وتەبێژی یەکێتی داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەگوڕوتینەوە بچن بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەڵێت: "هەموو دەنگێک گرنگی هەیە و پێویستە کەمتەرخەمی نەکەین لە بەشداریکردن لە دەنگداندا".
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: "لەو ناوچە جێناکۆکانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیستی هەیە، بۆ هەڵبژاردن هەنگاومان ناوە، کە لە دۆخی ئێستادا دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەرێگای هەڵبژاردنەوە دەبێت و گۆڕانکاریش بە یەکێتییەکی بەهێز دەبێت".
دەشڵێت، "هەموو دەنگێک گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەتی بۆ کورد، پێویستە کەمتەرخەمی نەکەین لە بەشداریکردن لە دەنگداندا، چونکە دەنگدان لەپێناوی خاکە نەک بیروباوەڕی سیاسی ، ئەو خاکەی چەندین ساڵە داگیر دەکرێت".
وتەبێژی یەکێتی ئەوەشی وت: "بۆ ئەوەی پێکەوە ژیان مسۆگەر بکەین و هاووڵاتیان ئازاد بن لە بیروڕاکانیان و رێگا بە هێزی داپڵۆسێنەر نەدرێت هاووڵاتی بخاتە کونجی زیندان و بەعەرەبکردن روونەداتەوە، دەبێت دەنگ بدەن".
سەعات 7ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 16-12-2023، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق دەستیپێکرد، کە تێیدا راگوێزراوان و هێزە ئەمنییەکان دەنگ دەدەن، هەروەها پڕۆسەکە تا سەعات 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن ملیۆنێک و 2 هەزار و 393 دەنگدەری تایبەت و 48 هەزار و 260 راگوێزراو بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.