د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازیی لە عەبدولعەزیز شەممەری باڵیۆزی سعودیە لە عیراق، كرد و باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتی پەرەپێدانیان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاكاندا كرد.
سەرۆك كۆمار، بایەخی یەكخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانی دووپاتكردەوە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و رێگەدان بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ خەڵكی فەلەستین و دڵنیابوون لە پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل، هەروەك ستایشی هەوڵەكانی شانشینی عەرەبستانی سعودیەی بۆ سازكردنی لووتكەی هاوبەشی عەرەبی-ئیسلامی دەربڕی و بڕیار و هەڵوێستەكانی كۆنفرانسەكەی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ، بەرزنرخاند.
باڵیۆزی سعودیەش، پێزانینی وڵاتەكەی بۆ هەوڵەكانی سەرۆك كۆماری عیراق دەربڕی بۆ گرنگیدانی بە پەرەپێدان و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و خزمەتكردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەكەدا.