عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەم هەڵبژاردنە شێوازێکی نوێی خەباتە بۆ ئەوەی بگەین بە مافە رەواکانمان.
عیماد ئەحمەد وتی، "خەباتێکی چەکداری دوور و درێژمان کردووە بۆ عیراقی نوێ و دیموکراسی، ئەمڕۆ خەباتەکە گۆڕاوە بۆ هەڵبژاردن، هەر لایەکیش لەم خەباتەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت دەتوانێت سیاسەت و بەرنامەی خۆی جێبەجێ بکات، هەر بۆیە دڵنیاین لە گەلی کوردستان و خەڵکەکەمان کە بە جۆش و خرۆشەوە دەچن بەدەم ئەم خەباتەوە".
عیماد ئەحمەد وتیشی، "سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە، سەرکەوتنە بۆ گەلەکەمان، وەک کورد و وەک یەکێتی پێمان خۆشە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی ناو عیراقدا بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بژین و بەحەقی خۆمان بگەین، ئەوەش لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە بەدیدێت".
لەبارەی کەرکوکیشەوە عیماد ئەحمەد وتی، "مام جەلال دروشمی ئەوەی هەبوو کە کەرکوک قودسی کوردستانە، ئێمەش ئەو ناوچانە وەک بیلبیلەی چاومان دەپارێزین و دەتوانین بەم دەنگدانە شوێن و پێگەی خۆمان لە ئەنجومەنی پارێزگاکان بپارێزین و کوردستانیبوونی کەرکوک بسەلمێنین".
عماد ئەحمەد باسی لە پلانی یەکێتی کرد بۆ پاش هەڵبژاردن و وتی، "وەک یەکێتی پلانمان ئەوەیە پاش هەڵبژاردن کەموکوڕییەکان نەهێڵین و ئەو بەرنامەیەی کە هەمانە و خۆی لە حکومڕانیەکی رەشید و ئازادیدا دەبینێتەوە، جێبەجێی بکەین، بۆ ئەوەی روحی شەهیدەکانمان شاد بکەین".