میلان لە لێواری مایەپووچبوونەوە بۆ کوێ؟

10:44 - 2022-05-28
وەرزش
486 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارۆ سەنگەر

یانەی ئەی سی میلان ساڵی 2018 لەسەر لێواری مایەپووچ بوون بوو كاتێك لی یۆنگ هۆنگی خاوەنە چینیەكەی یانەكە بە ناچاری خاوەندارێتی یانەكەی خستە دەستی سندوقی ئیلیۆنی ئەمریكی، بەڵام دوای چوار ساڵ لەو بەروارە رۆسۆنێری توانی بۆ یەكەم جار دوای 11 ساڵ نازناوی خولی ئیتاڵیا بباتەوە.
دەوترێت هەمیشە لە شكستەكەوە زیاتر فێردەبیت وەك لە بردنەوە، ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری میلان لە هەموان زیاتر باوەڕی پێیەتی كەوەكو خۆی ئاماژەی پێداوە ساڵی 2019 كاتێك بە 5 گۆڵی بێ بەرامبەر بە یانەی ئەتەلانتا دۆڕان یەكێك لە ناخۆشترین ساتەكانی كاروانی وەرزشی بەڕێ كردوە، بەڵام لە هەمان كات ئەو شكستە قورسە بەنرخترین شكستیش بووە لە كاروانەكەی چونكە دوای ئەوە دركیان بەوە كردوە چی پێویستە بكەن بۆ گەشە پێدانی تیپەكە.
پیۆلی بە سود وەرگرتن لەو شكستە بە هاوڕێیەتی پاولۆ مالدینی بەڕێوەبەری هونەری و  پاولۆ سكارۆنی سەرۆكی ئەنجومەنی ئیدارە و ئیڤان گازیدیسی بەڕێوەبەری جێ بەجێكار و خاوەنانی سندوقی ئیلیۆت توانیان لە ماوەی سێ ساڵ یانەكە لەسەر لێواری داڕمانەوە بكەن بە پاڵەوانی ئیتالیا.
ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەو كەسایەتیانە بەبێ خەرج كردنی پارەیەكی زۆر ئەو كارەیان كرد، وەكو راهێنەری ڤیرۆنا رایگەیاند لەسەر كاغەز میلان خاوەنی سێیەم یان چوارەم باشترین پێكهاتەیە لە خولی ئیتالیا بەڵام بە لێهاتویی پیۆلی توانیان خەونی هاندەرانیان بەدی بهێنن.
مالدینی لەسەرەتای كاركردنی گوشاری زۆری لەسەربوو كە ئەو كات بە هاوڕێیەتی بۆبانی بەرپرسی تۆپی پێ لە یانەكە پێیان وابوو ماركۆ جیانپاولۆ ئەو راهێنەرەیە كە میلان پێویستیەتی، بەڵام دوای چوار مانگ هەستیان بە هەڵەكەیان كرد و دركیان بەوە كرد میلان پێویستی بە راهێنەرێكە كە كەسایەتیكی گونجاوی هەبێت.
پیۆلی راهێنەر ئەوكات بێ ئیشبوو بۆیە بە راهێنەری كاتی دیاریكراو و نزیكبوون لەوەی لەگەڵ رالف رانگنیك بگەنە رێككەوتن بۆ ئەوەی كۆتایی وەرز بیكەن بە سەركردەی پڕۆژەكەیان، بەڵام ئەمە بووە دروستبوونی شەڕێكی ناوخۆ لە میلان كە مالدینی و بۆبان دژی ئەم بڕیارەبوون، هەر بەهۆی ئەمەش بۆبان دەستیلەكاركێشایەوەو هەمووانیش پێشبینی ئەوەیان دەكرد مالدینی هەمان هەنگاو بنێت.
لەماوەی ئەو ناكۆكییە گەورەیەی ناو ئیدارەی یانەكە تیپەكە لەژێر سەرپەرشتی پیۆلی ئاستی زۆر بەرز و ئەنجامی زۆر باشی نووسییەوەو بۆندەكانی مالدینیش جێ دەستیان دیاربوو، بۆیە لە كۆتایی هەمووان بڕیاریان دا پاڵپشتی پیۆلی بكەن.
لە پاڵ ئەو عەقڵیەتە نوێیەی پیۆلی بە تیپەكەی دابوو مالدینی لە میركاتۆ بەدوای ئەو یاریزانانە دەگەڕا كە دەتوانن ئاستی تیپەكە باشتر بكەن و وەكو یەكەم هەنگاویش بەشێوەی خواستن بۆندی لەگەڵ دەكردن و دواتریش دوای پێشكەش كردنی ئاستی بەرز بۆندەكەی دەكردن بە هەمیشەیی.
یەكێك لە باشترین ئەو بۆندانە سیمۆن كایەری بەرگریكاری دانیماركی بوو كە بە ئاستی بەرز دەركەوت و دوای ئەوە هەمان سیناریۆی لەگەڵ تۆمۆری دووبارە كردەوە و پیەر كالۆلۆی بە 400 هەزار یۆرۆ لە لیۆن كڕی پێش ئەوە یەك یاری بۆ تیپی یەكەم نەكردبوو بەڵام لە میلان بە بەهێزی دەركەوت.
میلان سەرەتای ئەم وەرزە كێشەی لەدەستدانی دۆنارۆمای گۆڵپارێزی هەبوو، بەڵام مالدینی رووی كردە خولی فەرەنسا و ماینیانی گۆڵپارێزی لیلی بە كەمتر لە 15 ملیۆن یۆرۆ گواستەوە كە باشترین گۆڵپارێزی خولی فەرەنسا بوو، ئاستە بەرزەكەشی هەرزوو وای كرد هاندەرانی میلان دۆنارۆما لەبیربكەن تا لە كۆتایی بە باشترینی ئەم وەرزەی خولی ئیتالیاش دیاریكراو هۆكارێكی گەورەی بردنەوەی نازناوی خولی ئیتالیابوو.
بۆندەكانی مالدینی سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و تۆنالی دوای یەكەم وەرزی خراپ دوای ئەوە گەشایەوە بە جۆرێك هەمووان لە میلان پێیان وایە خاوەنی دی رۆسی نوێن، لە پاڵ ئەوەش هاندەرانی یانەكە هەست بەوە دەكەن تێری هێنری لە ریزی یانەكەیان یاری دەكات مەبەست لەو یاریزانە رافائێل لیاوە كە مالدینی بە یەك پەیوەندی تەلەفونی ئەستێرەكەی لیلی رازی كرد بە 20 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە میلانەوە بكات و ئەم وەرزەش بە باشترین یاریزانی خولی ئیتالیا دیاریكرا.
یەكێك لە سەركەوتووترین بۆندەكانی مالدینی سیۆ هێرناندێزی ئەستێرەی بەرگریە كە مالدینی خۆی قسەی لەگەڵ كردو رازی كرد پەیوەندی بە میلانەوە بكات و توانیان ریاڵ مەدرید رازی بكەن بە 17 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری بێت و ئێستاش یەكێكە لە باشترینەكانی جیهان لە شوێنەكەی دا.
مالدینی و میلان لەماوەی رابردوو بۆندی زۆر سەركەوتویان كردوە بەتایبەت لە كڕینی یاریزانی لاو، بەڵام هێنانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە 2020 یەكێك بوو لە گرنگترین بڕیارەكان كە ئەو یاریزانە ئەزمون و متمانەی بە تیپەكە بەخشی زۆر گرنگ بوو بۆ یاریزانە لاوەكان و ئەنجامەكەشی بردنەوەی خولی ئیتالیا بوو بۆ یەكەم جار لەدوای 11 ساڵ كە تیپەكە توانی 86 خاڵ كۆبكاتەوە كە دووەم زۆرترین ژمارەی خاڵە میلان لە مێژووی بەدەستی دەهێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان