مومتاز حەیدەری باسی لە رووداوەكانی ساڵانی 1947 – 1948 كرد

11:02 - 2025-07-06
هەمەرەنگ
27 جار خوێندراوەتەوە

لە چــــوارچێوەی زنجیرە كۆڕەكــــانی (ساڵێك لــە تـــەمەنم)، رۆژی 2/7/2025 كتێبخانەی حـــەیـــدەری  لە شــاری هـــــەولێر كـــۆڕێكی بـــۆ نـــــووســــەر و رۆژنـــــامـــەنـــووس مـــومــــتاز حـــەیــــدەری بـــــە نــاونیشانی (بــــەشێك لە بیرەوەریەكانم) سازكرد.
لە كۆڕەكەدا كە ژمارەیەك لە نووسەران و ئەدیبان و رۆژنامەنووسان ئامادەیبوون، تێیدا حەیدەری باسی لە بیرەوەرییەكانی خۆی لەنێوان ساڵەكانی (1947 – 1948) كرد.
د. ئەحمەد حەمەدئەمین، پێشكەشكاری كۆڕەكە بە دوالاپەڕەی وت: كتێبخانەی حەیدەری كە خاوەنەكەی ئاسۆ حەیدەری – یە، لە چوارچێوەی پرۆژە رۆشنبیرییەكانی خۆی، بڕیاریدا هەردوو هەفتە جارێك كەسایەتییەكی خاوەن ئەزموون بانگهێشت بكات بۆ گێڕانەوەی سەربردەی خۆی لە ماوەی یەك ساڵی ژیانیدا، بۆ یەكەم هەفتەش مامۆستا مومتاز حەیدەری بانگهێشتكرا كە تێیدا باسی لە یەك ساڵی ژیانی خۆی كرد، ئەو سەردەمەی تەمەنی 9 بۆ 10 ساڵ دەبێت، كە وەك مێرمنداڵێك چ رووداوێكی بینیوە، لە كۆڕەكەدا وێنەی ئەو سەردەمەی كە رووداوەكانی لە هەولێر روویانداوە باس كرد.
وتیشی: مومتاز حەیدەری وێنای ئەو قۆناغەی كرد كە لە روئیای خۆیدا چی بینیوە، هۆكاری باسكردنی روئیاكەی خۆی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بنەماڵەی حەیدەرییەكان وەك بنەماڵەیەكی رۆشنبیری ئایینی رۆڵی كاریگەریان هەبووە لە مێژووی هەولێردا، بەتایبەتی لە دەیەی چلەكاندا گۆڕانكارییەك لە ژیانی ئەو بنەماڵەیە روودەدات، بەتایبەتی دوای ئەوەی براكانی مومتاز (ساڵح، جەمال ، عاسم، موهیب) تێكەڵاوی كاری سیاسی دەبن، كەواتە بوونی ئەم ژینگەیە كاریگەری لەسەر ئەوە هەبووە مامۆستا مومتاز لەو تەمەنەدا بەدەر لەوەی وەك منداڵێك تێكەڵاوی ناو ژیانی كۆڵان و یاریكردنی لەگەڵ منداڵان بێت، تێكەڵاوی ناو رووداوە سیاسییەكان و رووداوەكانی تریش بووە، بۆیە چەند بابەتێكی گێڕایەوە.
وتیشی: ئەو بابەتانەی مامۆستا مومتاز باسیكردن، بریتییە لە سەردانیكردنی ئەو كەسایەتییانەی كە لەناو كاری سیاسیدا بەتایبەتی لەناو رێكخراوەكانی حزبی شیوعی و یەكێتیی تێكۆشین بوون، باسی لە سازكردنی ئاهەنگی نەورۆز لەساڵی 1947 لە شاری هەولێر كرد كە چی روویداوە، یان لە ساڵی 1948 كە پەیماننامەی (پۆرتسمۆس) دەبەسترێت دوای ئەو پەیماننامەیە لە هەولێر چی روویداوە، لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە باسی لەوەكرد كە ئەوان وەك بنەماڵە، ئایینین، بەڵام كە گۆڕانكاریی لەو سەردەمەدا روودەدات ئەوان دەخوێنن و تێكەڵاوی ناو بزووتنەوەكانی ماركسی لینینی دەبن و دەبنە چەپ، لەلایەكی تر باسی لە رووداوێك كرد كە خوشكێكی نافع یونس چۆن وەك یەكەم ژن لە شاری هەولێر لە یەكێك لەخۆپێشاندانەكاندا هوتافی كێشاوە و چۆن حەمید عوسمانیش وەك كارەكتەرێكی ناو حزبی شیوعی بووە لەناو سەركردەكانیدا، خۆی مایكی بۆ راگرتووە بۆ ئەوەی قسەكانی بكات.
هەولێر، رەوەست نەوزاد

بابەتە پەیوەندیدارەکان