سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە گفتوگۆیەکی کراوەی دیداری یەكێتیدا رایگەیاند: ئەم دیدارە تەواوكەری كۆنگرەیە، بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێك بوو كۆنگرە نەكرابوو، بەكۆنگرەیەك هەموو كێشەكانی یەكێتی چارەسەر دەبێت؟ ئەگەر باشترین كۆنگرەش بكرایە پێویستمان بەم دیدارە دەبوو.
وتیشی: پێویستە یەكێتی بكرێتەوە بەیەكێتیەكەی مام جەلال و یەكێتی ئێمە، پێویستمان بەوەیە كە خوێنی یەكێتی تازە بكەینەوە ئەوەش بەهاوكاری هاوڕێ دێرینەكانمان دەبێت.
راشیگەیاند: زیاتر لە 31 سەعات و نیو لەگەڵ گەنجەكانی كوردستان كۆبوونەوەم كردووە كە بۆ خۆپیشاندان دەكەن، دواتر پرسیاری ئەوەم لێكردن بۆ تائێستا خۆپیشاندانتان نەكردووە، كاتێكیش لەگەڵ نوێنەری خوێندكارانی خۆپیشاندەری زانكۆ و پەیمانگاكان كۆبوومەوە شەرمم دەكرد كە لە حكومەتێكداین کە ئەو خوێندكارانە بەو شێوەی پشتگوێ بخات.
ئەوەشی وت: گەنجانی ئێمە زۆر زیرەكن و دەبێت ئومێدیان بۆ بگەڕێنینەوە، چونكە ئەوەی هەمانە نە نەوتە نە غازە، بەڵكو ئەوان سەرمایەی ئێمەن، دەبێت گەنجان بەوە رازی نەبن كە هەیە، ئەوان دەتوانن دۆخەكە بگۆڕن، ئێمە گلەیی و رەخنەمان لە حكومەت هەیە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەشێكی تری گفتوگۆكەیدا لە بارەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنەوە وتی: هەموو خەڵكی كوردستان و حزبەكان، رەنگە حزبێك یان دوو حزب بەجۆری حكومڕانی رازی بن، وەك یەكێتی ئەمڕۆ سیاسەتی خۆمان هەیە، پاشكۆی هیچ لایەن و حزبێك نابین، هاوڕێكانمان بەجێناهێڵین و لەگەڵ لایەنەكاندا كۆبوونەوەمان كردووە بە پارتی دیموکراتی كوردستانیشەوە، زۆرینەی لایەنەكان بۆچوونیان وەك ئێمەیە.
راشیگەیاند: پێویستە چەترێكی وا دروستبكەین و كارێكی وای بۆ بكەین كە لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانكاری راستەقینە لە حكومڕانیی كوردستاندا بكەین.
لەبارەی كۆبوونەوەی لایەنەكانی هەرێم لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش وتی: نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە لەوەی لایەنە كوردییەكان پێكەوەنین، ئەوەی تێگەیشتم بەبیانووی هەڵبژاردنەوە ئێمەیان كۆكردەوە، جا بزانە ئەوە چەند خراپە، پێویستمان بەوەیە نەتەوە یەكگرتووەكان كۆمانبكاتەوە؟ لەبارەی هەڵبژاردنەوە باسمان كرد كۆمسیۆن و بازنەكان و یاسای هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسییەكان و كۆتاكان بوو، راستە یەكەم كۆبوونەوە بوو، بەڵام دوا كۆبوونەوەش نابێت و 9-6 كۆبوونەوەیەكی تر دەكرێت، ئامانجمانە ئەوەی بۆچوونەكان نزیك ببنەوە تا گۆڕانكاری جدی لە كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بكەین و لە هەڵبژاردندا باڵانسی هێز راستبكەینەوە.
لەبارەی ئەوەی یەكێتی لە بەغدا لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا ئیمزای لەسەر هیچ رێكەوتنێك كردووە یان نا، وتی: حزبێكی كوردی رێكەوتنێكی كردووە، زۆرجار پرسیار لە ئێمە دەكرێت، ئاگادارن یان نا، دەتانتوانی بەشێك بن؟ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، ئاگامان لێی بوو، بواری ئەوەش هەبوو بەشداربین، بەڵام نەمانكرد و بەوجۆرەش نایكەین، بابەتەكە مەلەسەی سەرۆك كۆمار نییە، مەسەلە ئەوەیە پرەنسیپێك هەیە، وەك یەكێتی پێمانوایە هەڵەیەكی ستراتیجییە ببینە بەشێك لە كێشەی ناوخۆیی شیعە و سوننەكان، دەبێت قسەی خێری تێدا بكەین و كار بۆ نزیكردنەوەی ئەو لایەنانە بكەین، ئەو رێكەوتنەش هیچی تێدا نەبوو بۆ كوردستان باشبێت.
وتیشی، ئەو رێكەوتنەی لایەنێكی كوردی لەگەڵ لایەنێكی شیعە و سوننەكاندا كردوویەتی هیچی بۆ كورد و كوردستان تێدا نییە، بەهیچ شێوەیەك باسی پێشمەرگە و مووچە نەكراوە، بەهیچ شێوەیەك باسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان نەكراوە.
وتیشی: پێش ئەوەی لەگەڵ پارتی بچین بۆ بەغدا تیمەكەی كاك قوباد رەشنووسێكیان ئامادەكردبوو كە 22 خاڵ بوو، بۆ خەڵكی كوردستان شتی زۆری تێدا بوو، بەڵام لایەنێكی تر چووە بەغدا و ئەو رێكەوتنەی كرد كە بۆ كورد هیچی تێدا نەبوو، دەبێت ئێمە لایەنەكان لەگەڵ یەكتردا كۆبكەینەوە نەك جیای بكەینەوە، سیاسەتی یەكێتی دروستە و لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا سەركەوتوو دەبین.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا لە دیداری یەكێتیدا، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر مام جەلال لێرەبوایە كێشەكانی چۆن چارەسەر دەكرد، وتی: ئەگەر مام جەلال لێر بوایە بەهیچ شێوەیەك نەدەگەیشتینە ئەمڕۆ و ئەم دۆخە، ئەو هەمیشە هاوڕێكانی كۆدەكردەوە و بەسیاسیەتی چەپكەگوڵەكە كێشەكانی چارەسەر دەكرد.
لەبارەی پارچەكانی تری كوردستانەوە، وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داش عیراقی تێدا نییە، ئامادەیی یارمەتی و هاوكاری براكانمانین لە هەر چوارپارچەكەی كوردستان، دەبێت سیاسەتەكە بگۆڕێت و لە عەقڵیەتی زۆرنی زەرد و سەوز بێینە دەرەوە و ببینە خاوەنی 45 ملیۆن كورد و لە هەرچوارپارچەی كوردستاندا سیاسەت بكەین، بۆیە بەبرایانمان لە هەر چوارپارچەی كوردستان دەڵێین جێتان ناهێیڵن و هەر كاتێك پێویستان بەهاوكاری بوو هاوكارتان دەبین.
لەبارەی دۆسێی نەوت و غازیشەوە رایگەیاند: رازی نیم لەو سیاسەت و سیستمەی بۆ نەوت لە كوردستان بەكاردەهێنرێت، ئەوەی تێگەیشتووم لە سیاسەتی حكومەتی هەرێم بۆ نەوت ئەوەیە كە نزیكەی 60%ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكانی بواری دەرهێنان و ناردنی نەوت دەگەڕێتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەی ئەو هەموو خوێنەی لە پێناوی خاكی كوردستاندا رژاوە بۆ ئەوە بوو نەوت دەربهێنرێت و كۆمپانیاكانی پێ دەوڵەمەند بكرێت یان بۆ ئەوەیە خزمەتی خەڵكی خۆمانی پێبكەین؟