بانیایا و خۆرخی مارتن لە سەختترین ركابەریدا بوون

10:40 - 2023-12-12
وەرزش
146 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل




ئەمساڵ ماتۆڕسوارەكانی مۆتۆ جی پی تا قۆناغەكانی كۆتایی لە لووتكەی ركابەری و ململانێیدا بوون، بەجۆرێك گەیشتە ئەوەی بە دوا قۆناغی ڤالانسیا ریزبەندیی كۆتایی ماتۆڕ سوارەكان و پاڵەوانی ئەمساڵ دیاریی بكرێت كە بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەك فرانچیسكۆ بانیایای ئیتاڵی و ماتۆڕسواری تیپی دۆكاتی بوو بەپاڵەوانی ساڵی 2023 .
مانگی نۆڤەمبەری رابردوو سێ قۆناغی گرنگ و هەستیاری ئەم پاڵەوانێتییە یەك لەدوای یەكە لە مالیزیا و قەتەر و ڤالانسیا كران، دوا قۆناغی ڤالانسیا نازناوی پاڵەوانی بۆ فرانچیسكۆ بانیایا یەكلا كردەوە.
بانیایا لەكۆی ئەو 20 قۆناغەی كران، لە 15 قۆناغی پاڵەوانێتییەكەدا توانی بچێتە سەر پلیكانەكانی سەركەوتنی یەكەم تاسێیەم و لە كۆی ئەو 20 قۆناغە 8 پلەی یەكەمی و 5 پلەی دووەمی و 2 پلەی سێیەمییەكی گرت كە دەكاتە 15 جار، بەم هۆیەشەوە ئەم ماتۆڕ سوارە توانی نازناوی پاڵەوانی ساڵی 2023 بباتەوە.
خۆرخی مارتنی ئیسپانی كە ئەمیش لە هەمان تیپی بانیایایە (دۆكاتی) ركابەرییەكی توندی بانیایا ی كرد و لە كۆی خاڵەكاندا جیاوازییەكی زۆریان نەبوو، تەنانەت بە جیاوازی تەنیا 39 خاڵ لە دوای بانیایاوە هاتو ئەم خاوەنی 428 خاڵ و بانیایا بە كۆكردنەوەی 467 خاڵ نازناوی پاڵەوانی یەكلایی كردەوە.

قۆناغی مالیزیا
وەك لە سەرەتاوە باسمانكرد كە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو سێ قۆناغی كۆتایی ئەمساڵی ئەم پاڵەوانێتییە بەڕێوەچوون، قۆناغی مالیزیا 18 یەمین قۆناغ بوو، 12/11/2023 بەڕێوەچوو، لەم قۆناغەدا بانیایا تەنیا پلەی سێیەمی پێبڕاو ئەم پلەی سێیەمییشە بەس بوو بۆ ئەوەی بتوانێت نازناوی پاڵەوانی ئەمساڵ لە دوو قۆناغی داهاتوودا یەكلا بكاتەوە، لەم قۆناغەدا ئینیا باستیانینی یەكەم و ئەلیكس مارتینێزی ئیسپانی دووەم بوون.

قۆناغی قەتەر
قۆناغی 19 یەم لە قەتەر رۆژی 19/11 كرا، لەم قۆناغەشدا بانیایا دووەم بوو، بەمەش قاچێكی خستە سەر پلیكانەی پاڵەوانی ساڵ و چاوەڕوانی قۆناغی كۆتایی بوو كە رۆژی 26/11 لە ڤالانسیا كرا تا بەیەكجاریی نازناوەكەی ئەمساڵ بۆخۆی یەكلایی بكاتەوە.

قۆناغی ڤالانسیا
لە قۆناغی ڤالانسیادا تەنیا یەك ئەگەری لەبەردەمدا بوو تا ئەمساڵ ببێتە پاڵەوان،  ئەوەیش ئەوە بوو بتوانێت پلەی یەكەمی یان دووەمی بگرێت و نەهێڵێت خۆرخی مارتنی ئیسپانی پێشی بكەوێت، ئەنجامی كۆتاییش هەروا دەرچوو، لەم قۆناغەی ڤالانسیادا پلەی یەكەمی دەستپێك بۆ بانیایا و دووەمیش بۆ خۆرخی مارتن بوو، پێشبڕكێیەكەش زۆر سەرنج راكێش و بەهێز بوو، خۆرخی مارتن چەند جارێك ویستی پێش بانیایا بكەوێت بەڵام سەرجەم هەوڵەكانی بێ سوود بوون.
21 پێچ پێش كۆتایی ئەم قۆناغەی پاڵەوانێتییەكە، خۆرخی مارتن كاتێك دەیویست بچێتە پێشەنگی ماتۆڕ سوارەكان، لەگەڵ مارك ماركیزی ئیسپانی توشی پێكدادان بوو، هەردووكیان بەهۆی ئەم پێكدادانەوە چوونە دەرەوە ونەیانتوانی پێشبڕكێیەكە تەواو بكەن، ئەمەش رێگەی بۆ بانیایا خۆشكرد تا نازناو بۆخۆی یەكلایی بكاتەوە، بۆیە ئیتر نەیویست سەركێشی بكات چونكە ئەوانەی مابوونەوە هیچیان ركابەری نەبوون و لەگەڵ ئەوەشدا پلەی یەكەمی گرت و فابیۆ دی جانا نتۆنیۆ دووەم و یۆهان زاراگۆی فەرەنسیش سێیەم بوو.

ریزبەندیی كۆتایی 2023
1-فرانچیسكۆ بانیایا - ئیتاڵیا (دوكاتی) (467 خاڵ).
2-خۆرخی مارتن- ئیسپانیا (دوكاتی) (428 خاڵ).
3-ماركۆ بیتسیكی- ئیتاڵیا (دوكاتی) (329 خاڵ).
4-براد بیندەر- باشووری ئەفریقا (كەی تی ئێم) (293 خاڵ).
5-یۆهان زاراگۆ- فەرەنسا (دۆكاتی) (225 خاڵ).
6- ئەلیكس ئاسپار گارۆ (ئەپریلیا) (206 خاڵ).
7-مافریك فینالیس-ئیسپانیا (ئەپریلیا) (204 خاڵ).
8- لۆكا مارینی –ئیتالیا (دۆكاتی) (201 خاڵ).
9- ئەلیكس ماركیز-ئیسپانیا (گریسینی) (177 خاڵ).
10- فابیۆ كوارتارارۆ – فەرەنسا (یاماها) (172 خاڵ).

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان