ئاسۆ مامەند: کەرکوکییەکان متمانەیان بە کاندیدەکانی یەکێتی هەیە

12:36 - 2023-12-13
کوردستان
489 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە دەڵێت: "جێگەی دڵخۆشییە خەڵکی کەرکوک جۆش و خرۆشیان بۆ هەڵبژاردن هەیە و هەر دەنگێک لە کەرکوک بۆ کورد گرنگە، جەماوەرێکی زۆری کەرکوکیش متمانەیان بە کاندیدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە و دەشزانن یەکێتی ژمارەیەکی زۆر شەهیدی بۆ پاراستنی کەرکوک داوە.
ئاسۆ مامەند، سەرۆکی قەوارەی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە لە دیدارێکی کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستاندا رایگەیاند: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هیچ بارودۆخێکدا کەرکوکی جێنەهێشتووە و هەوڵی پارێزگاریکردنی خەڵکی خۆی داوا لەو شارەدا، وەک کورد و وەکو یەکێتیش خۆمان بەخاوەنی ئەم شارە دەزانین و لەم بارودۆخەی ئێستاشدا کە دەسەڵاتەکان لە دەستی عەرەبدایە رێگریمان لە ناهەقییەکان بەرامبەر کورد و تورکمان کردووە، بۆیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقمان زۆر بە گرنگ زانیوە".
وتیشی، "بەشدارینەکردنی کورد بەیەکەوە زیانێکی زۆری هەبوو بەداخەوە، بەڵام ئێستاش هەر دەنگێک بۆ کورد گرنگە، خەڵکی کەرکوک شایەتی بۆ ئەوە دەدات کە کێ لەگەڵیاندا ماوەتەوە، دەزانن کە ئێمە نەبووین پۆستمان بۆ عەرەب بەجێهێشتووە و ئەو دۆخەی ئێستای کەرکویش لێکەوتەکانی ریفراندۆمە، بۆیە داوایان لێدەکەین بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و نەچونیان خزمەت بە نەتەوەکانی تر دەکات"،.
ئەوەش دەڵێت: "جەماوەرێکی زۆری کەرکوک متمانەیان بە کاندیدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە و دەشزانن یەکێتی ژمارەیەکی زۆر شەهیدی بۆ پاراستنی کەرکوک داوە و ئەوەش قوربانیدانێکی گەورەیە".
سەرۆکی قەوارەی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ئەوەشی وت: "هیچ مەجالێک لەبەردەم کورددا نییە جگە لەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکات، لە ئەگەری سەرنەکەوتنی کورد لە هەڵبژاردندا، غەدرێکی زۆر لە گەڕەکە کوردنشینەکان و کورد و تورکمان بەگشتی دەکرێت و بەرنامەی خراپ داڕێژراوە لە دژی کورد و تاکەڕێگا بۆ رزگاربوون لە سیاسەتی نالەباری ئێستای کەرکوک بەشداریکردنی کارای کوردە لە هەڵبژاردندا، ئێمە وەک یەکێتی بۆ کەرکوک باوەڕمان بەشەراکەتە و کەرکوکییەکان دەزانن ئەگەر کورد زۆرینە بێت لە ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە مافی هەموو پێکهاتەکان بەدەست دێت، ئەوەش جێی دڵخۆشییە خەڵکی کەرکوک جیاواز لە ساڵانی رابردوو جۆش و خرۆشێکی زۆریان هەیە بۆ بەشداری دەنگدان".

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان