سەرۆک کۆماری عیراق ئەستۆپاکی دارایی دەکات

11:03 - 2024-01-04
عیراق
303 جار خوێندراوەتەوە

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق فۆرمی ئەستۆپاکی دارایی خۆی پێشکەشی دەستەی دەستپاکی دەکات.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی پەیوەندی و راگەیاندنی حکومی لە دەستەی دەستپاکی عیراق، دەستەکە فۆرمی ئەستۆپاکی دارایی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراقیان بەدەست گەیشتووە.
پێشتریش د.خالید شوانی، وەزیری داد و نزار ئامێدی، وەزیری ژینگە لە حكومەتی عیراق كە لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن، وەك دەستپێشخەرییەك لە ئەنجومەنی وەزیران ئەستۆپاكی دارایی خۆیان پێشكەش بە دەستەی دەستپاكی فیدراڵی كرد.
لە مادەی 17ی یاسای دەستەی دەستپاكی ژمارە 30ی ساڵی 2011 دا ئاماژە بەوەدراوە، هەر كەسێك لە پۆستەكانی سەرۆك كۆمار و جێگرەكانی، ئەندامانی دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمانتاران)، سەرۆك وەزیران و جێگرەكانی و وەزیرەكان و ئەو كەسانەی پلەی وەزیریان هەیە، لەگەڵ بریكاری وەزیرەكان و فەرمانبەرانی پلە تایبەت و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادوەران، هەروەها سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی هەرێم و پەرلەمانتاران و دادوەران و وەزیرەكان و بریكارانی وەزیر و پارێزگارەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و سەرۆكی دەستە سەربەخۆكان و بریكار و ئەندامەكانی، لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵ و پاشكۆكانیان، فەرماندەی فەیلەق و فیرقە سەربازییەكان و سەرۆكی دەزگا ئەمنییەكان، بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ئەوانەی لە پلەی بەڕێوەبەری گشتیدان، هەروەها ئەفسەرانی هێزە سەربازییەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە پلەی موقەدەم زیاتر، لەگەڵ هەر كەسێك كە دەستەی دەستپاكی بە پێویستی بزانێت داهات و سەرمایەكەی ئاشكرا بكات، پێویستە فۆڕمی دەستەی دەستپاكی پڕبكەنەوە.

#سەرۆك كۆمار

بابەتە پەیوەندیدارەکان