ئاری مەحمود قەرەداغی
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کە بە (WEF) ناسراوە و لە ساڵی 1971وە دامەزراوە، دامەزراوەیەکی قازانج نەویستی تایبەتە و بنکەکەی لە شاری جنێڤە. لەلایەن ئەندام و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت کە لە رووی داراییەوە بەشداری لە رێکخستنی کۆبوونەوەی ساڵانەدا دەکەن، تێیدا ئەزموون و بۆچوونەکانیان لەسەر بابەتگەلێکی جۆراوجۆر ئاڵوگۆڕ دەکەن. ئەم چالاکییە ناوەندییە هەموو ساڵێک لە مانگی یەکدا لە شاری داڤۆسی سویسرا بەڕێوەدەچێت.
هاوبەشەکان
گروپێکە لە 100 کۆمپانیای پێشەنگی فرەنەتەوەی وەک ئەی بی بی، نێستلە، بارکلیز، کرێدیت سویس، دیلۆیت، دۆیچە بانک و گوگڵ. هاوبەشەکان پشتیوانەی دارایی بۆ کارنامەی WEF دابین دەکەن و بەشداری لە کارە داراییەکانیدا دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەکەیان ساڵانە بڕی 115 هەزار فرانکی سویسری دەدەن بە رێکخراوەکە.
بە پێی ئامارەکانی WEF، هەزار کۆمپانیا لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان کە سەرمایەی هەریەکەیان لە سەرو پێنج ملیار دۆلارەوەیە، پێشەنگی ئەندامەکانن و تێکڕاش رێکخراوەکە هەزار و 200 ئەندامی رێکخراوی هەیە، هەر ئەندامێک ساڵانە 31 هەزار و 500 فرانکی سویسری دەدات، وەک هاوبەشی لە دابینکردنی پشتیوانەی دارایی رێکخراوەکەدا. جگە لەوەش هاوبەشەکان و ئەندامانی کۆربەندەکە 45 هەزار فرانکی دیکە دەدەن، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەر یان سەرۆکەکەیان بتوانێت بەشداری کۆبوونەوەکە بکات لە داڤۆس، نوێنەرانی سیاسی و میوانەکانیش بانگهێشتنامەیەکی کەسیی و تایبەتیان بۆ دەچێت بۆ بەشداریکردن لە کۆربەندەکەدا.
سویسرا و میوانداریی لە کۆڕبەندەکە
بۆ حکومەتی سویسرا کۆبوونەوەی ساڵانە لە داڤۆس ڕووداوێکی نائاساییە و دەرفەتێکی ناوازە دەڕەخسێنێت بۆ پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ زۆرێک لە کەسایەتییە پلە باڵاکان لە سەر ئاستی جیهان. دەرفەتێکی نایابە بۆ سویسرا کە میوانداری ئەم کۆڕبەندە دەکات، بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە ئابوورییە جیهانییەکان و هەروەها درێژەدان بە نەریتی دوور و درێژی سویسرا وەک وڵاتێکی میواندار بۆ کۆنفرانس و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان.
هەموو ساڵێکیش بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ناوچەکە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت تا پێنج هەزار کارمەندی سوپا جێگیر بکات، سوپا بودجەی 28 ملیۆن فرانکی لەبەردەستدایە بۆ ئەو بۆنەیە. هەروەها نۆ ملیۆن فرانکی دیکە لە گەنجینەی فیدراڵی و کانتۆنی گراوبیوندن و شارەوانی داڤۆس بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی پۆلیس و تێچووی دیکەی بواری ئەمنی دابین دەکرێت.
ئامانجی کۆڕبەندەکە
ئامانجی WEF ئەوەیە کە ساڵانە دەرفەت بڕەخسێنێت دامەزراوە گەورەکانی جیهان، تا کۆ ببنەوە و گفتوگۆ بکەن و لە بارەی قەیران و کێشە ئابوورییەکانی جیهانەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا کۆڕبەندەکە پێشوازی لە دەستپێشخەرییە گرنگەکان دەکات، بۆ جیهانێکی باشتر و کەمکردنەوەی کێشەکان.
دەنگە رەخنەگرەکان
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بە یانەیەکی خاوەنکارە دەوڵەمەندەکان وەسف دەکەن، کە جگە لە پێشنیازکردنی هەندێک بیرۆکەی باش، تەنها بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، بە شێوەیەکی گشتیش کۆڕبەندی داڤۆس وەک پەرەپێدانی سیستمی جیهانگیری سەیر دەکرێت، کە هەژاری و پیسبوونی ژینگەی لە سەرانسەری جیهاندا خراپتر کردووە. لە بەرامبەر ئەم رەخنانەدا چەند ساڵێکە WEF باس لە پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەردەوامیی دەکات و زۆر جاریش نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زاناکانی بواری ژینگە و کولتوری بانگهێشت کردووە.
ئەم کەسە گرنگانە لە داڤۆس دەبن.
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی WEF هەفتەی ئەمڕۆ لە شاری داڤۆس دەستپێدەکات و دوو هەزار و 800 کەس لە 120 وڵاتەوە بانگهێشت کراون و بەشداریی دەکەن، رێکخەرانی WEF لیستی ناوی بەشداربوانی بڵاوکردەوە. وتەبێژی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی رۆژی سێشەمەی رابردوو لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا سەبارەت بە خاڵە گرنگەکانی کۆبوونەوەی ئەمساڵی کرد، یەکێک لە کەسایەژییە گرنگ و بەرچاوەکان زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیایە، کە بە شێوەیەکی شەخسی بەشداری لە WEF دەکات. لە نێوان شتەکانی تردا، زیلینسکی دەیەوێت وتارێک پێشکەش بکات و بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بکات لەگەڵ بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیا جیهانییەکان.
سێبەری شەڕ
کۆبوونەوەی ئەم ساڵ سێبەری دوو ململانێی چەکداریی بەسەرەوەیە، ئەوانیش شەڕی ئەم دواییەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و شەڕی دەستدرێژی روسیا دژی ئۆکرانیا کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە.
بە وتەی رێکخەرانی کۆڕبەندی ئەم ساڵ، بەشداربووان بریتین لە: لی کیانگ، سەرۆک وەزیرانی چین، ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و هەروەها ئۆرسولا ڤۆن دێر لین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها خاڤیێر میلی سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین دێتە داڤۆس، کە ئەمە یەکەم گەشتی دەبێت بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای دەستبەکاربوونی. هەروەها چەندین ئەندامی ئەنجومەنی فیدراڵی سویسرا بەشداری دەکەن، بە سەرۆکایەتی ڤیۆلا ئەمهێرد سەرۆکی فیدراڵی سویسرا.
هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکی وڵاتانی جیهان دەکەن، جگە لە 60 بڕیاردەری سیاسی و زیاتر لە 800 بەڕێوەبەری جێبەجێکاریش ئەم ساڵ کۆدەبنەوە، بە پێی رێکخەرانیش، ئەم سام ئاڵتمان داهێنەری (ChatGPT) لە نێو ئەوانی تردا لە پانێڵێکدا دەردەکەوێت.
سەرچاوەکان
https://www.tagesanzeiger.ch/schweiz