بەغدا، هیوایەک بە مامۆستایانی وانەبێژ دەدات..

سەرۆکی (ی.م.ک): گەشبینین

11:30 - 2024-05-02
کوردستان
144 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا


سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، پشتگیری لە هەنگاوەكانی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە كوردستاندا دەكات لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە و پێشیوایە حكومەتی فیدراڵ هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عیراق رەزامەندی لەسەر دامەزراندنیان دەدات بەشێوەی گرێبەست و راشیدەگەیەنێت: ئەو هەنگاوە كاریگەریی گرنگی دەبێت لەسەر پڕۆسەی خوێندن و هەروەها گەڕانەوەی مافەكانی مامۆستایان.

«پشتگیری تەواو لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دەكەین»
عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: دوای ئەوەی حكومەتی عیراق ژمارەیەك مامۆستای وانەبێژی بەشێوەی گرێبەست لە سنووری پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور دامەزراند، چاوەڕوان دەكەین رەزامەندی لەسەر ئەو لیستەی هەرێمی كوردستانیش بدات، كە بۆ هەمان مەبەست پێشكەشكراوە. وتیشی: دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، پێویستی بە پاڵپشتی و كاری جددی حكومەت و پەرلەمان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، سەردانی بەغدایان كردووە و چەندین لایەنی پەیوەنداریان بەسەركردووەتەوە و ئێمەش وەك یەكێتیی مامۆستایان پشتگیری تەواو لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دەكەین.

ئەگەر مامۆستایانی وانەبێژ نەبن گرفتێكی زۆر دروستدەبێت
دووپاتیشیكردەوە كە مامۆستایانی وانەبێژ كەلێن و كەموكووڕیی زۆری پڕۆسەی خوێندنیان پڕكردووەتەوە، بەجۆرێك ئەگەر ئەوان نەبن گرفتێكی زۆر لە ناوەندەكانی خوێندندا دروستدەبێت، بۆیە هیوادارین ئەو توێژە بەگرێبەست یان بەهەمیشەیی دابمەزرێنرێن و مافەكانیان دەستەبەر بكرێت، كە ئێمە گەشبینین.

نوێنەری وانەبێژان: كۆبوونەوەكانمان بەردەوام دەبن
لەماوەی رابردوودا، دەستەیەك لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم، سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیان كرد بەمەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتی و پشتیوانیی پەرلەمانتاران بۆ دامەزراندن و بەهەمیشەییكردنیان.
لەوبارەیەوە، كاروخ عەبدوڵڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، رایگەیاندووە: لەكۆبوونەوەماندا لەگەڵ پەرلەمانتارانی عیراق، بەڵێنی پشتیوانییان پێداوین و كۆبوونەوەكانیشمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوام دەبێت.
بەپێی زانیارییەكان، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان 37 هەزار و 740 كەسە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان