کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق رایدەگەیەنێت کە تەواوی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان لە رێگەی کامێراوە چاودێریی دەکرێن.
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "کۆمسیۆن لە پارێزگاکاندا چوارجار ئامێرەکانی دەنگدانی بە بەرچاوی دامەزراوە رەسمییەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و پسپۆڕانی یارمەتیدەری هەڵبژاردن لە یۆنامی تاقیکردوەتەوەو پڕۆسەکە 100٪ سەرکەوتووە".
عومەر ئەحمەد وتیشی، "کۆمسیۆن چەندین پێوەری لەبارەی کارئاسانی بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی، ناوخۆیی و راگەیاندکاران و بریکاری لایەنە سیاسییەکان گرتوەتەبەر، لەپێناوی پاک و بێگەردی هەڵبژاردنیش، تەواوی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان لە تەواوی پارێزگاکاندا لە رێگەی کامێراوە چاودێری دەکرێن".