چارەنووسی چۆن دەبێت؟

09:36 - 2023-12-26
وەرزش
152 جار خوێندراوەتەوە

تیپی تۆپی پێی كچانی یانەی بارسیلۆنا بەهێزترین تیپی كچانی یانەكانی ئەوروپایە، ساڵی پار جامی چامپیۆنس لیگی بردەوە، پاڵەوانی خولی ئیسپانیاش بووە، ئەمساڵیش لەم دوو خولەدا بە هەمان ئاستی ساڵی پارەوە دەردەكەوێت.
ئەم تیپە چەند كچە یاریزانێكی باش و لێهاتوو یاریی بۆ دەكەن، سەرجەمیان یاریزانانی سەرەكی هەڵبژاردەی وڵاتەكانیانن، زۆرترین یاریزانیان بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاریی دەكەن كە لەگەڵ هەڵبژاردەکەیان پاڵەوانی ئەوروپا و مۆندیالی كچانیش بوون، لەنێوایندا ئەلیكسیا پۆتییاسی باشترین یاریزانی ئەوروپا و جیهانی ساڵی رابردوو، بۆنۆماتی باشترین كچە یاریزانی ئەمساڵی جیهان.
ئەلیكسیا پۆتییاس، تەمەنی 29 ساڵە، یاریزانی هێڵی ناوەندی یانەكەی و هەڵبژاردەی ئیسپانیایە، لەسەرەتاوە 2010-2011 ساڵێك بۆ یانەی ئیسپانیۆڵ یاریی كردووە، ساڵی دواتر چۆتە یانەی لیڤانتی، یەك ساڵیش بۆ ئەو یانەیە یاریی كردووە، لە ساڵی 2012 –ەوە گەڕاوەتەوە بارسیلۆنا و تائێستا یاریی بۆ ئەم یانەیە دەكات.
ئەم كچە یاریزانە موچەی ساڵانەی لەگەڵ یانەكەی 4 ملیۆن یۆرۆیە، یانەی بارسیلۆنا زۆرترین بڕە پارەی ئەم مووچەیەی دەدات و یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیاش بڕەكەی تری دەدات، ساڵی پار توشی پێكان بوو ماوەیەكی زۆر نەیتوانی یاریی بکات و بەتەواوی لە یارییكردن دابڕا، ئەمساڵ دەستیكردۆتەوە بەیارییكردن، بەم نزیكانە بۆندەكەی لەگەڵ یانەكەی كۆتاییدێت و نازانرێت لە یانەکەی بەردوام دەبێت یان نا.
ئێستا گفتوگۆكان بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی دەستیانپێكردووە، بریكارەكەی لەگەڵ یانەكەی قسە دەكات، چەند یانەیەكی ئینگلیزی و چەند یانەیەكی تری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ش دەیانەوێت بیبەنە ریزەكانی خۆیان، لەبەر ئەوەی بارسیلۆنا چەندین یاریزانی لێهاتوو یاریی بۆ دەكەن و ریزەكانی كەم و كوڕیی نییە، رەنگە یانەكەی گوێ بگرێت لەو بۆندانەی پێشكەشی دەكرێن، ئیتر نازانرێت ئەم كچە یاریزانە ساڵی ئایندە لەبارسا دەمێنێتەوەو بۆندەكەی نوێ دەكاتەوە یان ئەزموونێکی نوێ تاقی دەکاتەوە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان