״اتحاد اهل نینوی دەبێتە داكۆكیكارێكی بەهێز״

11:57 - 2023-12-10
کوردستان
387 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، ئاراس محەمەد ئاغا سەرۆكی هاوپەیمانیی یەكێتی خەڵكی نەینەوا، بەهاوڕێیەتیی شێخ مەهدی بەرزنجی راوێژكاری دەزگای هەڵبژاردن و نەجات سورچی لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەكان، سەردانی ناحیەی حەمام عەلی لە پارێزگای نەینەوا كرد.
لە سەردانەكەیدا، سەرۆكی هاوپەیمانیی یەكێتی خەڵكی نەینەوا و وەفدی هاوڕێی، ماڵی شێخ ئەحمەد عەتائەڵڵا جبوری، بەسەركردەوە كە ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتی و پیاوماقووڵانی خزمانی جبور و كاندیدی ژمارە ١٠ی هاوپەیمانیی یەكێتیی خەڵكی نەینەوا شێخ قەیسەر ئیبراهیم عەتائەڵڵا، ئامادەیبوون، لە وتەیەكدا ئاراس محەمەد ئاغا رۆڵی خزمانی شێخ عەتائەڵڵا و جبوری لە خەبات و قوربانیدان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و هاوكاریی خەڵكی سنوورەكە بەرزنرخاند و رایگەیاند: هاوپەیمانییەكەمان اتحاد اهل نینوی ژمارە ١٣٤، نوێنەری راستەقینەی گشت پێكهاتەكانی نەینەوا و زامنی بەدەستهێنانی مافی خەڵكەكەی بەگشت پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكانییەوە، دەبێت.
دواتر، سەرۆكی هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی، نووسینگەی شێخ قەیسەر ئیبراهیم عەتائەڵڵای بەسەركردەوە و چاوی بە كۆمەڵێك كەسایەتی و گەنج و لاوانی دەڤەرەكە كەوت و رایگەیاند: پێویستە هەموان پشتیوانی لە هاوپەیمانیی یەكێتی خەڵكی نەینەوا و كاندیدەكانی بكەن بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا خزمەتی ئێوە و سنوورەكەتان بكەن. ئامادەبوانیش بەڵێنی پشتیوانی و سەرخستنی هاوپەیمانیی یەكێتی خەڵكی نەینەوایان دا. «دڵنیاین ئەو لیستە دەبێتە داكۆكیكارێكی بەهێز لە ماف و خواستە رەواكانی هاووڵاتیانی پارێزگای نەینەوا».

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان