پیلانێکی گەورە لە کەرکوک دژی کوردەکان کراوە و بە هەزاران کورد بێبەشکراون لە دەنگدان، بۆ پووچەڵکردنەوە ئەو پیلانەش داوا لە کوردەکانی کەرکوک دەکرێت بچن دەنگ بدەن و رێگا نەدەن نەیارەکانمان ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن.
لەو چوارچێوەیەدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ خالید شوانی و رێبوار تەها سازکرا و لەسەرەتای کۆنگرەکەدا خالید شوانی رایگەیاند: "داوا لە کەرکوکییە ئازیزەکان دەکەم ئەم چەند سەعاتەی کە ماوە بچن دەنگ بدەن و چوار ساڵی باشتر بۆ نەوەکانیان دەستەبەر بکەن".
وتیشی، "هەموو کوردستان چاوەڕوانی کەرکوکییەکانن کە بە دەنگەکانیان جارێکی دیکە کوردستانیبوونی شارەکە بسەلمێننەوە و لەم تاقیکردنەوە پڕ پیلانگێڕییەدا سەرکەون، بۆیە داواتان لێدەکەم ئەو کەسانەی تائێستا نەچوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیان نەداوە، بچن دەنگی خۆیان بەو لایەنە بدەن کە لە هەموو نەهامەتییەکاندا لەگەڵیان بووە هەرگیز بەجێی نەهێشتوون".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رێبوار تەها ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روویکردە کەرکوکییەکان و رایگەیاند: "نەیارەکانمان زۆر بەهێزەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچن و دەیانەوێت کوردستانیبوونی کەرکوک بسڕنەوە، بۆیە داوام وایە رێگا نەدەن نەیارەکانمان ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن".
وتیشی: "بەرنامەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو لە دژی دەنگی کورد جێبەجێکراوە و بە دەیان هەزار کورد پەنجەمۆر و کارتی دەنگدانیان ناخوێنرێتەوە و رێگایان پێنادرێت دەنگ بدەن، بۆیە تکام وایە کەرکوکییە قارەمانەکان وەک چۆن هەمیشە پێشەنگی قوربانیدان و بەزاندنی دوژمن بوون، ئەمڕۆش پیلانی نەیارانمان بە دەنگەکانیان پووچەڵ بکەنەوە و رێگا نەدەن ئەمشەو ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن".