له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
جۆرج ساندرز (George Saunders) له (2/12/1958) له ته‌كساس دایكبووه و له ده‌وروبه‌ری باشووری شیكاگۆ گه‌وره بووه. چیرۆكنووس و رۆماننووس و نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه. پڕۆفیسۆره و له زانكۆیه‌كی ئه‌مریكا ده‌رسی نووسه‌ری داهێنه‌ر ده‌ڵێته‌وه. ناوه‌ڕۆكی زۆربه‌ی نووسینه‌كانی پووچگه‌رایی و رۆڵی میدیای گشتییه له ژیانی هاوچه‌رخدا. به‌رهه‌مه دیاره‌كانی بریتین له: (وڵاتی جه‌نگی ناوخۆ له ئاوابوونێكی ناخۆشدا، 1996. حكومه‌تی كورت و ترسناكی فیل، 2005. یاداشتێكی دوو ده‌قه‌یی بۆ ئاینده، 2012. لینكۆڵن له باردۆ، 2017. مه‌له‌كردن له حه‌وزێكی به‌رباراندا... 2021 ).
جۆرج ساندرز ساڵی (1992) له ته‌مه‌نی (34) ساڵیدا یه‌كه‌م كتێبی خۆی بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ش گه‌لێ كورته‌چیرۆكی له گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه. جۆرج ساندرز ساڵی (2017) به رۆمانی «لینكۆڵن له باردۆ» توانی خه‌ڵاتی گـرنگی (The Man Booker) وه‌ربگرێت و وه‌كو دووه‌م ئه‌مریكایی ناوی له وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌دا تۆمار بكرێت. ئه‌م خه‌ڵاته دوای خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی گرنگترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی دنیایه كه به باشترین رۆمانی ئینگلیزی زمان ده‌درێت.
ده‌سكاریكردن و گۆڕینی چیرۆكێك شتێكه وه‌كو گۆڕینی شێوازی ژیان
جۆرج ساندرز له ساڵانی رابردوودا چه‌ندان جار خه‌ڵاتی گۆڤاره‌كانی ئه‌مریكای له‌سه‌ر چیرۆكه‌كانی وه‌رگرتووه، به‌ڵام له‌وانه‌یه به‌نیسبه‌ت گۆڤاری نیویۆركه‌وه شتێكی دیكه بێت. جۆرج ساندرز یه‌كه‌م چیرۆكی خۆی له گۆڤاری نیویۆركه‌ردا بڵاوكردۆته‌وه. له ساڵی (2006)یشدا له‌سه‌ر كورته‌چیرۆكێكی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی فه‌نتازی جیهانی وه‌رگرت كه ساڵێك پێش ئه‌وه كورته‌چیرۆكه‌كه‌ی له گۆڤاری نیویۆركه‌ردا بڵاوببۆوه.
«ئه‌ریك رۆزنبلوم» له گۆڤاری زە لیتریچه‌ر سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی جۆرج ساندرز له گۆڤاری نیویۆركه‌ر و ژیانی ئه‌ده‌بی گه‌لێ پرسیاری لێده‌كات كه بریتییه له‌م دیداره‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه:
*یه‌كه‌م ئاماده‌گی تۆ له گۆڤاری نیویۆركه‌ردا وه‌كو چ شتێك وابوو؟
-وه‌كو شتێكی زۆر گه‌وره وابوو. كاتێ خوێندكار بووم یه‌كه‌م چیرۆكم نارد بۆ گۆڤاره‌كه ئه‌وانیش به رێزه‌وه ره‌تیانكرده‌وه. ئه‌وان پێیان نه‌گوتم دووباره چیرۆكه‌كه‌م پاكنووس بكه‌م و ده‌سكاری بكه‌م، هه‌ڵبه‌ته منیش كه‌سێك نه‌بووم دووجار چیرۆكێك بنووسمه‌وه. ساڵانێك دوای ئه‌وه كه دووباره چیرۆكێكم بۆ ناردن بۆیان نووسیبووم چیرۆكێكی دیكه بنووسه و بۆمان بنێره. ده‌سكاریكردن و گۆڕینی چیرۆكێك شتێكه وه‌كو گۆڕینی شێوازی ژیان. دواجار دوای ناردنی دنیایه‌ك چیرۆك نیویۆركه‌ر یه‌كه‌م چیرۆكی منی بڵاوكرده‌وه. بیرمه ئه‌و كاته به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌م ده‌یوت بڵاوكردنه‌وه‌ی چیرۆكێك له نیویۆركه‌ردا له بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانێك قورستره. باشه من ئه‌مه‌م كرد. یه‌كه‌م جار كه چیرۆكه‌كه‌م له نیویۆركه‌ردا بڵاوبۆوه پاولای هاوسه‌رم هه‌موو گۆڤاره‌كانی كۆمه‌ڵێ عیاده‌ی پزیشكیی ددانی كۆكردبۆوه. به‌م بۆنه‌یه‌وه ئاهه‌نگێكی بچووكمان گێڕا.
*جوانه، ئه‌و ساڵه‌ی چیرۆكه‌كه‌ت ره‌تكرایه‌وه پێم وایه ساڵی (1985) بوو. كام چیرۆكه بوو؟
-له‌بیرم نییه، به‌ڵام پێم وایه سێ چوار لاپه‌ڕه‌م نووسیبوو. كاتێك له كۆمپانیا ئیشم ده‌كرد كه‌مێك پاكنووسم كرد و ناردم بۆ گۆڤاره‌كه. هه‌وڵم ده‌دا واقیعیانه بنووسم به‌ڵام بیرمه زۆر وزه‌یه‌كی باشی تێدابوو، وه‌كو یه‌كه‌م كتێب وابوو كه چاپم كرد.
*من به‌هه‌ر كه‌سێك ده‌گه‌م پێشنیازی بۆ ده‌كه‌م چیرۆكی «به‌ڕووی ده‌ریایی» تۆ بخوێنێته‌وه پێم وایه ساڵی «1998»بڵاوبۆته‌وه. ئه‌م چیرۆكه ده‌رباره‌ی پیاوێكه ژنه‌كه‌ی مردووه. ئه‌م چیرۆكه‌شت زۆر پاكنووس كرد؟
-به‌ڵێ، بیرمه ئه‌و كاته «تینا براون» ئه‌دیتۆری گۆڤاری نیویۆركه‌ر بوو، زۆر جدی بوو. زۆر حه‌زی ده‌كرد چیرۆكێك بنووسم شتێكی تازه بێت. له‌وانه‌یه بتوانم بڵێم یه‌كه‌م چیرۆكه‌كانی ژانری خه‌یاڵی زانستی گۆڤاره‌كه هی «جۆن ئه‌پدایك» و من بوو. «گه‌مه به دینامیك»ی جۆن ئه‌پدایك چیرۆكێكی كلاسیكی بوو. كاتێ سه‌ره‌ی چیرۆكه‌كه‌ی من هات زۆر ده‌سته‌وسان بووم، به‌ڵام خۆشحاڵم كه خوێنه‌ران لێی رازی بوون.
* ئاسایی ئه‌و كاتانه‌ی چیرۆكت ده‌نارد بۆ نیویۆركه‌ر چ كاتێكت بۆ پێداچوونه‌وه یان پاكنووسی چیرۆكه‌كه ته‌رخانده‌كرد؟
-په‌یوه‌ندی به باری ده‌روونی منه‌وه هه‌بوو. من ئه‌زموونی ره‌تكردنه‌وه‌م هه‌بوو له‌لایه‌ن گۆڤاره‌كه‌وه و هه‌تا كۆتاییش ئه‌م ترسه‌م هه‌ر هه‌بوو. له‌وانه‌یه بۆ هه‌ندێ له‌و چیرۆكانه چوار یان پێنج مانگم ته‌رخان كردبێت. له‌گه‌ڵ چیرۆكنووسیندا پاكنووسیشم ده‌كرد، جاری‌وا بوو یه‌ك په‌ره‌گرافم چه‌ندان جار ده‌نووسییه‌وه. به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی چیرۆكه‌كه‌م هاوشانی پاكنووس بوو. له‌وانه‌یه «به‌ڕووی ده‌ریایی» یه‌كه‌م چیرۆك بووبێت كه به‌و شێوازه نووسیبێتم. زۆر دوودڵ بووم، چونكه كارمه‌نده‌كانی گۆڤاره‌كه زۆر دوودڵ بوون. ئاسایی كه نیوه‌ی چیرۆكه‌كه‌م ته‌واو ده‌كرد ئاسانتر ده‌بوو. هه‌ندێك دڵخۆش ده‌بووم و چێژم له نووسینی ده‌بینی. هه‌ندێ جار چه‌ند چیرۆكێكم پێكه‌وه ده‌نووسی.
*»بێڵ بافۆرد» ئه‌دیتۆری نیویۆركه‌ر له جێگایه‌ك نووسیبووی تۆ كۆتایی چیرۆكێكت (20) یان (30) جار پاكنووس كردووه. ئه‌مه راسته؟
-بێڵ بافۆرد ئه‌دیتۆرێكی زۆر باش بوو. باشه كاتێك ژماره‌ی پێداچوونه‌وه و پاكنووسكردن له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێده‌په‌ڕێت بێگومان ده‌بێت چاوه‌ڕێی ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌وه بكه‌یت. هه‌موو جارێك كه پاكنووسی ده‌كه‌یت هه‌ست ده‌كه‌یت باشتر بووه و به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بیت. كاتێك چیرۆك بۆ نیویۆركه‌ر ده‌نێریت و ئه‌وان په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن هه‌ست ده‌كه‌یت به‌های ئه‌و هه‌موو پێداچوونه‌وه و پاكنووسه‌ی هه‌بووه.
سه‌رچاوه: www.ibna.ir