36 ساڵ بەسەر شەهیدکردنی فەرماندە، هەوار گەرمیانی و هاوڕێکانیدا تێپەڕدەبێت

05:29 - 2024-04-28
کەلتور
117 جار خوێندراوەتەوە

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە 28 - 4 - 1988  دا،  فەرماندە ( هاوار گەرمیانی) و دوو لە هاوڕێکانی لە شەڕێکی دەستەویەخەدا شەهیدبوون.
هاوار  گەرمیانی ناوی تەواوی ، حیسام عەبدوڵڵا محەمەد و  لە ساڵی 1958 لە گوندی خەیاڵ سەربە ناحیەی قورەتووی قەزای خانەقین لەدایکبووە، لەبەر ئازایەتی و جوامێری ساڵی (1984) کراوە بە فەرماندەی مەفرەزە و  لە شاڵاوی ئەنفالی یەکدا لە کۆتایی مانگی 2 ⁄ 1988 بە فەرمانی شەھید حەمەڕەش کراوە بە فەرماندەی کەرتی 5ی حەمرین و رۆڵی گرنگی هەبووە  لە رووبەڕووبونەوەی  ھێزەکانی سوپای داگیرکەری بەعسدا.
 لە 28 - 4 - 1988 پاش شەڕەکانی قۆناغی یەک و دوو و سێی شاڵاوێ ئەنفالدا پاش ئەو گورزە بە ھێزەی کە لەسەر دەستی فەرماندە شەھید ھاوار و ھەڤاڵەکانی لە گوندی زەڕینی گەرمیان لە سوپای بەعس کەوت، دەزگای هەواڵگریی عەسکەری بەعس، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنەکەیان، بە سێ  مەفرەزی  تایبەتی جاش و سرییەکی قوات خاسە لە گوندی (نازێیەکان)، خۆی و دوو پێشمەرگەی هاوڕێی  گەمارۆ  دەدەن و پاش شەڕێکی سەخت، دواتر کەفیشەکیان پێ نامێنێت، ھاوار گەرمیانی و  ھەڤاڵەکانی شەھید دەکرێن، دوو شەھیدی تر بەناوی، کەریم کۆمەنیست و نوردین عەبدوڵڵا، دوای شەھیدکردنیان تەرمەکانیان سەرنگوم دەکرێت تا ئێستاش  نازانرێت لە کوێن،
ئەو سێ مەفرەزەیەش کە ھەستان بە ئەنجامدانی ئەو کارە ھەر یەکەیان  ئۆتۆمبێلێکی جۆری شۆفرلێت و 50 ھەزار دیناری سویسریان وەک خەڵات پێدرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان