دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن

11:24 - 2024-01-17
کوردستان
205 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكایەتیی هەرێم و وەفدی باڵای كۆمسیۆنی عیراق، دوێنێ لە هەولێر كۆبوونەوە و هاوڕابوون لەبارەی دیاریكردنی كاتێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
دوای كۆبوونەوەكە، حاكم عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: «لەگەڵ ئەوەی ئامادەكاریمان كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ناتوانین لەو وادەیەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە كە 25ی شوباتە هەڵبژاردن بكەین، بۆ ئەوەش وەفدی سەرۆكایەتیی هەرێممان ئاگاداركردۆتەوە و لە كۆبوونەوەكەشماندا هەردوولا هاوڕابووین كە وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكەین».
ئاماژەی بەوەشكرد كە «هەر سكاڵایەك لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبێت، كۆمسیۆن بێلایەنانە مامەڵەی لەگەڵدا دەكات و بەڕەسمی وەڵامی خۆمان دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەكان، دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەپێناوی ئەوەدایە كە كۆمسیۆن بتوانێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و بێكێشە بەڕێوەببات».
هەر لە كۆنگرەكەدا، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم، وتی: «دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقدایە و لەگەڵ كۆمسیۆن هاوڕابووین كە وادەیەكی نوێ دیاری بكرێت». وتیشی: «گفتوگۆكانمان لەگەڵ وەفدی كۆمسیۆنی عیراق لەسەر بنەمای باشتر بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بووە و لەو روانگەیەشەوە هەردوولامان هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت و هیچ كێشەیەكی تێدا نەبێت».

PUKMEDIA

#سەرۆکایەتیی هەرێم

بابەتە پەیوەندیدارەکان