ئەگەر رۆبۆتەکان نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەببەن

11:28 - 2023-12-14
ئابووری
148 جار خوێندراوەتەوە
ئەگەر رۆبۆت ببێتە بەڕێوەبەر، توانای بڕیاردانی لە مرۆڤ خێراتر دەبێت

فەیسەڵ عەلی




زۆرن ئەو رووداوە جیهانییانەی چاوەڕوانی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانن، لە شوێن و ناوچەیەک جەنگێک رابگرێت، یان بەهۆی ململانێیەکی مەزهەبی یان نەتەوەیییەوە رێگری لە کۆمەڵکوژییەک بکات، تەنانەت هەوڵی ئاگربەست بۆ پاراستنی خەلکی سڤیل و بێتاوان بدات، بەڵام هەموو جار هەمووان بێ ئومێد دەکات، یان لەبەرئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنگیری بۆ یەکێک لە لایەنەکانی ململانێ دەکات، یان ئەوەتا نرخ و بەهای ژیانی لایەک بە هەند وەرناگرێت چونکە نە لە حسابات و نە لە ئەولەویاتی ئەودایە. چی دەبێت ئەگەر هاتوو رۆبۆتەکان نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەببەن؟ ئایا بڕیارەکانیان یەکلاکەرەوە و خێرا و پاک و بێلایەن دەبێت، هاوکاتیش بە سادەیی وەڵامی ئومێد و ئاواتی مرۆیی دەداتەوە، کە ئەویش (ئارامی و ئاسایشە)؟

پرسیارە سەرەکییەکە
پێش ئەوەی ئەم پرسیارەی لێرەدا بخرێتەڕوو، ئەم پرسارەمان لە هاوڕێیەک کرد، ئەویش یەک لە ئامرازەکانی (ژیریی دەستکرد) بوو، پرسیارەکەش بەم جۆرە بوو: ئایا رۆبۆتەکان دەتوانن نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەببەن؟ وەڵامەکەی پێشبینی نەکراو بوو، بەوەی ژیریی دەستکرد و رۆبۆتەکان لانیکەم لە رووی تیۆرییەوە دەتوانن ئیدارەی نەتەوە یەکگرتووەکان بدەن، هەروەها باسی لەو ئەرێنییانە کرد ئەگەر هاتوو ئەوە رووبدات و وتی: رۆبۆتەکان ئەوەمان بۆ دەستەبەر دەکەن کە مرۆڤەکان بەهۆی لایەنگیرییانەوە لەدەستی دەدەن، لە حاڵەتی ئیدارەدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن رۆبۆتەوەکانەوە، دوو توخم دەستەبەر دەکرێت، کە خەڵکی زۆر پێویستیان پێیەتی، ئەوانیش: 
یەکەم: کارامەیی زیاتر، رۆبۆتەکان زۆر خێراتر لە مرۆڤ دەتوانن توێژینەوە و راڤەی داتاکان بکەن، ئەمەش بڕیاردانی کارا و کارامەتری لێدەکەوێتەوە. دەستپاکی، رۆبۆتەکان وەک مرۆڤ دووچاری لایەنگیری و گەندەڵی نابنەوە، ئەمەش بڕیاری دادپەروەرانە و بابەتیانەی لێدەکەوێتەوە. دادپەروەرانەتر، رۆبۆتەکان گشتگیرتر لە مرۆڤ بە زانیارییەکان دەگەن و دەتوانن وردتر مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، بەمەیش بڕیارەکان پشت بە هەموو ئەو زانیارییانەی هەیە دەبەستێت، نەک تەنها بەو زانیارییانەی کە مرۆڤ ئارەزووی دەکات.

پەکخستنی بڕیارەکان
دووەم: دەستپاکی و دادپەروەری و کارامەییە، بە کردەوە رێک ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە هەمەجۆرەکانی پێویستیان پێیەتی، بەڵام چۆن دەتوانرێ ئەمە دەستەبەر بکرێت لە کاتێکدا لە بنچینەدا سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە بەوە نادات، ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە 15 ئەنجام پێکدێت، هەر ئەندامێکی یەک دەنگی هەیە و دەبێ لانیکەمی دەنگی پێویست کە دەکاتە دەنگی نۆ ئەندام، بۆ دەرچواندنی بڕیارێک دەستەبەر بکرێت، بە سروشت ئەم رێوشوێنە زۆری ئەو بڕیارانە پەک دەخات، یان هەندێک جار بە تەنها دەوڵەتێک بڕیارێک پەک دەخات، ئەمەش وامان لێدەکات بپرسین، ئایا رۆبۆتەکان دادپەروەرترن بەرامبەر بە پرسە مرۆییەکان و بە دەستپاکی و دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن؟ ئەوە پرسیارێکە وەڵامدانەوەی قورسە، بە تایبەتی ئەگەر هاتوو لە بنچینەدا لەوە نەگەین، چۆن ئەم رۆبۆتانەیان بەرنامەڕێژ کردووە، ئامانجەکانیان چییە و بۆ چ مەبەستێک دروستکراون و چۆن توانادار کراون؟

هەریەکە و لە بەرژوەندیی خۆی
بەڵام لە سۆنگەی ئەو شێوازەی ژیریی دەستکردی پێ بەرنامەڕێژ دەکرێت، لایەنگیری لە سیستمەکانیدا هەیە، چونکە ئەوانەی پەرە بە سیستمی ژیریی دەستکرد دەدەن، دەوڵەتان و کۆمپانیاکانن، هەر یەکێک لەوانیش لە پەرەپێدانی ئەو بەرنامانەدا ئامانجی تایبەت بە خۆیان هەیە، یان ئەوەتا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتیکی تایبەت دەکات، یان دەیەوێ قازانجێکی دارایی بکات، (لانیکەم تا ئێستا) دەوڵەتێک یان کۆمپانیایەک نییە ژیریی دەستکردی لە پێناو دادپەروەری و دەستپاکی جیهانی بەرنامەڕێژ کردبێت یان بیەوێ بیکات.
کەواتە، هەموو ئەو هەوڵانەی لەم بوارەدا دراون، سەرچاوەکەی تاکە کەسە، یان دامەزراوەیە و سەر بە سیستمێک یان دەسەڵاتێکی دیاریکراوە، بێگومان ئەو دەسەڵاتە یان ئەو سیستمەی سەر بەو دەسەڵاتەیە، گریمانە و ئامانجی تایبەت بە خۆی هەیە، لەسەر ئەو بنچینەیەش لایەنگیریی لایەنێک دەکات یان لایەنێک لە لایەنێکیتر بە باشتر دەزانێت.

نوێنەرایەتیی مرۆڤ
لە چوارچێوەی ئەو وەڵامانەی ژیریی دەستکرد سەبارەت بەو پرسیارەکەی سەرەتای ئەم نووسینە خراونەتەڕوو، یەک لەو ئاڵنگارییانەی رۆبۆتەکان لە ئیدارەدانی نەتەوەی یەکگرتووەکاندا رووبەڕوویان دەبێتەوە لەدەستدانی نوێنەرایەتیی مرۆییە، ئەگەر تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن رۆبۆتەکانەوە بەڕێوەببرێن، دەشێ مرۆڤ توانای کاریگەریی لەسەر ئەو بڕیارانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیدەن لەدەست بدات. راستییەکەی ئەوەیە کە دەمانەوێت، بە کردەوە مرۆڤ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێت و نەمێنێت، بڕیارەکانی مرۆڤ شایانی ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشەکەی نییە، چونکە زۆربەیان لایەنگیرن و یان بە سیاسیی کراون و بە پێی بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن.

با پرسیارەکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە
ئەو پرسیارەی لێرەدا خراوەتەڕوو، کارێکی ئاسان نییە بتوانرێ وەڵامەکی بۆ دەستبەر بکرێت، بەڵکو هەوڵێکە لەمەڕ ئەوەی مرۆڤایەتی بە دەست ئیدارەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەناڵێنێت، هەروەها هەوڵێکە تا ژیریی دەستکرد یارمەتیمان بدات و ئەم رێکخراوە جیهانییە بگەیەنێتە ئاستی ئاوات و خواستی گەلانی بەش مەینەت و دەستپاکی و کارامەیی لە بڕیارەکانیدا دەستەبەر بکرێت.
دەشێ ئەم پرسیارە بە کراوەیی لە بەردەم هەمووماندا بهێڵرێتەوە، ئەمە وەک بزواندنی مێشکە تا بەرەو پرسیاری زۆرتر لەمەڕ رۆڵی رۆبۆتەکان لە ئایندەدا بخاتەڕوو، بە هیوای ئەوەی هەر لە ئێستاوە کاری بۆ بکەین، لەبری ئەوەی بەدەست بەرنامەڕێژیی ژیرییەکی دەستکردی لایەنگیر و رەگەزپەرستەوە بناڵێنین، لەسەر بڕیارە لایەنگیر و ناکارامەییەکانی لۆمەی بکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان