وتەبێژی یەكێتی: كاندیدەكانمان دەبنە دەنگ و رەنگی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك

10:21 - 2023-12-13
کوردستان
460 جار خوێندراوەتەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ئامادەبوونی فریاڵ عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی، دوێنێ لە مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەك لە كادران و ئەندامانی بازنەی 19ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە بانگەشە بۆ لیستی ١٤٢ی كەركوك هێز و ئیرادەمانە دەكەن، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، وتەبێژی یەكێتی، ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی كەركوك و كەركوكییەكان و یەكێتی بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، كرد و وتی: ئەگەرچی دوژمنانی گەلەكەمان لە چەندین قۆناغدا ویستوویانە دیمۆگرافیای كەركوك بشێوێنن و بیگۆڕن، بەڵام بەهۆی قوربانیدانەكانی یەكێتی بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان بەگشتی و كەركوك بەتایبەتی و خەبات و گیانبەخشیی كەركوكییەكان، پارێزگارییمان لە ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك كردووە و بەردەوامیشین. ئاماژەی بەوەشكرد كە «یەكێك لە راسپاردەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی، گرنگیدانی زیاترە بە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، هەر لەو سۆنگەیەشەوە دەمانەوێت لەم هەڵبژاردنەدا جارێكی تر بۆ هەموولایەكی بسەلمێنینەوە كە كەركوك شارێكی كوردستانییە و وەك هەمیشەش جەخت لە پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی پێكهاتەكانی شارەكە دەكەینەوە». لە درێژەی قسەكانیدا، سەعدی پیرە، دەستخۆشی لە ئەندامانی بازنەی 19ی هەڵبژاردن كرد كە لەخۆبوردووانە و بێماندووبوون بانگەشەیەكی سەركەوتوو بۆ هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ دەكەن و وتیشی: كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە دەبنە دەنگ و رەنگی هەموو پێكهاتەكان.
لەكۆتاییشدا، قەڵغانی رێزلێنان بەخشرایە بازنەی 19ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان