لیژنە ئەمنییەكەی عیراق دەگاتە كۆرمۆر

سروە محەمەد بۆ کوردستانی نوێ: راپۆرتێكی تێروتەسەل سەبارەت بە ئەمنیەتی سنوورەكە ئامادەدەكەن

11:35 - 2024-05-02
کوردستان
103 جار خوێندراوەتەوە

ئیدریس جەبار


بەپێی نووسراوێكی رەسمی كە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق/فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە دەرچووە، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە لە (دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ هێزەكانی 70 بۆ مەبەستی لێكۆڵینەوە لەو هێرشە درۆنییەی لە چەند رۆژی رابردوودا كرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ‌، رایگەیاند: «لیژنەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/5 سەردانی كێڵگەی كۆرمۆر دەكات و مەبەستی سەردانەكەشیان بۆ لێكۆڵینەوەیە لەو هێرشە درۆنییەی كرایەسەر كێڵگەكە، كە دواتر راپۆرتێكی تێروتەسەل سەبارەت بە زیانەكان و پاراستنی ئەمنیەتی سنوورەكە لە داهاتوودا ئامادەدەكەن».
ئاماژەی بەوەشكرد كە بەپێی لێدوان و زانیارییەكان بۆردومانەكانی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری عیراقەوە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە دەكرێن، بۆیە لیژنەكە بۆ ئەوە سەردان دەكات كە لە داهاتوودا هاوئاهەنگی هەبێت لەنێوان هێزە ئەمنییەكانی كوردستان و سوپای عیراقدا، تا ئەو پەلامار و بۆردومانانە دووبارەنەبنەوە، ئەگەر ئەوەش بكرێت هۆكارێكی باش دەبێت بۆ پاراستنی ئەمنیەتی تەواوی سنوورەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان