راپۆرتی/ جێگر خدر
وەک نەریتێک، هەر لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما خەڵکی زیاتر روو لە خواردنی گۆشتی قاز و مراوی و پەلەوەری کوردی دەکەن، زیاتریش لە هەر شوێنێکی دیکە، مەیدانی ئاژەڵ و پەلەوەری حاجیاوای ئیدارەی راپەڕین گەرم دەبێت، خەڵکانێکی زۆر لە سنووری ئیدارەکە و شار و ناوچەکانی دیکە، لێرە لەم مەیدانە گۆشتی کوردی خۆماڵی و تەنانەت قازی بولگاری و ئێرانییان دەست دەکەوێت.
خواست لەسەر قازی کوردییە
دڵشاد خدر زیاتر لە بیست ساڵە لە مەیدانی ئاژەڵ و پەلەوەری حاجیاوای ئیدارەی راپەڕین پەلەوەر دەفرۆشێت، جگە لە کوردی، قازی بولگاری و شامیشی هەیە، وەک خۆی دەڵێت، خواستی زۆر لەسەر قازی کوردییە، سەرما و بارینی شەپۆلەکانی بارانی رابردوو هۆی زیاتر گەرمبوونی بازاڕەکەن. خەڵک دەڵێت، دوای پێکەوتنی باران گۆشتی قاز، مراوی و قەل خۆشتر دەبن، چەورتر دەبن و کەشی خواردنیشی خۆشتر دەبێت، هەروەها دەشڵێت، مەیدانی پەلەوەر فرۆشانی حاجیاوا ناو و ناوبانگی لە هەموو هەرێمی کوردستان دەرکردووە، هەر بۆیە خەڵکانێکی زۆر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و لە پارێزگا و ئیدارەکانی دیکەوە بۆی دێن و لێرە گۆشتی دڵخوازی خۆیان دەست دەکەوێت، لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکێکی زۆر کە خاوەنی قاز و قەل و مریشکی خۆماڵین لە شارە جیاجیاکانی هەرێمەوە، رۆژانی هەینی خۆیان بەرهەمەکانیان دەهێنن بۆ مەیدانی حاجیاوا و لەوێ ساغیان دەکەنەوە.
نرخ بەرزبووەتەوە
باسی لەوەشکرد، بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتیان لەسەر گۆشتی قاز، نرخەکەی بەرز بۆتەوە، لە کاتێکدا بەر لە هاتنی سەرما نرخی قاز بۆ هەر کیلۆیەک حەوت هەزار دینار و دواتریش هەشت هەزار دینار بوو، بەڵام بارینی یەکەم باران نرخەکەی کردە 10 هەزار دینار و ئێستاش 12 هەزار و تەنانەت لە شوێنی دیکە بە 13 و 14 هەزار دینارە، وتیشی، ئەوە یەکەمین جار نییە، بەڵکو هەموو ساڵێک نرخەکان بەو شێوەیە بەرزدەبنەوە، لەکاتێکدا مەیدانی حاجیاوا بە بەراورد بە شارەکانی دیکە هەمیشە نرخی نزمترە، لە هەولێر و سلێمانی بەردەوام دوو هەزار و سێ هەزار دینار گرانترە.
هەردی بەقاڵ خاوەنی مارکێتە و قاز بە پاکراوی دەفرۆشێت، نرخی هەر کیلۆیەک قاز بە پاکراوی 16 هەزار دینارە، ئاماژە بەوەشدەکات، خەڵکێکی زۆر بە پاکراوی قاز دەکڕن، لای خۆی پاکی دەکات و تەواو ئامادەی دەکات و تەنها کوڵانی دەمێنێت، دەشڵێت، بەهۆی خواستە زۆرەکەی، زۆرینەی هەرە زۆری ناخاتە دوکانەکەیەوە بەڵکو پێشوەختە کڕیارەکانی دەیکڕن، تا کۆتایی وەرزی سەرما بەو شێوەیە دەبێت، تەنانەت کە بەفر دەبارێت، زۆرینەیان لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنەوە دەفرۆشێت.
سوودەکانی گۆشتی قاز
جگە لە خۆشی تامەکەی، پسپۆڕانى بوارى تەندروستى و خۆراک جەخت لەوە دەکەنەوە کە گۆشتى قاز بەهاى خۆراکى زۆر بەرزە و زۆرترین وزە دەبەخشێتە مرۆڤ، لەناو کوردەواریشدا گرنگى پێدراوە و بە یەکێک لە بەتامترین خۆراکەکان دادەنرێت.
*بۆ ئەو کەسانەى گرفتى لاوازى و کەمى کێشیان هەیە ئەوا خواردنى باڵى قاز بەسوودە.
* زۆرترین بڕى وزە دەبەخشێتە جەستە و بۆ ئەو کەسانەى کارى گران یان وەرزش دەکەن بایەخەکەى چەند قات دەبێتەوە.
* جگەر و باڵى قاز یارمەتى دروستبوونى خوێن دەدەن و بۆ کەم خوێنى بەسوودە و لێدانى دڵ رێکدەخات.
* رۆنى قاز بۆ گورچیلە، چارەسەرى کۆکە، گڕیی دەنگ و سووتانەوەى گەدە بەسوودە.
* خواردنى گۆشتى قاز بۆ چارەسەرى کۆئەندامى هەناسە و تەنگەنەفەسی باشە.
* خواردنى هێلکەی قاز بۆ زیادبوونى کێش و کۆئەندامى هەناسە بەسوودە و ئەگەر بکرێت بە هێلکەو رۆن و رۆنى قازیش بەکاربهێنرێت ئەوا کاریگەرییەکەى چەند قات دەبێتەوە.
* بۆ ئەو کەسانەى بە هەر هۆیەک تووشی خوێنبەربوون دەبن خواردنى گۆشتى قاز پێشنیاز دەکرێت.
لێنانى قاز بە رۆنى زەیتوون سوودەکانى چەند قات دەکاتەوە و باشترین ئەو بەهاراتانەى کە لەگەڵ ئەم گۆشتانەدا بەکاردێن بریتین لە جاترە، گژنیژ، کەرەو و دارچینى و سرکەش کۆڵسترۆڵى کەم دەکاتەوە و وێڕاى ئەوەى تامەکەشی خۆشتر دەکات، دەتوانرێ هەندێ سرکە و پیازی لەگەڵ تێبکرێ تا سوودی زیاتربێت.