ڕۆژی پێنجشەممە لە هۆڵی کۆنگرێس بە دروشمی “برەوپێدانی هزری خوێندنی باڵا، کۆزانینێکی پێشکەوتووانە” و بەئامادەبوونی پ.د.کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، یەکەمین کۆڕبەندی زانستیی بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا (ماستەر، دکتۆرا) ئەنجامدرا.
لەو کۆڕبەندەدا پ.د.کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتی: ئەم کۆڕبەندە لەگەڵ ئەوەی ڕووداوێکی زانستییە، سەکۆیەکیشە بۆ گەشەکردنی بیرۆکەکان و چاندنی تۆوی داهێنان و هێنانەئارای گۆڕانکاری.
د.کۆسار محەمەد عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، توێژەرانی زانکۆی سلێمانی بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ڕۆڵی بەرچاویان لە بەرزکردنەوەی ژمارەی توێژینەوەدا هەیە، لە ساڵی (٢٠٢٠) توێژەرانمان (٤٩٢) توێژینەوەی ئەنجامداوە، بەڵام لە ساڵەکانی (٢٠٢٢) (٦٧٥) و لە (٢٠٢٣) (٦٦٥) و لە ساڵی (٢٠٢٤) (٦٦٩) توێژینەوەیان بڵاوکردۆتەوە، بەمەش بەپێی داتابەیسی (سکۆپوس ئێلسێڤێر) بەڕێژەی لە ٣٧.٢٪ ژمارەی توێژینەوەکانمان زیادیکردووە، کەواتە زانکۆی سلێمانی پابەندە بە دروستکردنی سەکۆیەک، کە ئەمجۆرە داهێنانە تێیدا گەشە بکات.
لە بەشێکی تری کۆڕبەندەکەدا، (١٧) توێژینەوەی زانستیی پسپۆڕیی جیاواز لەلایەن توێژەرانەوە بە شێوازی پریزنتەیشن، پێشکەشی ئامادەبوان کران.
هەروەها لە دەرەوەی هۆڵەکە پوختەی (٨٥) توێژینەوە لەسەرجەم پسپۆڕییەکانی (پزیشکی، ئەندازیاری، زانستی، زانستە مرۆییەکان) نمایشکرا.
لەبارەی کۆڕبەندەکەوە پ.ی.د.زانا مەحمود، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا رایگەیاند: ئەو توێژینەوانە بەرهەمی خوێندکارانی خوێندنی باڵای زانکۆی سلێمانییە لەماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا کە لە گۆڤارە ئاستبەرزە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
وتیشی: گرنگی ئەم جۆرە کۆڕبەندانە لەوەدایە، کە سەرجەم پسپۆڕییە جیاوازەکان لە یەکتری نزیکدەکاتەوە، هەروەها توانای دروستکردنی تۆڕێکی توێژینەوەی زۆر باشی هەیە لەو توێژەرانەی کە دەتوانن توێژینەوەی هاوبەش و کاریگەر لە پسپۆڕییە نزیکەکان لە یەکدی ئەنجامبدەن.