كۆمپانیاكان چۆن سوود له‌ جه‌نگ وه‌رده‌گرن؟

09:59 - 2024-01-15
ئابووری
344 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید


ململانێ و پێكدادانه‌ جیۆپۆله‌تیكییه‌كان هه‌میشه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمپانیاكانی بواری به‌رگریدان، چونكه‌ خواست له‌سه‌ر چه‌ك به‌رز ده‌بێته‌وه‌، به‌ واتایه‌كی دیكه‌ شه‌ڕ له‌ هه‌ر كوێ بێت، له‌ قازانجی كۆمپانیاكانی دروستكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌، به‌ پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمز، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌می كۆمپانیاكانی دروستكردنی چه‌ك به‌ رێژه‌ی %10 به‌رز بۆته‌وه‌، كه‌ پێشتر رووی نه‌داوه‌، ئه‌ویش به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌ جیۆپۆله‌تیكییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی جیهانه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ئۆكرانیا.
ئه‌و شیكارییه‌ی رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمز بڵاوی كردۆته‌وه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ گه‌وره‌ترین به‌ڵنده‌ره‌كانی ئه‌مریكا و كۆمپانیای بی ئه‌ی ئای به‌ریتانی و هانوا ئایرۆسپه‌یسی كۆریای باشوور، كه‌ كه‌لوپه‌لی جه‌نگی دروست ده‌كه‌ن، خواست له‌سه‌ر كاڵاكانیان به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بۆته‌وه‌، ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی 2023دا به‌رده‌وام بوو، یه‌كێك له‌و كۆمپانیا به‌ناوبانگانه‌ كۆمپانیای (MSCI) بوو، كه‌ پشكه‌كانی تایبه‌ت به‌ پیشه‌سازیی جه‌نگیی له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ رێژه‌ی %25 به‌رز بۆوه‌، ئاماژه‌پێده‌ری ستۆكسی ئه‌وروپاش، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ فڕكه‌وانی پشكه‌كانی به‌ رێژه‌ی %50 به‌رز بۆوه‌ له‌ هه‌مان ماوه‌دا.
له‌م دوو ساڵه‌ی رابردوودا خه‌رجیی سه‌ربازی بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌ك به‌ گشتی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا زیادی كردووه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌وروپا به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌مووی به‌رچاوتره‌ و به‌ رێژه‌ی %30 زیادیكردووه‌، چونكه‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ داواكاری نوێیان پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ كڕینی چه‌ك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی به‌رچاویان له‌ تانك و زرێپۆش و چه‌ك پێشكه‌شی ئۆكرانیا كردووه‌ و ئێستاش ده‌یانه‌وێ جێگه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌، ئۆكرانیا كه‌ به‌ ته‌نیا رووبه‌ڕووی هێزێكی گه‌وره‌ی وه‌ك روسیا بۆته‌وه‌ و له‌ زمانی زیلینسكی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌شه‌وه‌ خۆی به‌ به‌رگریكاری دیموكراسی ده‌زانێت، ناتوانێ به‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ روسیای زه‌به‌لاحدا بجه‌نگێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ هاوكاری دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌بێت.
ته‌نیا له‌ ماوه‌ی ئه‌م یه‌ك دوو ساڵه‌دا، كۆمپانیای ئایرۆسپه‌یسی تایبه‌ت به‌ دروستكردنی كه‌لوپه‌لی جه‌نگی، فرۆشی له‌ 2020وه‌ تا 2022 نزیكه‌ی 13 ملیار دۆلار زیادیكردووه‌، كۆمپانیای رینمیتاڵی ئه‌ڵمانیش، كه‌ پسپۆڕه‌ له‌ دروستكردنی تانكدا، له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ئۆكرانیاوه‌، خواست له‌سه‌ر كاڵاكانی به‌ رێژه‌ی 14,8 ملیار دۆلار زیادیكردووه‌، زۆر كاڵای دیكه‌ش كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ر په‌یوه‌ندییان نه‌بێت به‌ شه‌ری ئۆكرانیاوه‌، خواست له‌ سه‌ریان زیادیكردووه‌.
شه‌ڕی غه‌زه‌، له‌ نێوان ئیسرائیل و حه‌ماسدا، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ هۆكاره‌كانی بره‌وپه‌یداكردنی بازاڕی چه‌ك و چۆڵ و ته‌قه‌مه‌نی، سه‌میر فه‌ره‌ج لیوای سه‌ربازی له‌ لێدوانێدا بۆ سكای نیوز له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: هه‌ر ئاڵۆزییه‌كی سه‌ربازی له‌ هه‌ر شوێنێك بێت، ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، ئه‌و ده‌ڵێ: ئه‌م جۆره‌ جه‌نگانه‌ پێشبینی ده‌كرێت تا سێ هه‌فته‌ بخایه‌نێت، به‌ڵام كاتێك ده‌گاته‌ سێ مانگ، هیچ گومانی تێدا نییه‌ كه‌ رێژه‌ی به‌كارهێنانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی تیایدا به‌رز ده‌بێته‌وه‌، كه‌واته‌ له‌ هه‌ر شوێنێك جه‌نگ هه‌بوو، قازانجی كۆمپانیاكانی دروستكردنی چه‌كی تێدایه‌.
سه‌رچاوه‌: سكای نیوز

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان