ئەمڕۆ زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار دەنگدەری تایبەت بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا دەكەن و مافی دەنگدانیان هەیە كە لە 15 پارێزگای عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی باوەڕپێكراوەكانی سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەرڵبژاردنەكانی عیراق و مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە وەریگرتووە، 1.002.393 دەنگدەری تایبەت لە هێزە ئەمنییەكان و ناوخۆ و سوپا لە سەرتاسەری عیراق مافی دەنگدانیان هەیە.
پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سەعات 7:00ی سەرلەبەیانییەوە لە 565 ناوەندی دەنگدان لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و بڕیارە سەعات 6:00ی ئێوارە كۆتایی بە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بهێنرێت، بۆ چاودێری پڕۆسەکە و رێگری لە هەر پێشێلکارییەک 11 هەزار کامێرای چاودێری لە بنکە و وێستگەکانی دەنگداندا دانراون.
بەگوێرەی رێنماییەكانی كۆمسیۆن دەنگدەری تایبەت لە وێستگەی دەنگدانەكەدا لە لایەن تیمی سەرپەرشتیاری كۆمسیۆنەوە داوای ناسنامەی فەرمانگەكە و كارتی نیشتمانی و ناسنامەی تایبەت و كارتی بایۆمەتری دەنگدانی لێدەكرێت، بەڵام كارتی بایۆمەترییەكەی لێوەردەگیرێت و پسووڵەیەكی پێدەدرێت، بەوتەی سەرپەرشتیارێكی بنكەی دەنگدان كە بۆ PUKMEDIA بەبێ ناوهێنان قسەیكرد وتی: "وەرگرتنی كارتی بایۆمەتری دەنگدان لە دەنگدەرانی تایبەت بۆ ئەوەیە كە نەتوانرێت هەمان كارت لە دەنگدانی گشتی بەكاربهێنرێت، هەرچەندە لیستی ناوی دەنگدەرانی تایبەت و گشتی جیایە و پێویستە دەنگدەر ناوی لە یەكێك لەو لیستانەدا هەبێت ئەوكات بۆی هەیە دەنگ بدات".
لە هەرێمی كوردستانیش ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەو پێیەی نزیكەی 54 هەزار دەنگدەری تایبەت هەن، كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانییە كە 23 هەزار و 402 كەسە و لە هەولێریش 15 هەزار و 492 دەنگدەری تایبەت هەیە و لە دهۆكیش 14 هەزار و 788 دەنگدەری تایبەت هەیە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق 134 لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن کە 39 هاوپەیمانی و 29 حزب و 66 کاندیدی سەربەخۆن، کە نزیکەی 40 رۆژە بانگەشە بۆ لیست و کاندیدەکانیان بەردەوامبوو، رۆژی دووشەممە 18-12-2023 دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.