یەكێتی و پارتی: پێكەوە كاركردن

11:20 - 2024-01-10
کوردستان
499 جار خوێندراوەتەوە

وەفدێكی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریاندا بۆ داهاتووی شارەكە پێكەوە كاربكەن.
لەدوای كۆبوونەوەكە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ لای پارتی دیموكراتی كوردستان، لەچوارچێوەی ئەو كۆبوونەوانەدا دێت كە بڕیاربوو لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، یەكێتی سەردانی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بكات و وتیشی: «هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە».
ئاماژەی بەوەشكرد كە جگە لە لایەنە كوردستانییەكان، وەك یەكێتی سەردانی پێكهاتەكانیش دەكەن، وتیشی: »هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی كە سەرەتا نێوماڵی كورد یەكبخەین، ناشمانەوێت هیچ پێكهاتەیەك لە كەركوك فەرامۆش بكەین، نەك تەنها لە كەركوك، بەڵكو لە هەموو ناوچە جێناكۆكەكان بیر لەوە دەكەینەوە كە حزبە كوردستانییەكان بەیەكەوە كاربكەن، ئومێدیشمان هەیە كە كورد بتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت».
هەر لە كۆنگرەكەدا، محەمەد كەمال بەرپرسی لقی پارتی لە كەركوك، رایگەیاند: «لەئێستا بەدواوە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك پێكەوە كاردەكەین و هەر دەنگۆیەكیش سەبارەت بە رێكەوتنی پارتی لەگەڵ پێكهاتەی عەرەب و توركمانەكان هەبێت، دوورە لە راستییەوە». وتیشی: «واقعی كەركوك و یاساش رێگەدەدات كە پێویستە سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك بەیەكەوە كاربكەن و خزمەتی خەڵك بكەن، ئەمەش لای هەردوولامان خاڵی هاوبەشە و كاری لەسەر دەكەین».
پێشتریش، لە لێدوانێكدا، ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، رایگەیاندبوو: «یەكێتی دەیەوێت نێوماڵی كورد لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە یەكبخات و بەیەك كوتلەی كوردی، لەگەڵ پێكهاتەكاندا بچێتە گفتوگۆوە بۆ پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكان».
دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، دوێنێ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی خۆیان لە كەركوك كرد و هەردوولا تاوتوێی چۆنێتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوكیان كرد و هاوڕاشبوون لەسەر ئەوەی كە نێوماڵی كورد رێكبخرێت.

PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #پارتی دیموکراتی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان