راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
ناوی بەشێكی زۆری دەرچوانی كورد بۆ دامەزراندن لە فەرمانگەكانی كەركوك لە بەغداوە هاتۆتەوە، بەڵام لەلایەن راکان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی کەرکوک كێشەیان بۆ دروست دەكرێت و رێگەپێدانیان بۆ ناكرێت تا دابمەزرێن و كێشە و تەگەرە دەخرێتە پێش دامەزراندنەكەیان و دەیەوێت ناوەكانیان لابەرن.
ژمارەی ئەو كەسانەی ناوی بۆ دامەزراندن هاتۆتەوە 800 كەسن و دەرچووی بەشە پزیشكییەكانی كەركوكن و ئێستا لەلایەن پارێزگارەوە ناویان هەڵپەسێردراوە بەبیانوی ئەوەی نفوسیان كەركوك نییە، بەڵام ئەوان دانیشتووی كەركوكن و لە چوارچێوەی مادەی 140دا خۆیان دەبیننەوە، بەڵام نایەڵن دابمەزرێن و هەر رۆژە و بیانویەكیان پێدەگرن.
ناحەقی پارێزگار
محەمەد كەریم دەرچوویەکی بەشە پزیشکییەکانە ناوی بۆ دامەزراندن گەڕاوەتەوە و وتی، چەند جارێك داواكاریم پێشكەش كردووە بۆ دامەزراندن، بەڵام هەموو جارێك پێوەری نفوس دەكەنە بەڵگە بۆ ئەوەی داواكارییەكەم رەتبكرێتەوە، باوكم لە پێناو پاراستنی ژیانی هەموو پێكهاتەكان لەم شارە بەبێ جیاوازی گیانی خۆی بەخت كرد و شەهید بوو، بەڵام ئێستا هیچ رێزێك بۆ شەهید و مناڵەکانی دانانرێت و ناحەقییەكی گەورەمان لێدەکەن.
وتیشی، هاوشێوەی من زۆر هەیە ناحەقییان بەرامبەر كراوە، بۆ نموونە هەیە كەسوكاریان شەهیدی سەنگەرن، یان برینداری سەنگەرن، یان شەهیدی شەڕی داعشن، بۆیە پێویستە لەسەر نوێنەرانی كەركوك لە بەغدا دەنگمان بگەیەننە سەرۆك وەزیرانی عیراق و سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییانەی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک دابنرێت.
نووسراوی فەرمی دەستبەکاربوون بۆ 400 دەرچوو ئاڕاستەی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كراوە، بەڵام رازی نابێت بە دامەزراندنیان
دەرچووەکان خەڵکی رەسەنی شارەکەن
دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی سەوز رایگەیاند، ژمارەیەكی زۆر لە دەرچوانی كوردی كەركوك ناوەكانیان بۆ دامەزراندن لە بەغداوە گەیشتۆتە پارێزگای كەركوك، بەڵام لەلایەن پارێزگاری بەوەكالەتەوە كێشە بۆ كورد و توركمانی رەسەنی شارەكە دروست دەكرێت و لە بەرامبەردا عەرەبێكی زۆر لە دەرەوەی كەركوك و نفوسیان كەركوك نییە دادەمەزرێن، بەڵام گێچەڵ بە دەرچوانی شارەكە دەكرێت بەتایبەتی كورد كە گوایە نفوسیان كەركوك نییە، ئەو دەرچوانەی ناویان بۆ دامەزراندن هاتۆتەوە هەموو پێداویستییەكی كارگێڕیان هەیە و دانیشتووی رەسەنی شارەكەن، بۆیە پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك لە هەوڵی ئەوەدایە لەبری ئەوان عەرەب دابمەزرێنێت و كێشە بۆ دانیشتوانە رەسەنەكەی دروست بكات.
وتیشی، ئێمە ئاگادارین ناوە ناوە ئەم جۆرە دیاردانە سەرهەڵدەدەن، ئەمەش لە چوارچێوەی زیادكردنی رێژەی عەرەبە لە شارەكە و پێچەوانەی بڕیارەكانی مادەی 140ن لە كەركوك، ئەمەش خۆی دەبینێـتەوە لە ناهاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكان و دروستکردنی كێشە لە نێوانیاندا، بۆ نموونە لەم چەند مانگەی دوایدا كۆمەڵێك دەرچووی کورد کە ناویان بۆ دامەزراندن هاتبووەوە لە پۆلیسی كەركوك و فەرمانگەی تەندروستی ناحەقیان بەرامبەر كرا و كێشەی جۆراوجۆریان بۆ دروست كردن و تائێستا بەشێكی زۆریان لە هاتوچۆدان بۆ چارەسەركردن.
پارێزگار رێگەپێدان ناداتە دەرچووەکان
جوان محەمەد یەكێكی ترە لەو كەسانەی ناوی بۆ دامەزراندن هاتۆتەوە وتی، دەرچووی شیكاریم و ماوەی مانگێكە ناوم لە بەغدا بۆ دامەزراندن لە فەرمانگەی تەندروستی گەڕاوەتەوە، بەڵام پارێزگاری بەوەكالەت كێشە و ئاستەنگ لە بەردەم دامەزراندنەكەمان دروست دەكات و رێگەپێدانمان ناداتێ تا دەستبەکاربین.
وتیشی، نفوسمان كەركوكە و هەر لە ساڵی 1957ەوە نیشتەجێی كەركوكین، بەڵام لە سەردەمی بەعسدا ئێمە تەرحیلی شارەكانی هەرێمی كوردستان كراوین.
دیاردەیەكی نوێ نییە
سامان یابەعەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك رایگەیاند، ئەو ناوانەی هاتوونەتەوە بۆ دامەزراندن نزیكەی 800 كەس دەبن و سەرجەمیان لە نەتەوەی كوردن، ئێمە وەك فەرمانگەی تەندروستی كەركوك نووسراوی فەرمیمان بۆ نزیكەی 400 كەس ئاڕاستەی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كردووە بۆ ئەوەی رێگەپێدانیان بۆ بكات بە مەبەستی دەستبەكاربوون و دامەزراندنیان، بەڵام پێناچێت پارێزگاری بە وەكالەت قایل بێت، بۆیە لێرەوە داوا لە سەركردایەتی و بەرپرسانی كورد دەكەم رێگەچارەیەكیان بۆ بدۆزنەوە تا بە زووترین کات دەستبەکاربن، سەرجەم ئەو ناوانەی لە بەغداوە هاتوونەتەوە بۆ دامەزرداندن كوردن و كاتی خۆی حكومەتی بەعس تەرحیلی شارەكانی دەرەوەی كەركوكی كردون.
باسی لەوەشكرد، ئەم کێشەیە دیاردەیەكی نوێ نییە لە شارەكە روودەدات، بەڵكو لە هەموو فەرمانگەكان كار رایكردن بۆ كورد ئاستەنگی تێدەكەوێت و بەشێكی زۆری ناوەكان دەسڕنەوە، وەك ئاگادارم هەندێكجار ئەندام پەرلەمانەكانی كەركوك چارەسەری هەندێك لەو كێشانە دەكەن، بەڵام هەندێكی تریشیان چارەنووسیان نادیار دەبێت.