ئەندامێكی لیژنەی دارایی: هەمواری بودجە رێكەوتنی سیاسی دەوێت

10:32 - 2024-01-03
کوردستان
393 جار خوێندراوەتەوە

د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ PUKMEDIA رایگەیاندووە: «پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێی سیاسی و خەرجییەكانی دیكە جیابكرێتەوە، بۆ ئەمەش دەبێت ئەو مادەیەی كە پەیوەندیی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هەیە، هەمواربكرێتەوە». دەڵێت: «تا یاسای بودجە هەمواردەكرێتەوە، پێدەچێت ناردنی قەرز لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بۆ حكومەتی هەرێم بەردەوام بێت، كە 700 ملیار دیناری مانگانەیە».
چاوەڕوان دەكرێت ناردنی پارە لە عیراقەوە بۆ هەرێم بەردەوام بێت
د.نەرمین مەعروف دەڵێت: «چاوەڕوان دەكرێت تا یاسای بودجە هەمواردەكرێتەوە حكومەتی عیراق مانگانە بڕێك پارە بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، بێگومان ئێستاش كە یاسای بودجە هەموار نەكراوەتەوە چاوەڕوان دەكرێت ناردنی پارە لە عیراقەوە بۆ هەرێم بەردەوام بێت». ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر حكومەتی هەرێم بەڕەسمی داوای لە حكومەتی عیراق كردووە بۆ شەش مانگ قەرزی پێبدرێت، بەڵام تەنها بۆ سێ مانگ بڕیاری لێدراو سێ مانگەكەی دیكە بەڕەسمی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە.
حكومەتی هەرێم و بەغدا پێشنیاری خۆیانیان هەیە
سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، ئەوەی خستۆتەڕوو كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا یاسای بودجە بێتە ئەنجومەنی نوێنەران و خوێندنەوەی بۆ بكرێت، بەڵام تا خوێندنەوەی یەكەم و دووەم و سێیەمی بۆ دەكرێت، پێدەچێت چەند هەفتەیەك بخایەنێت، بۆیە چاوەڕواندەكرێت لەسەرەتای مانگی دوو یاسای بودجە هەمواربكرێتەوە، لەو ماوەیەش كە هەمواری یاساكە پێویستی پێیەتی، چاوەڕواندەكرێت حكومەتی عیراق قەرز بۆ هەرێم بنێرێت. «ئەوەی بەلای ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردەوە گرنگە جیاكردنەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە لە ئیلتزاماتەكانی حكومەتی هەرێم و فەرمانبەرانی هەرێمیش وەك فەرمانبەرانی عیراق مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، لەو روانگەیەشەوە تەئكیددەكەینەوە كە پێویستە مووچەی فەرمانبەران جیابكرێتەوە لە خەرجییەكانی دیكە، بۆچوونێكیش هەیە كە دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەموو عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بخرێتە چوارچێوەی خەرجیی (حاكیمە)وە، بەڵام ئەم پێشنیازە، پێشنیازی كۆتایی نییە و هەردوو حكومەتیش پێشنیازی خۆیانیان هەیە و دەقێكی جێگیر نییە كە هەردوو حكومەت لەسەری رێكەوتبن، بەو ئامانجەی چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران بكرێت».

 

«مادەی 11 كە لەساڵی 2015وە خراوەتە ناو یاسای بودجەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستۆتەوە بە پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم و پشكی هەرێم بە خەرجیی كردارییەوە، كە ئەوەش زیاتر روویەكی سیاسی هەیە و پێویستە هەمواربكرێتەوە»

 

ژمارەیەك مادە كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمە ولە یاسای بودجەدا هەیە،پێویست بە هەموار ناكات
لەبارەی هەمواری مادەی 11وە، د.نەرمین، باس لەوە دەكات كە «مادەی 11 بەتایبەت و هەموو ئەو مادانەی تر كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە خاڵی داواكاریی حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكانیشە بۆ هەمواركردنەوە، چونكە مادەی 11 كە لەساڵی 2015ەوە خراوەتە ناو یاسای بودجەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستۆتەوە بە پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم، بەستنەوەی پشكی هەرێم بە خەرجیی كردارییەوە، كە زیاتر روویەكی سیاسی هەیە، پێویستە هەمواربكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق لەبارەی چۆنێتی هەمواری مادەكان رێكبكەون، كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمە و رەزامەندیی حكومەتی عیراقیشی دەوێت، بەڵام هەندێك مادە كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمە و لەیاسای بودجەدا هەیە، هیچ خاڵێكی ناكۆكی لەنێوان هەردوو حكومەتدا نییە و پێویست بە هەموار ناكات».

دەكرێت ئەو مادانەی هەموار دەكرێنەوە رێكەوتنی سیاسییان لەسەر بكرێت و لە بەرژەوەندیی هەردوو حكومەت بێت
لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەشدا لەگەڵ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، قسەی لەسەر هەمواری یاسای بودجە كردووە و وتوویەتی: «لەگەڵ ئەوەی ئێستا خودی یاساكە پابەندییەكی زۆری بۆ سەر حكومەتی هەرێم هەیە، وەك رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی نانەوتی و هتد...، بەڵام دەكرێت ئەو مادانەی هەموار دەكرێنەوە رێكەوتنی سیاسییان لەسەر بكرێت و لە بەرژەوەندیی هەردوو حكومەت بێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی ئێمە داوایدەكەین، لە هەمواری یاسای بودجەدا جیاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە لە پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاڵێكی گرنگە و پێویستی بە رێكەوتنی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە».

PUKMEDIA

#بودجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان