كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەبات، بەڵام بە نووسراوی رەسمی داوای دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، وتەبێژی كۆمسیۆنەكەش دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشت بە تۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەستین، چونكە تۆمارێكی پاك و بێگەردە.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەPUKMEDIA ی راگەیاندووە: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەبات و ئێستاش هەندێك رێكاری تایبەت بە هەڵبژاردن هەن كە پێویستە كۆمسیاران بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمسیۆن دەیەوێت سەرجەم رێكارە یاساییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بگرێتەبەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، وتیشی: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشت بە تۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەسترێت، چونكە تۆمارێكی پاك و بێگەردە و تەنانەت لەدایكبووانی ساڵی 2006 كە بۆ ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە لە تۆمارەكەدا هەن، ئەمە جگە لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بە سیستمی ئەلكترۆنی و دەستی دەبێت.
كۆمسیۆن داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایدەگەیەنێت: ناتوانین لەو وادەیەی دیاریكراوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەین و پێویستە وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریبكرێت.
لەو وەڵامە رەسمییەدا كە رۆژی 2ی1ی2024 ئاڕاستەی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم كراوە و ئیمزای عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقی لەسەرە، هاتووە: ئەو مەرسومەی رۆژی 25ی2ی2024ی بۆ وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، ناتوانرێت لەو وادەیەدا رێكارەكان تەواوبكرێن بەوپێیەی پێویستی بە ئامادەكاری و كاتی گونجاوی پێشوەختەیە.
وتەبێژی یەكێتی: ئامادەین بۆ هەڵبژاردن
پێشتریش سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی بە PUKMEDIA ی راگەیاندبوو: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، راشیگەیاندووە: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەرگیز لە هەڵبژاردن نەترساوە و ئامادەیی هەیە سبەینێ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات.
شایانی باسە، ئەگەر لەسەر داوای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت، پێویستە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ جاری سێهەم كاتێكی دیكە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریبكات، چونكە پێشتریش رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023 و 25ی شوباتی 2024ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردبوو.
PUKMEDIA