سەرۆك كۆمار: عیراق خوازیارە ببێتە ئەندام لە رێكخراوی بازرگانیی جیهانیدا

09:48 - 2024-01-16
عیراق
250 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە عەبدولعەزیز شممەری باڵیۆزی عەرەبستانی سعودیە لە عیراق و سەقر موقبل نوێنەری شانشینی عەرەبستانی سعودی لە رێكخراوی بازرگانیی جیهانی و سەرۆكی تیمی پەیوەندیدار بۆ بەئەندامبوونی عیراق لە رێكخراوەكە و وەفدی یاوەری.
لە كۆبوونەوەیەكدا، كە دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر ویستی عیراق بۆ بەئەندامبوون لە رێكخراوی بازرگانیی جیهانی لەڕێگەی بەدیهێنانی پێوەرە بازرگانی و ئابوورییە پێویستەكانەوە. هەروەها ستایشی رۆڵی سعودیەی كرد لە نزیككردنەوەی تێڕوانینەكان و هەوڵدان بۆ بەرقەراركردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكەدا، هەوڵەكانی تیمی پەیوەندیدار بۆ بەئەندامبوونی عیراق لە رێكخراوەكە و كۆبوونەوەكانیشی لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی بەرز هەڵسەنگاند، كە ببێتە مایەی پەرەپێدانی سیستمی بازرگانی و هێنانەدیی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام.
سەرۆك كۆمار، جەختیشیكردەوە كە حكومەت گرنگی بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی چالاكییە ئابوورییەكان و هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لە وڵاتدا دەدات و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش لە ئاستێكی باشدایە.
لەبەرامبەردا باڵیۆزی سعودیە، رایگەیاند: وڵاتەكەمان سوورە لەسەر پاڵپشتیكردنی عیراق لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا و هەوڵەكانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و گەشەپێدان و پێشكەوتن لە بواری ئابووری و وزەدا، وتیشی: عیراق لەبارەی پڕۆسەی چاكسازی و گەشەكردن و پێشكەوتن لە بوارە جیاجیاكاندا، بەرەو پێشەوە هەنگاودەنێت.
لای خۆیەوە، سەقر موقبل باسی لە ئەنجامی كۆبوونەوەكانی كرد لەگەڵ لیژنەی نیشتمانیی عیراق، كە لە بەغدا سازیكردووە بۆ بەئەندامبوونی عیراق لە رێكخراوی بازرگانیی جیهانی، خۆشحاڵی نیشاندا بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی عیراق گرتوێتیەبەر بۆ جێبەجێكردنی پێوەرە پێویستەكان و دووپاتكردنەوەی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ بەئەندامبوونی عیراق لە رێكخراوی بازرگانیی جیهانی. ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەندامبوونی عیراق لەو رێكخراوە دەستكەوتە بۆ ناوچەكە و جیهان، هەروەها رۆڵی دەبێت لە پەرەپێدان و فراوانكردنی ئەو پێشكەوتنانەی لە خزمەتگوزارییە داراییەكاندا بەدەستهاتوون و پاڵپشتیش دەبێت لە باشتركردنی ژینگەی وەبەرهێنانی بیانی.

#سەرۆك كۆمار

بابەتە پەیوەندیدارەکان