لەتیف نێروەیی: ئامانجمان رێكخستنەوەی پەیكەری بۆردی راگەیاندن و داڕشتنی سیاسەتێكی نوێی پەیامی میدیایی یەكێتییە

11:03 - 2024-01-14
دووتوێ
255 جار خوێندراوەتەوە

دووەمین كۆنفرانسی رێكخستنەوە و داڕشتنەوەی سیاسەتی میدیایی و ئامادەسازی بۆ قۆناغی نوێی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەشداری نزیكەی 350 ئەندام لەسلێمانی بەڕێوەچوو.

 

بەخۆشحاڵییەوە بەسەرکەوتویی کۆتایمان بە دووەمین کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێنا،  دەرەنجام و ئیرادەی راگەیاندنکارانمان سەلماندنی گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونیان دەوێت

لە یەکەم رۆژی دەستپێکی  کۆنفرانسەکەدا، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  راپۆرتی گشتی بۆردی راگەیاندنی پێشكەش كردو وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان رایگەیاند: «بەستنی كۆنفرانس پێویستی بە بوێری و پشتیوانی هەیە، ئێمەش ئەو بوێرییەمان بەخۆماندا، ئەم كۆنفرانسە تەنها بۆ میدیاكارانی یەكێتی نییە، بەڵكو كۆنفرانسێكی یەكێتیانەیە بۆ میدیای یەكێتی، چونكە لەسەر ئاستی سەرجەم ئۆرگان و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە ناوچە جێناكۆكەكانیشەوە بەڕێوەدەچێت».
راشیگەیاند: «پەیامی سەرۆك بافڵ و ئامادەبووانی تێكۆشەران لە كۆنفرانسەكە پشتیوانییەكی بەهێزە بۆمان و خاڵی سەرەكی سەركەوتنمان دەبێت، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 40 مامۆستای زانكۆ و پەیمانگا لەبواری جیاجیای راگەیاندندا پسپۆڕن هاوكارمان دەبن».
پێشتریش لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتی PUKMEDIA رایگەیاند: «ئامانج لە كۆنفرانسەكە جێبەجێكردنی یەكێكی دیكەیە لە راسپاردەی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رێكخستنەوەی پەیكەری بۆردی راگەیاندن و داڕشتنی سیاسەتێكی نوێی پەیامی میدیایی یەكێتی و هەروەها دەستنیشانكردنی چەند راسپاردەیەكە لەبارەی باشتركردنی میدیای یەكێتی و پاشان ئاڕاستەكردنی راسپاردەكانە بۆ سەرۆك بافڵ و مەكتەبی سیاسی، دڵنیاشین راسپاردەكان بەشێوازێك دەبن كە خزمەت بە میدیای یەكێتی بكەن و بەشێك لەو كەموكوڕیانەی لە میدیای یەكێتیدا هەن چارەسەر بكرێن و گەشەی زیاتر بكات».
لە وتاری کۆتاییشدا  لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتاری کۆتایی کۆنفرانسی پێشکەشکرد و رایگەیاند: بەخۆشحاڵییەوە بەسەرکەوتویی کۆتایمان بە دووەمین کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێنا، دەرەنجام و ئیرادەی راگەیاندنکارانمان سەلماندنی گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونیان دەوێت».
وتیشی:»داوای لێبوردن لەو هاوکارو دڵسۆزانەمان دەکەین کە بە هەر هۆکارێک بوبێت بێبەشبوون لەبەشداریکردن لەم کۆنفرانسە، هاوکات سوپاسی زۆرمان بۆ ستران عەبدوڵڵا کە ماوەیەکی زۆر خزمەتیکرد و هەموو هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی میدیای یەکیتی خستەگەڕ».

#کۆنفرانس

بابەتە پەیوەندیدارەکان