هاوپەیمانیی لایەنەكان پێگەی كورد بەهێزتر دەكات

11:06 - 2023-12-25
عیراق
553 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ سەرجەم ئەو پرسە گرنگانەی بەتایبەت پەیوەندییان بە ژیانی خەڵكەوە هەیە هەمیشە یەكڕیزیی لایەنەكانی بە تاكە بژاردەی گەیشتن بەو ئامانجە زانیوە، لەو چوارچێوەیەشدا پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیاردرا وەفدێكی باڵا لە یەكێتی سەردانی لایەنەكان بكات، مەبەستیش لێی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و یەكدەنگی و یەك لیستی كورد بوو لە ناوچە جێناكۆكەكاندا.
شێخ جەعفەر: سەركەوتنمان ئەركمان قورستر دەكات
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاندووە: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق سەركەوتنی گەورەی لە ناوچە جێناكۆكەكاندا بەگشتی و لە كەركوك بەتایبەتی بەدەستهێنا، «خوازیاربووین سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان لە هاوپەیمانێتییەكدا پێكەوە بەشدارییان بكردایە، چونكە پەرتەوازەییمان دەنگی زۆری كوردی بەفیڕۆدا». ئەوەشی خستۆتەڕوو كە «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ململانێ لەگەڵ هیچ لایەنێك ناكات و نوێنەرەكانمان لە ناوچە جێناكۆكەكان نوێنەرایەتیی هەموو لایەن و پێكهاتەكان دەكەن، سەركەوتنەكانیشمان لە ناوچە جێناكۆكەكان و كەركوك ئەركمان قورستر دەكات و دەبێت زیاتر لەڕابردوو خزمەتی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بكەین».

 

״یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ سەرجەم ئەو پرسە گرنگانەی بەتایبەت پەیوەندییان بە ژیانی خەڵكەوە هەیە هەمیشە یەكڕیزیی لایەنەكانی بە تاكە بژاردەی گەیشتن بەو ئامانجە زانیوە״

 

هێشتا كات ماوە و دەتوانین پشتیوانی یەك بین و ببینە نوێنەری راستەقینەی میللەتەكەمان
راشیگەیاندووە: «یەكێتی، پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، داوایكرد سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان لەژێر هاوپەیمانێتییەكی كوردستانیدا دەنگی ناوچە جێناكۆكەكان كۆبكەنەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێك لایەن بەدەم بانگەوازەكەی یەكێتییەوە نەهاتن، ئەوەش بووەهۆی بەفیڕۆدانی دەنگێكی زۆری كورد، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كات ماوە لە ئەنجومەنی پارێزگا جێناكۆكەكان، كە دەتوانین پشتیوانی یەك بین و ببینە نوێنەری راستەقینەی میللەتەكەمان و تەنانەت پێكهاتەكانی دیكەش».
وتەبێژی یەكێتی: لایەنەكان لەپێناوی خزمەتكردنی كورددا كاربكەن
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپێناوی خزمەتكردنی هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكاندا، دەیەوێت سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان یەكدەنگ بن بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە، نەك لەپێناوی بەرژەوەندیی حزبی و سیاسیدا.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ PUKMEDIA دەڵێت: «ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان یەكدەنگ بن لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی ناوچە جێناكۆكەكان، بێگومان دەستكەوتی زیاتر بەدەستدەهێنین، بەتایبەت لە پارێزگای كەركوك، كە دەتوانین پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دەستنیشان بكەین». وتیشی: «مامەڵەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان و لایەنەكانی دیكەش بەتایبەت لە كەركوك و موسڵ بۆ ئەوەیە كە سوودێكی باش وەربگرین و هەمووان پێكەوە لەپێناوی خزمەتكردنی ئەو سنوورانەدا كاربكەین نەك بۆ بەرژەوەندیی حزبی و سیاسیی خۆمان».
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، دەرگای یەكڕیزی و پێكەوەكاركردنی بۆ سەرجەم لایەنەكان كراوەیە لە پێكهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگای كەركوكدا، تەنها ئامانجیش لەوە خزمەتكردنی زیاتری كورد و ناوچە جێناكۆكەكانە. پاش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانیش، لە بەرنامەیدایە دەست بە دانوستان لەگەڵ لایەنەكاندا بكات.

PUKMEDIA 

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان