تۆپی پێی بەرازیل لەگێژاودا

10:42 - 2023-12-10
وەرزش
163 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل



بەرازیل ئەو ناوە مەزنەی كە تۆپی پێی جیهانی پێ دەناسرێتەوە و بەدرێژایی مێژوو كانگای پێگەیاندنی یاریزانە ناودار و ئەفسانەییەكانی جیهانە و ئەم ئەستێرە و ئەفسانە بەرازیلییانەش ئێستا و پێشتریش یاریگاكانی ئەوروپایان داگیر كردووە.
كە باسیش دێتە سەر هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە كە بەسیلیساو ناودەبرێت، ئەوا ئەم هەڵبژاردەیە تەنیا هەڵبژاردەیە توانیبێتی 5 جامی مۆندیال بەرزبكاتەوە، بە جیاوازی یەك جام لە پێش هەڵبژاردە بەهێزەكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیاوەیە و ئەمان خاوەنی 4 جامی مۆندیالن، لەسەر ئاستی كیشوەرەكەشیان (ئەمریكای باشوور) سێیەم بەهێزترین هەڵبژاردەیە لە روی بردنەوەی جامی كوپا ئەمریكاوە و خاوەنی 9 جامی كوپا ئەمریكایەو لەم پاڵەوانێتییە گرنگەدا ئەرجەنیتین و ئۆرۆگوای یەكەمن بەبردنەوەی 15 جام. 
ئەوە باسی دستكەوتە تاكە كەسییەكانی یاریزانە ئەفسانەییەكانی ئەم هەڵبژاردەیە زۆری دەوێت و رەنگە باسكردن و ئاشکراکردنی ئامارەكان زۆر بخایەنێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم دەستكەوت و ناو و ناوبانگ و مێژووە دەوڵەمەندەی تۆپی پێی ئەم وڵاتە، ئێستا تۆپی پێی بەرازیل بەگشتی لە گێژاوێكی سەختدایە، هەڵبژاردەكەیان كەتۆتە زۆنگاوی ئەنجامە خراپەكان و شكستی یەك لە دوای یەك بەرۆكی سیلیساوی گرتووە.

خولێکی شپرزە
سەرەتا با سەیری خولی ئەمساڵی بەرازیل بكەین، چەند رۆژێكی كەمە خولی بەرازیل كۆتایی هاتووە و یانەی پاڵمیراس بۆ دووەم جاری یەك لەسەر یەك بوو بە پاڵەوانی خولەكە و بۆ جاری یانزەیەمین بوو بە پاڵەوانی خولەكە، كەس لاریی نییە لەوەی كە پاڵمیراس خاوەنی ناو و ناوبانگێكی دەوڵەمەندە، بەڵام ئەوەی دەچێتە خانەی دابەزینی ئاستی تۆپی پێی بەرازیل و ئەو كێشانەی بەرۆكی گرتووە ئەوەیە ئەمساڵ یانەی سانتۆس بۆ خولی پلە دووی ئەو وڵاتە دابەزی.
سانتۆس بە درێژایی 111 ساڵەی تەمەنی ئەمە یەكەمین جارە توشی ئەم كارەساتە دەبێت، ئەم یانەیە خاوەنی مێژوویەكی هێندە دەوڵەمەندە كە لێرەدا باسكردنی زۆر ئەستەمە، سانتۆس كانگای پێگەیاندن و دروستكردنی ئەستێرەكانی وەك پیلییە و رۆبینهۆ و كۆتینهۆ و چەندان ئەستێرەی ترە، بۆیە ئەم دابەزینەی یانەكە بۆ خولی پلە دوو شۆكێكی گەورەیە و هاندەرانی یانەكە پێیان قبوڵ ناكرێت.

سەرۆکێکی خراپ
هەرلەم كات و ساتەدا راپۆرتی رۆژنامەكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردۆتەوە كە دادگای ریۆ دی جانیرۆ ئیدیتاڵدۆ رۆدریگێزی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی بەرازیلی لە كارەكەی دوورخستەوە، چونكە بۆ دادگا رونبۆتەوە كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2022 دا سەرپێچی زۆری كردووە و بەو سەرپێچییانەش لە پۆستی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی بەرازیل دوور دەخرێتەوە و پۆستەکەی نایاساییە.
پاوڵۆ گۆمێزی راهێنەی یانەی بۆتافۆگۆ لەو وڵاتە كە ئەمساڵ پێنجەمی خولی بەرازیل بوو، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا هێرشی توندی كردە سەر خولی وڵاتەكەی و دەڵێت ئەوانەی تۆپی پێی بەرازیل بەڕێوە دەبەن بوونەتە هۆی ئەوەی كە خولەكە ئاستی دابەزێت، هەروەها دەڵێت كە نا یەكسانی لە دابەشكردنی رێژەی دەستكەوتی داریی ئەو یەكێتییە لە نێوان یانەكاندا هەیە، بۆیە زۆر لە یانەكان سكاڵایان هەیە و ئەمانەش كاریگەریی خراپیان لەسەر ئاستی یاریزانان و یانەكانیش هەیە.

کەس خولی بەرازیل ناناسێت
یەكێكی تر لە راهێنەرەكانی ئەو خولە كە ماریۆ سیلیسۆی راهێنەری یانەی ئەتلەتیكۆ بارانیسە سكاڵای ئەوەی هەیە كە خراپی خولی بەرازیل و نزمی ئاستی خولەكە وای كردووە ئێستا یانەكانمان لەسەر ئاستی جیهان كەس نایاناسێت.
ئەمە سكاڵاكان بوون لەسەر خولی ئەو وڵاتە، دەرەنجامەكەشی ئەوەیە كە خولی بەرازیل ئێستا لە پلە باشەكانی خولە بەهێزەكانی جیهاندا نەماوە، هەر بۆیە ئێستا ئەمە بەتەواوی لەسەر هەڵبژاردەی بەرازیلیش رەنگی داوەتەوە و ئێستا ئەم هەڵبژاردەیە لە قەیرانێكی گەورەدایە.

هەڵبژاردەیەکی شێواو
ئەوەتا لە ساڵی 2002 –ەوە ئەم هەڵبژاردەیە نەیتوانیوە جامی مۆندیالێك بەرز بكاتەوە، هەر ئەوەش نا بەڵكو بەرازیل هەرزوو مۆندیال جێدەهێڵێت و ناتوانێت بگاتە قۆناغە گرنگەكان، ئەوەتا لە مۆندیالی روسیا 2018 -ەدا بە دەستی بەلجیكا لە قۆناغی چارەكی كۆتایدا كراوەتە دەرەوە، لە مۆندیالی 2022 –قەتەریشدا بەدەستی كرواتیا لە هەمان قۆناغدا كراوەتە دەرەوە.
ئێستاش ئەم هەڵبژاردەیە لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026 دا كە بە هاوبەشی لە ئەمریكا و كەنەداو مەكسیك دەكرێت، لەكۆی 6 یاریی ئەم پاڵاوتنە كە كردوونی، 7 خاڵی هەیەو شەشەمی ریزبەندییە، تەنانەت ترسی ئەوەی لەسەر هەر نەگاتە مۆندالەكەش، ئەمانەو دەبێت باسی دۆڕاندنە لە ناكاوەكەشیان بكرێت بە ئەرجەنتین لە یاریگای ماراكانا 0-1.

داهاتوو چۆن دەبێت؟
ئێستا بەرازیل و بەرازیلییەكان و یەكێتیی تۆپی پێی بەرازیل بۆ داهاتووی تۆپی پێی وڵاتەكەیان رووبەڕووی چەندان تەحەدییاتی سەخت بوونەتەوە، یەكەمیان چاككردنی ئاستی هەڵبژاردەكەیە لە پاڵاوتنەكانی ئەم كیشوەردا بۆ گەیشتن بە مۆندالی ئایندە، پاشان بەشدارییەكی باش لە جامی كوپا ئەمریكادا هەرنەبێت جامی ئەم پاڵەوانێتییە بەرز بكەنەوە، هەڵبژاردنی كەسێكی شیاوی بەهێز بۆ سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی بەرازیل تا باری گلاوی تۆپی پێی سیلیساو راست بكاتەوە، دەست بهێنرێت بەماڵی خولی ئەو وڵاتەدا و گلەیی و گازنەدەكانی راهێنەران بەهەند وەربگیرێن و ئەم ماڵە شێواوەش بە باشی رێكبخرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان