ئەنسرۆپۆلۆجیای ئابووری، هزرێکی نوێی مەعریفییە

10:24 - 2023-12-17
ئابووری
326 جار خوێندراوەتەوە
#ئەم زانستە لە کشتوکاڵی سەرەتاییەوە تا دەگات بە نوێترین شێوازی بەرهەمهێنان دەگرێتەوە

فەیسەڵ عەلی
ئابووری، هێشتا بە یەکێک لە گرنگترین ئەو زانستانە دادەنرێت کە لەگەڵ زانستەکانی تردا تێهەڵکێشە و تەواوکەریانە، تا پێکەوە ببنە ئاوازێکی هزری یەکگرتوو، ئەوەی ئەم زانستەی جوان کردووە، پەیوەستبوونی تەواو و بەردەوامیەتی بە ژیانی مرۆییەوە، هەموو چرکەیەکی ژیانمان ئابوورییە. گرنگیی ئەم زانستە لە لایەنی مومارەسەی زانستی و چالاکییەکانیەتی، تا بۆتە بڕبڕە و دڵی ئەو چالاکییانەی ئێمەی مرۆڤ ئەنجامیان دەدەین، لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە خێرایانەی ئەمڕۆ، ئامادەیی ئابووری بە پێی قۆناغەکانی زەمەن و پەرەسەندنەکانی و زانستە نوێیەکان واقیعی نوێ بەرجەستە دەکات.

قۆناغی ئایندەی ئابووری
ئابووری چۆتە نێو زانستە نوێیەکانەوە، بیرمەندە ئابوورییەکان تیۆریی و هزری ئابوورییان بۆ داڕشتووە تا لەگەڵ ئەو زانستانەدا بێتەوە، بۆ نموونە، پەتای کۆرۆنا گرنگیی قۆناغی ئایندەی ئابووری و تێڕوانینی نوێی ئایندەی دەرخست، کە لەسەر بنچینەی تێکەڵکردنی زانستی ئابووری بە مەعریفە و پەیوەستکردنی بە زانستە نوێیەکان و دەرچوونی لەو زانستە تەقلیدییەی کە فێری بووین، دوای ئەو بازدانە گەورەیەی لە پەرەسەندنی چەمکی زانستە هەمەجۆرەکاندا هاتوونەتەدی، بەو شۆڕشە تەکنۆلۆجیایە و پەیوەستکردنی بەو واقیعەی ئەمڕۆمانەوە، چیدی بازاڕ و چالاکییە نوێیەکانی ئابووری پێویستی بە زانستە تەقلیدییەکە نییە. ئەمە تەنها بۆ زانستی ئابووری راست نییە، بەڵکو بۆ تەواوی زانستەکانی تریش راستە، بە جۆرێک کە کارامەیی و مەعریفە و پێویستی، بوونەتە سێگۆشەی پیشە لە بازاڕی کار و ئایندەی چالاکییە ئابوورییەکاندا. 

چەمکی نوێی زانستی
هەروەها پێ بە پێی رۆیشتنی زانستی ئابووری لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکانی بوارە هەمەجۆرەکانی زانستیدا، بەرەو گرنگیی پەیوەستکردنی هزر و چەمکە نوێیە زانستی و کلتورییەکان بە زانستی ئابوورییەوە دەمانبات، بە دوایشیدا بۆ داڕشتنی مۆدێل و لقی پسپۆڕیی نوێی ئابووری پەل دەکێشێ.
ئەنسرۆپۆلۆجیای ئابووری
(Economic anthropology)، یەکێکە لە گرنگترین پسپۆڕییە نوێیەکان، وەک جۆرج دالتۆن (George Dalton) پێناسەی دەکات بەوەی: «ئەو زانستەیە کە توێژینەوە لەسەر سروشت و سیمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کارلێکە مرۆییەکان دەکات، کە لێوەی پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی لێدەکەوێتەوە و پێوەشی پەیوەستە». واتە ئەو زانستەیە کە رەفتار (زانستی مرۆڤ) و ئامرازەکانی (ئابووری و چالاکییەکانی) بە یەکەوە گرێدەدات، تا بە مرۆیی کردنی ئابووری یان تا بە ئابووریی مرۆیی بگات، لە رووی رووکەشەوە، پەیوەندییەکە خۆی لە تەوزیفکردنی تیۆریی ئابووریدا دەبینێتەوە، تا بە پێی رەفتاری مرۆیی و لۆجیکی بڕیاردانی و بە پێی دەرامەتە فەراهەمبووەکان بەرزترین ئاستی بژاردە و تێربوون دەستەبەر بکات، کە لە هەمان کاتدا ئەو دەرامەتە ئابوورییانە سنووردار و دەگمەنن، پاشان پێدراوی رەفتار وەک بەرهەمی رەهەندی کلتوری و کۆمەڵایەتی کاریگەر لەسەر ئەو بڕیارانە دێن.

رەهەندە مرۆییەکان
هەروەها چەمک و توێژینەوەکانی ئەنسرۆپۆلۆجیا لەگەڵ پێدراو و پراکتیزەکردنەکانی ماکرۆئابووری تێهەڵکێش دەبن، وەک ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بزاوتی سەرمایە و وەبەرهێنان و قازانج و بازاڕ و ئەو راڤەکردنانەی کە بە کۆمەڵگەکان و مۆدێلەکان و کلتورە جیاوازەکانیانەوە پەیوەستن، لێرەڕا گرنگیی ئەنسرۆپۆلۆجیای ئابووری دەردەکەوێت، تا لە رەهەندی مرۆییەوە راڤەی پرسە ئابوورییەکان بکرێت، کە تەرکیز لەسەر دیاریکراوە کلتورییەکان لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەکاربردن دەکات.
کارل پۆلانیی
(1964-1886 - Karl Polanyi)، کە دیارترین مێژوونووسی ئابووریی سەدەی بیستەمە، بە باوکی ئەنسرۆپۆلۆجیای ئابووری دادەنرێت و دامەزرێنەی ئەو قوتابخانەیەشە وەک لقێکی جیای مەعریفی، ئەمەشی لەو کتێبەیدا کە ساڵی 1944 بە ناونیشانی (گۆڕانی گەورە) بڵاوکردەوە باسکردووە. هەر لەو کتێبەدا باسی لە پەرەسەندنەکانی بازاڕی ئازاد و پەرچەکرداری کۆمەڵگە و ئاسۆی بازاڕ و ئازادبوونی لە سەدەی نۆزدەیەمدا کردووە، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە گەورە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی باسکردووە، کە لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە روویانداوە.

شایەنی گفتوگۆی زیاترە
لێرەوە لە میانی ئەنسرۆپۆلۆجیای ئابوورییەوە دەتوانرێ خۆشگوزەرانیی ئابووری لە رێی باشتر بەگەڕخستن و پاراستنی دەرامەتە ئابوورییەکانەوە دەستەبەر بکرێت، هەروەها پابەندەی بەرزی بەکاربردن و گرێدانی بە کلتور و رەفتاری بەکاربەر و شێوازی بەکاربردن و پەیوەندیی بە پاشەکەوت و وەبەرهێنانەوە لای تاکەکەس شرۆڤە دەکات.
بە گشتی، زانستی ئابووری نابێ زانستێک بێت و بە تێپەڕبوونی کات و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی روودەدەن تەنها خۆی کۆپی بکاتەوە، بەڵکو دەبێ نەرمییەکی هەبێت تا بتوانێ لەگەڵ پەرەسەندنی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا پەرە بەخۆی بدات و هاوشانی هزر و چەمکە نوێیەکان لەسەر بنچینەیەکی نوێی مەعریفی خۆی بەرهەم بهێنێتەوە، لەگەڵ ئەو جیاوازییە هزرییە پراکتیکییەی لە ئەنسرۆپۆلۆجیای ئابوورییدا هەیە، بەڵام ئەم پرسە شایانی گفتوگۆ و باسکردنی بەردەوامە، تا چارەسەری گونجاو و ئامانجدار بخاتەڕوو، لە هەمان کاتیشدا، ئەنسرۆپۆلۆجیای ئابووری وەک هزرێکی نوێ بۆتە جێی بایەخی کاری ئەکادیمی و توێژەران، کە لە دامەزراندنیدا هەمەڕەنگیی هزری هەیە، وەک پسپۆڕییەکی ئەکادیمی و بەهای زێدە و نوێ لە خستنەڕووە زانستییەکان و وتنەوەی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان