سواره نه‌جمه‌دین
مامۆستا محه‌مه‌دی شڵماشی له دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له مه‌ڕ چۆنێتی نووسینی شیعری (عه‌شق و ئازادی) هێمن موكریانی له‌به‌رنامه‌ی په‌نجه‌مۆر، به‌شی دووه‌م، ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: شه‌و دره‌نگێك له ده‌رگایان دا، ژنێك هات، ده‌ستیكرد به گریان، ئه‌و ژنه مه‌علوم بوو، كه ژنی شێخ شه‌هابه، ئه‌و شێخ شه‌هابه‌ی كه ئیعدامیان كرد، ئه‌مری ئیعدامی شێخ شه‌هاب ده‌رچوو بوو، ژنه‌كه‌ی هاتبوو بۆ لای حیزبی دیموكرات، كه كه‌ریمی حوسامی له‌گه‌ڵ سه‌فاره‌تی روسان په‌یوه‌ندی چاكیان هه‌یه، تكایان بۆ بكه‌ن ئیعدامی نه‌كه‌ن، جا ئه‌و شه‌وه زۆر گریا ئه‌و ئافره‌ته، كه رۆیشت مامۆستا هێمن ده‌ستی دایه قه‌ڵه‌مێ و ده‌ستیكرد به قه‌سیده‌یه‌ك:
ئه‌گه‌رچی شه‌و دره‌نگه ساقی بۆم تێكه كه‌مێكی تر
كه‌وا ئه‌مشه‌و سه‌ری هه‌ڵدا له ناخمدا خه‌مێكی تر ...
***
كه فرمێسكم له‌سه‌ر روخساری كیژی دڵشكاو بینی
گوتم: یاخوا له‌سه‌ر سوورگوڵ نه‌بینم شه‌ونمێكی تر...
ئه‌ز نازانم مامۆستا مه‌لا محه‌مه‌دی شڵماشی ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌گێڕێته‌وه، بۆخۆی له‌وێبووه و له ته‌ك هێمندا رۆژی كردۆته‌وه یان نا! لێ به‌نده راسته‌وخۆ له زاری شێخ ئه‌نوه‌ره‌وه چیرۆكی ئه‌و شیعره‌م به جۆرێكی تر بیستووه:
چه‌ند ساڵێك پێش وه‌فاتی شێخ ئه‌نوه‌ر، ئه‌وكات هێشتا ئه‌و به ته‌واوه‌تی بیره‌وه‌ری له‌ده‌ست نه‌دابوو، منیش گه‌نجێكی سه‌رگه‌رم و هه‌وادارێكی سه‌رسه‌ختی شیعر بووم، زۆر رۆژان ده‌چوومه چایخانه‌ی شه‌عب، له‌ته‌ك زۆرێك له نووسه‌ران و شاعیران‌دا گفتوگۆم ده‌كرد و خۆم به شاگردی هه‌موان ده‌زانی، زۆر رۆژان له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌نوه‌ری شاعیر داده‌نیشتین و زیاتر ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد و من گوێم ده‌گرت، باسی گه‌نجی و جوانی خۆی، باسی كتێبخانه‌كه‌ی و لێدان له مولازم موحسین و نووسینی شیعر و گله‌یی له ده‌ور و زه‌مانه و پیربوونی خۆی ده‌كرد، به‌هۆی خراپی زاكیره‌یه‌وه چیرۆكی وا هه‌بوو چه‌ند جارێك بۆی ده‌گێڕامه‌وه و نه‌یده‌زانی بیستوومه، له نێویدا چیرۆكی نووسینی شیعری (عه‌شق و ئازادی) مامۆستا هێمنی بۆ گێڕامه‌وه، ئه‌وه‌ی له خواره‌وه ده‌ینووسم، گه‌ر زاكیره‌م فاریزه و ئیست و پاش و پێشی رسته‌ی لێ تێكدابم، ئاساییه، لێ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی دروست ئه‌وه‌بووه له خۆیم بیستووه، شێخ ئه‌نوه‌ر ده‌یوت:
هێمن موكاریانی هاتبوو بۆ سلێمانی، لێره زۆر بێزاریان كردین، وتی شێخ با بچین بۆ به‌غداد، پێكه‌وه چووینه به‌غداد و له هۆتێل فه‌له‌ستین ماینه‌وه، هۆتێل فه‌له‌ستین، پێك هاتبوو له حه‌ڤده نهۆم، نهۆمی شانزه‌یه‌م مه‌له‌وانگه بوو، نهۆمی حه‌ڤده و كۆتایی باڕبوو، نێوان نهۆمی شانزه و حه‌ڤده كراوه‌بوو، باڕه‌كه به‌چوارده‌وری مه‌له‌وانگه‌كدا له نهۆمی حه‌ڤده‌وه ده‌یڕوانییه خواره‌وه بۆ مه‌له‌وانگه‌كه، سه‌قفی سه‌ره‌وه‌ی نهۆمی حه‌ڤده‌ش شووشه بوو، به شێوه‌یه‌ك ئاسمانت لێوه دیاربوو، له‌و باڕه پێكه‌وه دانیشتبووین ئه‌مانخوارده‌وه، له خواره‌وه كچانی بیانی كه ئه‌وكات بۆ كاركردن ده‌هاتنه به‌غداد، له كچانی روسی و ئۆكرانی و پۆڵه‌ندی و چه‌ندانی تر، له مه‌له‌وانگه‌كه مه‌له‌یان ده‌كرد، هێمن ئه‌و شه‌وه هه‌ر له باڕه‌كه (شیعری عه‌شق و ئازادی) نووسی و له دوا دێڕیشدا ده‌ڵێت:
به‌هار و گوڵ، كچ و مانگه شه‌و، شیعری ته‌ڕ و باده
له‌وه‌ی زیاتر جه‌نابی شێخ گه‌ره‌كته عاله‌مێكی تر
دیاره، به‌هار و گوڵ وه‌سفی كاتی نووسینی شیعره‌كه‌یه، كچ و مانگه شه‌ویش ئاماژه‌یه به‌و كچانه‌ی له مه‌له‌وانگه‌كه مه‌له ده‌كه‌ن و مانگه‌شه‌ویش كه سه‌قفی كۆتا نهۆم شووشه بووه، مانگه شه‌ویان لێ دیار بووه، شیعری ته‌ڕ و باده‌ش، مه‌به‌ست لێی خواردنه‌وه‌ی خۆیان و شیعر خوێندنه‌وه بووه، جه‌نابی شێخ‌یش مه‌به‌ستی له شێخ ئه‌نوه‌ری شاعیر بووه، كه له‌گه‌ڵیدا بووه و له دۆخێكی نیگه‌رانی سلێمانییه‌وه چوونه‌ته شوێنێكی به كه‌یف و سه‌فای به‌غداد.
من ئه‌م چیرۆكه‌م له زاری خوالێخۆش بوو شێخ ئه‌نوه‌ره‌وه بیستووه، كه وه‌كو خۆی ده‌یوت هه‌م سه‌فه‌ری بووه و پێكه‌وه بوون، لێ ئه‌وكات به‌داخه‌وه پیری و نه‌خۆشی ته‌نگی به زاكیره‌ی شێخ ئه‌نوه‌ر هه‌ڵچنی بوو، بۆ رسته‌كان ده‌وه‌ستا، بیری ده‌چووه‌وه له كوێدا بووه، نه‌یده‌توانی بیان به‌ستێته‌وه به یه‌كه‌وه.
هێمن ده‌ستی داوه‌ته
قه‌ڵه‌م و ئه‌و شیعره‌ی نووسیوه
به‌پێی چاپی یه‌كه‌می دیوانی (ناڵه‌ی جودایی) كه له به‌غداد ساڵی 1979 له چاپخانه‌ی (علا‌ء) چاپكراوه و له كتێبخانه‌ی نیشتمانی ژماره (85) ساڵی 1979 دراوه‌تێ و نرخی (400 فلس) بووه، هێمن ئه‌و شیعره‌ی ساڵی 1977 نووسیوه، به‌ڵام رۆژی نووسینه‌كه‌ی تیادا تۆمار نه‌كردووه، لێ به‌پێی شیعره‌كه و دوادێڕی بێت له به‌هاردا نووسراوه. واته شیعره‌كه‌ی هێمن له به‌هاری ساڵی 1977دا نووسراوه.
به‌ڵام!
مامۆستا محه‌مه‌دی شڵماشی ده‌ڵێت: ئه‌و شیعره بۆ هاوسه‌ری شه‌هید خاڵه شه‌هاب نووسراوه، كه دره‌نگانی شه‌وێك خۆی كردووه به ماڵی هێمندا و هاتبوو تا كه‌ریمی حیسامی تكایان لای سه‌فاره‌تی روس بۆ بكات، بۆی له سێداره‌ی نه‌ده‌ن، دوای ئه‌وه‌ی ژنه‌كه رۆیشتووه، هێمن ده‌ستی داوه‌ته قه‌ڵه‌م و ئه‌و شیعره‌ی نووسیوه.
به پێی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه بێت، هێمن ئه‌و شیعره‌ی پێش 1976/11/21 نووسیوه، له‌كاتێكدا خۆی له دیوانه‌كه‌دا نووسیویه‌تی 1977 نووسیویه‌تی. له لایه‌كی دیكه‌وه ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه و به‌سه‌رهات و بابه‌تی شه‌هید خاڵه شه‌هاب زۆر دوورن له یه‌كتره‌وه، بۆیه پێموانییه، ئه‌و شیعره بۆ ئه‌و رووداوه یان بۆ هاوژینی شه‌هید شه‌هاب نووسرابێت. به‌پێی نیوه دێڕی یه‌كه‌می شیعره‌كه، پێناچێت ئه‌و شیعره له ماڵدا نووسرابێت (ئه‌گه‌رچی شه‌و دره‌نگه ساقی بۆم تێكه كه‌مێكی تر) وه به‌پێی نیوه دووه‌می دێڕی یه‌كه‌م (كه‌وا ئه‌مشه‌و له ناخمدا سه‌ری هه‌ڵداوه خه‌مێكی تر) گێڕانه‌وه‌كه‌ی مامۆستا محه‌مه‌د شڵماشی رێی تێده‌چێت.
بۆ هاوژینی سه‌ركرده‌یه‌ك نووسیوە
له لایه‌كی تره‌وه، گێڕانه‌وه‌كه‌ی شێخ ئه‌نوه‌ر، چه‌ند خاڵێكی ناكۆكی تێدایه:
هۆتێل فه‌له‌ستین، ساڵانی حه‌فتاكان ده‌ستكراوه به دروستكردنی، ساڵی 1982 كراوه‌ته‌وه، وه ئه‌و هۆتێله پێكهاتووه له هه‌ژده نهۆم نه‌ك حه‌ڤده نهۆم. جا نازانم شه‌پڕێوی بیره‌وه‌ری شێخ ئه‌نوه‌ر ناوی هۆتێله‌كه‌ی لێ شێواندوه، یان چیرۆكه‌كه خه‌یاڵكردی خۆیه‌تی؟ یان وه‌كو شوێن و كات لای شێخ ئه‌نوه‌ر ترازه و ده‌شێت چیرۆكه‌كه له شوێنی تر روویدابێت. شوێنێك وه‌كو باڕێكی كه‌م نهۆمی به‌غداد، چونكه ئه‌و چیرۆكه له هۆتێل فه‌له‌ستین رووی نه‌داوه!. لێ به‌پێی ناوه‌ڕۆكی عاشقانه‌ی شیعره‌كه، زیاتر گێڕانه‌وه‌كه‌ی شێخ ئه‌نوه‌ر به‌جێتره، شیعری (عه‌شق و ئازادی) كه زۆرینه به ده‌نگه زوڵاڵه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌مه جه‌زا بیستوومانه، زیاتر شیعرێكی عاشقانه‌یه و باس له جودایی و خه‌مێكی گه‌وره‌ی دابڕان ده‌كات (نه‌ما خانی هه‌تا چیرۆكی عه‌شقی ئێمه داڕێژێ... ده‌نا هێشتا له كوردستان ده‌ژین زین و مه‌مێكی تر) ئه‌م شاكاره‌ی مامۆستا هێمن، سه‌رشاره له وێنه‌ی عاشقانه و برینی دابڕان، هیچ رێی تێناچێت، شیعرێكی وا بۆ هاوژینی سه‌ركرده‌یه‌ك نووسرابێت، كه له‌سه‌روبه‌نده‌ی له سێداره‌داندا بێت، ده‌شێت هێمن كاتێك ئه‌و دۆخه ناله‌باره‌ی بینیبێت، تێهه‌ڵكێشی كردبێت، به تایبه‌ت كه شیعره‌كه ناوی (عه‌شق و ئازادی)یه.
هه‌ڵبه‌ت مامۆستا محه‌مه‌د شڵماشی هێشتا له ژیاندایه و ده‌كرێت روونكردنه‌وه‌ی زیاتر لای جه‌نابیان بێت، جێگای خۆیه‌تی روونكردنه‌وه‌ی زیاتر بدات، ره‌نگه ئه‌م دوو چیرۆكه له جێگایه‌كدا یه‌كبگرنه‌وه، كه له بیره‌وه‌ی مامۆستا محه‌مه‌دی شڵماشیدا هه‌بێت.