بڵێسه جه‌بار فه‌رمان
زۆرن ئه‌وانه‌ی له بواره جیاجیاكاندا پێشمه‌رگه ئاسا تێده‌كۆشن و هه‌وڵی به‌ره‌وپێشبردن و پاراستنی کەلتور ده‌ده‌ن.
میدیا له ژیانی مرۆڤه‌كاندا رۆڵی كاریگه‌ری هه‌یه.
له رێگای میدیاوه ده‌كرێت گۆڕان له كۆمه‌ڵگادا بكرێت و به‌ره‌و پێشه‌وه ببرێت.
میدیا به چه‌نده‌ها جۆر و له چه‌ند روویه‌كه‌وه ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وتی ژیان و كۆمه‌ڵگا هه‌بێ.
ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی میدیا پاراستنی سه‌روه‌رییه مێژووییه‌كانه له له‌بیرچوونه‌وه و له‌ناوچوون، ئه‌و سه‌روه‌ریی و شانازییانه بگوازێته‌وه بۆ نه‌وه‌ی داهاتووه له رێگای دۆكیۆمێنته‌رییه‌وه.
هێرۆخان ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی له ئاسمانی شۆڕشی نوێ‌دا ده‌دره‌وشێته‌وه، نه‌ك ته‌نها وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێك و پێشمه‌رگه‌یه‌ك، به‌ڵكو وه‌كو كامێراومه‌ن و فۆتۆگرافه‌رێك.
هێرۆخان به كامێرا ڤیدیۆییه‌كه‌ی و كامێرا فۆتۆگرافه‌كه‌ی هه‌موو چركه و ساته‌كانی خه‌بات و به‌ره‌نگاری و سته‌مه‌كانی داگیركه‌ری ئه‌رشیف ده‌كرد.
ئەم ژنه باریكه‌له‌یه‌ی به كامێرایه‌كی كۆنی چه‌ند كیلۆیی سه‌رشانییه‌وه داستانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی تۆمار ده‌كرد و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ده‌كردن.
ئەم ژنه‌ی ده‌یزانی به‌ڵگه‌ی مێژوویی چه‌نده به‌نرخ و گرانبه‌هایه و چۆن له رێگای گفتوگۆ له زاری پێشمه‌رگه‌وه داستانه‌كان بگوێزێته‌وه.
ھێرۆخان پێشمه‌رگه‌ی كامێرا له‌شان
ئه‌و سه‌ركرده ژنه‌ی بڕوای ته‌واوی به ئه‌رشیفسازی و كاریگه‌ری راگه‌یاندن هه‌بوو،
رۆژگار ده‌رفه‌تی دا به‌شێك له خه‌ونه‌كانی بهێنێته دی و پێشكه‌شی كوردستانی بكات.
به دامه‌زراندنی ته‌له‌فزیۆنی خاك و كه‌ناڵی كوردسات كه له هه‌ناوی ئه‌و كه‌ناڵانه‌دا به‌رنامه‌ی ره‌خنه‌یی و رای جیاواز و هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ، به‌مه‌ودای فراوان ره‌نگی دابووه‌وه.
له سه‌رده‌مێكدا كه سۆشیال میدیا نه‌بوو، كه‌ناڵی ئۆپۆزسیون نه‌بوو، له‌م كه‌ناڵانه‌وه له رێگای به‌رنامه‌ی به‌رنامه و چه‌ندان به‌رنامه‌ی جیاوازه‌وه ره‌خنه له حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌گیرا.
یه‌كه‌م فیلمی كارتۆنی دۆبلاجكراو به زمانی كوردی بۆ منداڵان په‌خش ده‌كرا.
هه‌ر به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا گۆڤاری خاك و سیخورمه‌ی وه‌ك بڵاوكراوه‌ی كاغه‌زی خسته سه‌ر سه‌رمایه‌كانی، توانرا زمانێكی نوێ له ره‌خنه‌ی ته‌نزئامێز و كه‌شكۆڵی توانج له كه‌موكووڕیی و نادادییه‌كان بگیرێت.
هێرۆخان خه‌ونی گه‌وره‌تر له حزبایه‌تی هه‌بوو بۆیه بیرۆكه و داهێنانه‌كانی له‌سه‌رووی خواستی حزبیه‌وه بوو، له بۆته‌ی بابه‌تی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تیدا ھاوكاری و یارمه‌تیده‌ری پڕۆژه و به‌رنامه میدییایه‌كان بوو.
كاری زۆری ده‌كرد و زۆری ده‌به‌خشی به‌ڵام كه‌مترین خۆنواندن و خۆده‌رخستنی هه‌بوو، كه‌م دوو، به‌ڵام زۆر به‌خشش.
به‌شێك له میدیاكاره پرۆفیشناڵ و ده‌ركه‌وتووه‌كانی كوردستان له سه‌رچاوه‌ی ئه‌و میدیایانه‌وه ده‌ركه‌وتن كه هێرۆخان پاڵپشتیان بووه.
كه‌واته نه‌ك هه‌ر بۆ كه‌ناڵی میدیا به‌ڵكو بۆ پێگه‌یاندن و ده‌ركه‌وتنی میدیاكاری باش و پرۆفێشناڵیش هێرۆ خان له‌م بواره‌دا شوێن ده‌ستی دیاره.
هێرۆخان له‌و سه‌ركرده ده‌گمه‌نانه‌یه له كاتی ئاڵۆزییه‌كاندا ده‌یویست میدیا رۆڵی ئاو ببینێ بۆ دامركاندنه‌وه نه‌ك رۆڵی به‌نزین، به‌و تێرمه‌ش هانی میدیاكانی ده‌دا له كاتی قه‌یرانه‌كاندا به‌رپرسانه مامه‌ڵه بكه‌ن.
له‌ناو ئه‌وجی كێشمه‌كێشه‌كانی سیاسه‌ت و بابه‌تی هه‌ڵبژاردن و شه‌ڕه ده‌نووكی میدیاكاندا
ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی هێرۆخان سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد به‌هێمنی و به‌شنه‌ی شه‌ماڵ و چه‌پكه‌گوڵه‌وه زانیاریان ده‌به‌خشی به خه‌ڵك و پیشان ده‌درا خزمه‌ت ته‌نیا له رێگه‌ی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی سیاسییه‌وه ناكرێ و ژیان به‌رفراوانتره له‌و ته‌سكبینییه‌ی له‌ناو شه‌ڕه‌كانی ئایدۆلۆژیادا هه‌یه.
له سه‌رده‌می پێش گه‌شه‌كردنی سۆشیال میدیا و نه‌بوونی فه‌یسبوك و ئه‌نستاگرام و تیكتۆك له كوردستان، ئه‌و پڕۆژه ره‌خنه‌ییه‌كانی له حكومه‌ت و هه‌ڵه‌ی داموده‌زگاكان به شێوازی ته‌نزو به هونه‌ر ئاراسته ده‌كرد.
له‌و بواره‌شدا ئه‌رشیفێكی گه‌وره هه‌یه كه هه‌موو ئه‌و چالاكی و هه‌وڵی چاكسازییانه به بیرۆكه و پشتیوانی ئه‌و ژنه سه‌رمه‌شقه‌ی كوردستان بوو.
له‌كاتێكا گه‌وره‌كان له ده‌ست چه‌ماندنه‌وه‌دابوون هێرۆخان خه‌می مناڵانی بوو به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی ده‌دا په‌روه‌رده‌یه‌كی بنچینه‌یی نوێ بۆ مناڵانی كورد بنیات بنێت، ده‌ركردنی گۆڤاری مناڵان و گۆڤاری په‌پووله دیارییه‌كی میدیای مناڵان بوو كه ده‌یگه‌یانده باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه و كتێبخانه‌ی شاره‌كان.
له‌م بواره‌دا به‌تایبه‌تی چه‌ند شیكردنه‌وه بكرێت و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ده‌مانه‌ی كه‌ناڵه‌كان ده‌ستیان به‌كار و چالاكی كرد
تێگه‌یشتن دروست ده‌بێت چ شۆڕشێكی میدیایی كرد، هێرۆخان له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی چه‌كداریی.
نازناوی پێشمه‌رگه‌ی كامێرا له شان به‌شان و باڵای زراڤی ئه‌و ده‌بڕم و له یادی میدیاكانیدا یادی ئه‌ویش ده‌كه‌م.