قوباد تاڵەبانی: ئەركی بەرپرسان و كادرانی یەكێتی ئەوەیە بەدەم داواكاریی هاووڵاتییانەوە بچن

09:53 - 2023-12-17
کوردستان
739 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، سەردانی خانەقینی كرد و لەگەڵ شێركۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەند و ئەندامانی مەڵبەندی خانەقینی یەكێتی، كۆبووەوە.

كاندیدەكان پاش سەركەوتنیان، ببنە خزمەتكاری خەڵك، چونكە ئامانجی بەرپرسیارێتی؛ دەبێت خزمەتكردن بێت نەك بەرژەوەندیی تایبەت
لە كۆبوونەوەكەدا، كە بە ئامادەبوونی دكتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد نوێنەری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ئەنجومەنەكانی یەكێتی بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی ئێستای خانەقین و ئەو كێشە و گرفتانەی رووبەڕووی دانیشتوانی خانەقین دەبنەوە.
سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، دوای گوێگرتن لە بیروبۆچوونی ئەندامانی مەڵبەند، رایگەیاند: ئەركی بەرپرسان و كادرانی یەكێتییە لەناو خەڵكدابن و بەدەم داواكارییەكانی هاووڵاتییانی خانەقینەوە بچن، چونكە داواكاریی دانیشتوانی خانەقین، داواكاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، باسی هەڵبژاردن كرا. لەوبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بە گرنگیی بەشداریی هاووڵاتییان كرد لە هەڵبژاردنەكاندا و داوایكرد: بەرپرسان و كادرانی یەكێتی هەموو هەوڵێك بدەن تا خەڵكێكی زیاتر بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن. «بە چاوكراوەییەوە چاودێریی پڕۆسەكە بكەن و یارمەتیدەربن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا بەشێوەیەكی پاك و بێگەرد تا مافی دەنگدەران نەفەوتێت». وتیشی: كاندیدەكان پاش سەركەوتنیان، ببنە خزمەتكاری خەڵك، چونكە ئامانجی بەرپرسیارێتی؛ دەبێت خزمەتكردن بێت نەك بەرژەوەندیی تایبەت.

كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لێپرسراو و ئەندامانی مەڵبەندی گەرمیان
لەلایەكی دیكەوە، قوباد تاڵەبانی، سەردانی كەلاری كرد و لەگەڵ لێپرسراو و ئەندامانی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتیدا، كۆبووەوە.
لە دەستپێكدا، قوباد تاڵەبانی، بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان، پیرۆزبایی لە سالار مەحمود كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە نوێیەكەیدا و داواشی لە ئەندامانی مەڵبەند كرد وەك یەك تیم پێكەوە هاوكاریی سالار مەحمود بكەن بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەكانی یەكێتی لە دەڤەری گەرمیاندا.
لە كۆبوونەوەكەدا، باسی گیروگرفتەكانی دەڤەری گەرمیان كرا، دوای گوێگرتن لە ئەندامانی مەڵبەندی یەكێتی، سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، رایگەیاند: بڕیاری پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە داواكاریی هاووڵاتییان داواكاریی یەكێتی-شە، هەربۆیە ئەركی بەرپرسان و كادرانی یەكێتی بەر لە هەر كەس و لایەنێكی دیكە، ئەوەیە بەدەم داواكاریی هاووڵاتییانەوە بچن و ببنە دەنگ و رەنگی هاووڵاتییان، بەتایبەتیش بەدواداچوون بۆ كێشەكانی هاووڵاتییان بكەن لەناو دامودەزگاكانی حكومەت لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و رێگربن لە هەر جۆرە پێشێلكارییەكی یاسایی، كە بەرامبەر بە هەر هاووڵاتییەك بكرێت.
قوباد تاڵەبانی، رێكخستنەوەی باشتری ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە سنووری هەر مەڵبەندێكدا بەپێویست زانی و ئاماژەشی بە گرنگیی مەڵبەندی گەرمیان كرد و داوایكرد كاری مەڵبەند كارێكی نموونەیی بێت تا باشتر خزمەتی گەرمیانییەكان بكرێت.

 

 

# قوباد تاڵە‌بانی #هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان