وەفدێکی بازرگانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێکهاتبوون لە شێخ ئەحمەد حەمەکەریم و د.هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، سەردانی ئیماراتیان کرد.
لە سەردانەكەدا وەفدی یەکێتی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بازرگانیی نێودەوڵەتی و سەرمایەداران بەمەبەستی برەودان بە وەبەرهێنان و رەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ سەرمایەدارانی بیانی تاوەكو سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بخەنەگەڕ و بەشداربن لە بوژاندنەوەی زیاتری سنوورەكەدا.
لەدرێژەی سەردانەكەدا وەفدی یەكێتی چەند گرێبەستێكیان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان واژۆكرد سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و بونیادنانی چەند كارگەیەك لە بواری خۆراكدا.
بەگوێرەی زانیارییەكان لە میانی دیدارەكاندا، وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی بیانی بەخۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكان كردووە و ئامادەیی تەواویان بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە تاوەكو لە زووترین كاتدا دەست بە وەبەرهێنان بكەن و فاكتەری گەشەپێدانی ئابووریی ناوچەكەبن.