ساڵۆنی لاپەڕە نۆ

کۆڕێک بۆ کتێبی شیعری(من)ی دڵزار حەسەن

11:22 - 2023-12-07
کەلتور
309 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 25/11/2023 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رێوڕەسمێک بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی شیعری (من) لە نووسینی نووسەر و رۆژنامەنووس دڵزار حەسەن ساز كرا كە كتێبەكە چەندین پارچە شیعری لەخۆ گرتبوو.
لە كۆڕەكەدا کە ژمارەیەك لە نووسەران و رۆژنامەنووسان ئامادەیبوون، تێیدا دڵزار حەسەن باسی لە ئەزموونی خۆی لە نووسینی كتێب كرد و وتی: لەوانەیە ئاسان نەبێت بە چەند خولەكێك باسی بكەم، بۆیە بە شێوەیەكی كەم دەگەڕێمەوە سەر ئەو بابەتە، هەر یەكێك لە ئێمەش كۆمەڵێك وێستگەی لە ژیانی رۆشنبیری و سیاسی و ئەدەبی خۆی هەیە، منیش یەكێكم لەوانەی كە لە وێستگەی ژیانی ئەدەبیمدا كۆمەڵێك وێستگە هەبووە كە هەر یەكێكیان ڤێرژنی خۆی هەبووە و مۆدێلی تازەشم هەبووە بۆ كاركردن، لە سەرەتادا رۆژنامەنووس بووم، دوایی كارم لەسەر گێڕانەوە كردووە، كە رەنگە نەتوانم لێرە بە ئاسانی قسەی لەسەر بكەم، بەڵام دواجار بیر و روانگەی مرۆڤ لەناو دەقەكانیدا دەبینرێنەوە، بەر لەوەی ئێمە قسە بكەین، دەبێت دەقمان هەبێت، كە دەقیشمان هەبوو، قسەی لەسەر دەكەین.

كاركردن لەناو فیكر و ئەدەبدا
دڵزار حەسەن وتیشی: ئەگەر چاو لە مێژووی ئەدەبیاتمان بكەین لە سەدەی شانزە و حەڤدەدا دروست دەبێت، تا سەدەی نۆزدەیەم دەقی ئێمە تەنیا شیعر بووە كە ئاسانیش نییە بێیت قسە لەسەر ئەو مێژووە بكەیت، لەبەر ئەوەی دەقی ئێمە فیكر نەبووە، ئەگەر فیكریش هەبووبێت، ئەوا لە چوارچێوەی شیعردا بووە، بەڵام رەنگە نەیتوانیبێت ئەو وتارە بێت كە تەعبیر لە ئەدەب بكات، بۆیە كاركردن لەناو فیكر و ئەدەبدا بە شێوەیەكی گشتی لەناو رۆشنگەریدا، ئەوەی كە لە ئەوروپا هەبووە، ئێمە نەمانتوانیوە ئەو دنیایە لە جیهانی ئەدەبی خۆمان نزیك بكەینەوە.
دڵزار راشیگەیاند: لە كۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم ئینجا كۆمەڵێك وەرگێڕی كورد پەیدابوون كە بەداخەوە ئەوانیش سەركەوتوو نەبوون لە گواستنەوەی بزوتنەوەی رۆشنگەری بۆ ناو رۆشنبیری ئێمە، بۆیە فیكر نامۆیە بە دەقی ئێمە لەو مێژووەدا، بەڵام دواتر بەهۆی وەرگێڕان و كۆمەڵێك شتەوە دروست دەبێت، بەڵام دیسان كۆمەڵێك كێشەی تێدا دروست دەبێت كە نامەوێت قسەی لەبارەوە بکەم، بەڵام دەكرێت مرۆڤ ئەزموونی خۆی باس بكات، بەڵام ئەزموونیش دەبێت بە پیشاندانی ئەزموونێك بێت، ئەگەرنا چی باس دەكەیت كە ئەزموونی تۆ پەیوەندی بە دەقەوە هەیە، رەخنەش ئەو كات دروست دەبێت كە تۆ دەقت هەیە، ئێمە لەمێژوودا دەقی باشمان هەیە، بەڵام رەخنەی جیدیمان نییە لەدەقدا، لەبەر ئەوەی هەمیشە دەق رەخنەی جیدی دروست دەكات، بۆیە كە تۆ دەقت نەبێت ناتوانی رەخنە دروست بكەیت كە رەخنەش كۆمەڵێك بونیادی خۆی هەیە.

مۆركی عیشق و عاشقایەتی
پاشان دڵزار حەسەن دوو قەسیدەی خۆی خوێندەوە كە یەكەمیان قەسیدەی (من) و ئەویتریان (ئەگەر نیشتمان ئەوهای لێنەهاتبووایە) بوو.
دواتر ژمارەیەك لە ئامادەبووانی كۆڕەكە بە پرسیار و سەرنجی خۆیان بەشداریان لە گفتوگۆی رێوڕەسمەکە كرد، سەرەتا شوان رابەر بەشداری كرد و وتی: بە پێی ئەو قەسیدەیەی خوێندتەوە هێزی باش و جۆرێك لە مۆركی فەلسەفی تێدایە، بەڵام من قسە لەسەر یەك شت دەكەم كە لە كتێبەكەی تۆ یا زۆرێك لە شاعیرانی هاوچەرخ و سەردەمیش هەیە كە شاعیرانی وەكو مەولەوی و نالی و ئەوانە ناڵێم، ئەویش مەسەلەی عیشقە، كە بەڕاستی من دەبینم زۆرێك لە شاعیران لە جیاتی ئەوەی زیاتر بە بەژن و باڵای گەل و نیشتمان و نەتەوە و ژیان و مرۆڤ و پێكەوە ژیان و ئەو شتانەدا هەڵبدەن، زیاتر شیعرەكانیان مۆركی عیشق و عاشقایەتی تێدایە كە تێبینی ئەوەش دەكەم مەرج نییە خۆیان لە ژیانی رۆژانەدا وابووبن، بەڵام وەك شتێكی دروستكراو وایە كە زیاتر دروستیان كردووە.
دواتر بەشداربوویەكی تر سەرنجی خۆی سەبارەت بەو شاعیرە باس كرد و وتی: دڵزار خاوەنی باكگراوندێكی فیكری قووڵە، لەگەڵ ئەوەش فەلسەفیانە بیر دەكاتەوە هەرچەندە ناڵێم فەیلەسوفە، رۆژنامەنووس سمكۆ عەبدولكەریم - یش بەشداری لەگفتوگۆكە كرد و وتی: دڵزار حەسەن هاوڕێیەكی نزیكمە و دەمێكە دەیناسم، خۆی لە زۆر بواری جیاجیا داوە، لەژیانمدا ستایشم نەكردووە لەسەر ئەو شتانەی نووسیوێتی، بە تایبەتی كە دواتر رووی لە نووسینی رۆمان كرد، دڵزار ناوێكە، بەڵام لەڕووە ئەدەبیەكەی نابێتە خاوەنی ناسنامەیەكی ئەدەبی وەكو ئەوەی پێی بوترێت شاعیر یان رۆماننووس یان چیرۆكنووس، دڵزار خۆی نەدۆزیەوە تا دواجار پەنای بردە بەر شیعر، زۆر لەو كەسانەی سەرەتا شیعریان نووسیوە و دواتر خۆیان لەقەرەی نووسینی چیرۆك و رۆمان داوە.

دەتوانێت شیعر بگەڕێنێتەوە

سمكۆ راشیگەیاند كە دڵزاری بینیوە پێی وتووە: تۆ لە شیعر نووسیندا زۆر باڵادەست و بەهرەمەندی، بۆیە پێموایە بگەڕێیتەوە سەر شیعر، ئەوەبوو دواتر ئەو دیوانەی چاپكرد، ئەو قەسیدەی دووەمەی كە خوێندیەوە، وێنەی جوان و قوڵبوونەوەی جوان و شاعیرییەتی تێدایە، بۆیە من پێموایە ئێستاش درەنگ نییە، ئەگەر دڵزار بە تەواوی دەست بە شیعر نووسین بکات دەبێتە شاعیرێكی باش، زۆرن ئەو ئەدیب و نووسەر و شاعیرانەی كە بەدرەنگییەوە دەقی گەورەیان نووسیوە، بە شێوەیەكی گشتی من یەكەمجارمە كە دانی پێدادەنێم كە دڵزار شاعیرێكی بەهرەمەندە و ئەگەر بەردەوام بێت دەقی شیعری گەورە دەخوڵقێنێ، چونكە تۆزێك سەركێشە و لەو بێ بازاڕییەی شیعریشدا پێموایە دەتوانێت شیعر بگەڕێنێتەوە ناو ئێمە.
هەر لە كۆڕەكە مامۆستا غازی بەشداری گفتوگۆكەی كرد و وتی : كاك دڵزار بیرێكی فەلسەفی هەیە كە برادەران باسیان كرد، دەشزانێت ئەركی شیعر چیە، كە هەموومان لەناو جوڵانەوەی ئەدەبی و رۆشنبیری میللەتی خۆمان تاڕادەیەك شارەزاین و بەشێكیشمان لەناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد بووین كە پێش هەموو شتێك شیعر هاندەرمان بووە.

دیمەنێک لە کۆڕەکە

بابەتە پەیوەندیدارەکان