سیمینارێكی وەرزشی

10:39 - 2023-12-12
وەرزش
165 جار خوێندراوەتەوە

سان سەنگەر





رێكخروای میتان بۆ پەرەپێدانی میدیای وەرزشیی، بەهاوكاری ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشە پێدان، لە هۆڵی بەرێوەبەرایەتیی گشتی وەرزش لەهەولێر، سمینارێكی بۆ میدیاكاری وەرزشی زاگرۆس نانەكەلی رێکخست.
 سیمینارەکە بە ناونیشانی (مێژووی وەرزشی خانمانی كورد) بوو، سەرەتا د.خانزاد ئەحمەد سكرتێری ئەنجومەنی خانمان و گەشە پێدان باسی لە گرنگی رۆڵی خانمان كرد بەتایبەتی لە وەرزشدا، هەروەها سەردار ئیسماعیل بەرێوەبەری گشتی وەرزش ئەویش لەلای خۆیەوە خانمانی وەك پاڵەوان ناساند لە وەرزشی كوردستاندا و رۆڵی ئەوانی بە گرنگ وەسف كرد.
دواتر پاڵەوانی پێشووی شەترەنج خاتو فرمێسك وریا ئەویش باسی نەهامەتی خانمانی وەرزشکاری كوردی كرد و هەر خۆشی سمینارەكەی وەك پێشكەشكار بەرێوە دەبرد، پاشان زاگرۆس نانەكەلی نووسەر و ئامادەكار و پێشكەشكاری سمینارەكە باسی لە مێژووی وەرزشی خانمانی كورد كرد و سەرەتا ووتی؛  من بۆ دوو هۆكار ئەم سیمینارەم ئامادەكرد، یەكەمیان بۆ خۆماڵی كردنی وەرزشی كوردستان و دوور كەوتنەوە لە وەرزشی جیهانی كە هیچ سوودێكی بۆ ئەرشیفی وەرزشی كوردی نییە، دەبێت زانیاریت هەبێت لە وەرزشی بیانی بۆ ئاگادار بوون لە گۆڕانكای و پێشهاتەكانی وەرزشی جیهان بەگشتی، دوووەمیان خانمان دەبێت خۆیان مشوری خۆیان بخۆن بۆ نووسینەوە و بە ئەرشیفكردنی مێژووی خۆیان.
دواتر نووسەر باسی ئەوەی كرد كە (1500) ساڵ پێش زاین خانمانی كورد لە مەملەكەتی میتان كە ڕەچەڵەكی كوردن، وەرزشیان كردووە وگالسكە و ئەسپیان تاوداوە، ئەمەش خۆی بۆخۆی وەرزش بووە لە کاتی جەنگدا کردوویانە، یەكێك لەو خانمانە ناوی (تادۆ هیپا) یە کە خەڵكی وڵاتی میتان بووە، میسرییەكان ناویان نابوو (نفرتیتی)، هەروەها رۆژهەڵاتناسەكان وەك (زەیزەفون) و (ئەولیا چەلەبی) و (مستەر ریچ) و زۆری تر خانمی كوردییان بە ئەسپسوار و شمشێرباز و تەنانەت زۆرانباز ناساندووە.
هەروەها زانای جوگرافی ئەڵمانی هاینریچ كیبرت دەڵێ: ژنانی كورد هەموو ئەسپسوارن، پێش زاین ژنی كورد وەرزشی كردووە، بەڵام لەسەر ئاستی جیهان تا ساڵی 1900 یش بۆ ژن نەبووە تەنەنەت لە ئۆڵۆمپیادیشدا بەشداری بكات، لەبەر ئەوە گەلی كورد پێش هەموو گەلانی جیهان ئازادی بۆ خانمانی كورد دەستەبەر کردووە.
هەر لە باسەکەیدا نانە کەلی ووتی؛ لەیلا بەدرخان  یاری بالێ و خلیسكانی سەربەفری دەكرد، لەیلا ساڵی 1908 لەئیستەنبوڵ لەدایكبووە، ساڵی 1929 یاریزانی خلیسکانی سەر بەفر و بالێ بووە، ساڵی 1986 لە پاریس ماڵئاوایی لە ژیان كردووە.
هەروەها ووتی؛ ساڵی 1973 خانمانی خانەقین بۆیەكەم جار لە كوردستان تیپێکی تۆپی پێیان دامەزراند، هەروەها مەدینە كەرەم ئەنقوسی کە لە تەبلیسی پایتەختی جۆرجیا لەدایكبووە، پزیشكی وەرزشیی تەواو كردووە و لەناوەڕاستی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكاندا وەرزشی كردووە، هەروەها فرمێسك وریا ساڵی 1985یەكەم خانمە وەرزشكار بووە توانیبێتی میدالی زێڕ لە مەغریب بەدەست بهێنێت لەیاری شەترەنجدا، فرمێسك وریا ساڵی 1965 لەدایكبووە، 
لەكۆتاییدا زاگرۆس نانەكەلی باسی مێژووی وەرزشی خانمانی چوار پارچەی كوردستانی كرد كە زۆربەی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی شەشتەكان لە شارەكانی (سلێمانی و سنە ومهاباد و هەولێر و عەفرین و قامیشلۆ و دیاربەكر و دەرسیم و دهۆك و كەركووك).
ماوەتەوە بڵێن ئەمە بۆ یەكەم جارە لە میدیای وەرزشی كوردیدا سمینارێك لەسەر مێژووی وەرزشی خانمانی كورد سازبكرێت كە مێژووەكەی زۆر لەمێژووی یۆنانیەكانیش كۆنتر و دێرینترە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان