆی دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان لەڕووی سووتەمەنییەوە. هاوكات كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە ناوشار و گوندەكانی پارێزگاكە و دابینكردنی وێستگەی زیاتری كارەبا دەكەین، ئەوە جگە لە پێشخستنی پیشەسازیی بەرهەمە نەوتییەكانی پارێزگاكەمان».
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لە خەمی كەرتی پیشەسازی و وزەدا بووە، بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكان، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەیام و بەرنامەی لیست و هاوپەیمانییەكانیدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، دابینكردنی پێداویستییە پیشەسازییەكانی تێدایە و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیشدا بەردەوام دەبێت بۆ گرنگیدان بەو كەرتە، تابتوانرێت ئەو ناوچانە لەڕێگای پیشەسازی و وزەوە زیاتر ئاوەدان بكرێنەوە.
PUKMEDIA