فیلمێك مینه‌كانی ژیانمان بیرده‌خاته‌وه‌

09:55 - 2024-01-18
ئەدەب و هونەر
309 جار خوێندراوەتەوە

گه‌نم محه‌مه‌د


فیلمی سینه‌مایی Mine چیرۆكی سه‌ربازێكه‌ له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ ئه‌ركی  سه‌ربازی خۆی له‌ بیابانێكی كاكی به‌ كاكیدا، قاچێكی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر مینێك، به‌ڵام یه‌كسه‌ر هه‌ستی پێده‌كات و قاچی له‌سه‌ر مینه‌كه‌ هه‌ڵناگرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ مینه‌كه‌ ناته‌قێته‌وه‌. به‌حسابكردن بۆ حاڵ و باڵی خۆی و له‌به‌رئه‌وه‌ی شاره‌زایی نییه‌ له‌ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی میندا، ناچار ده‌بێت چه‌ندان رۆژ قاچی له‌سه‌ر مینه‌كه‌ بێت و چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی تیمی فریاكه‌وتن بێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر پێ له‌سه‌ر مینه‌كه‌ هه‌ڵبگرێت ئه‌وا یه‌كسه‌ر ده‌ته‌قێته‌وه‌ و ده‌یكوژێت.
ماندووبوونی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، گه‌رمای رۆژ، سه‌رمای شه‌و، بێخه‌وی و وه‌ستانێكی زۆر و به‌رده‌وام، برسێتی و تینوێتی پرزه‌ی لێده‌بڕێت و له‌ په‌لوپۆی ده‌خات. به‌و حاڵ و وه‌زعه‌وه‌، ده‌چێته‌ دۆخێكی نیمچه‌ هۆشیاره‌وه‌، به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانی رابردووی و یاده‌وه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌. مینه‌كه‌ی ژێرپێی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی، شه‌ڕ و فه‌رته‌نه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوكاره‌كانی، هه‌را و هۆریا و شه‌ڕ و ده‌نگه‌ ده‌نگه‌كانی له‌ چایخانه‌ و كافیتریاكان له‌گه‌ڵ كه‌سانی غه‌ریبه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ی به‌ یاد ده‌هێنێته‌وه‌. ئه‌م مینه‌ له‌م بیابانە چۆڵه‌دا ناچاری ده‌كات، بیر له‌ كۆمه‌ڵێ بابه‌ت و رۆژگار بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی سه‌رقاڵیدا قه‌ت به‌لایدا نه‌چووه‌. چاوه‌ڕێكردن بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی تیمی فریاكه‌تن بێن و مینه‌كه‌ به‌تاڵ بكه‌نه‌وه‌، ناچاری ده‌كات بیر له‌و شتانه‌وه‌ بكاته‌وه‌. چاوه‌ڕوانی و وه‌ستانێكی تاقه‌تپڕوكێنه‌، كه‌ ته‌نیا شیرینی گیان و باوه‌شكردن به‌ ژیاندا ناچاری ده‌كات به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو چاوه‌ڕوانی و وه‌ستان و سڕبوونه‌ بگرێت.   
مینه‌كه‌ له‌و بیابانه‌ چۆڵه‌دا، نیشانه‌ و خوازه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌و مینانه‌ی له‌ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی، په‌یوه‌ندی خێزانی، په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌یوه‌ندی كارو باری رۆژانه‌ی خۆیدا فه‌رامۆشی كردووه‌ و گوێی پێنه‌داوه‌. چاوه‌ڕوانی و مانه‌وه‌ له‌و بیابانه‌ چۆڵه‌دا، به‌و حاڵه‌ ناخۆش و شه‌پڕێوه‌وه‌، ئه‌وه‌ی فێر ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌خێرایی و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوانه‌دا كاردانه‌وه‌ی نیشان نه‌دایه‌، ئێستا ژیان و رۆژگارێكی باشتری ده‌بوو.
 فیلمه‌كه‌ ئه‌وه‌ فێری ئێمه‌ی بینه‌ریش ده‌كات، وه‌ستان و چاوه‌ڕێكردنی هۆشیارانه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ له‌ ژیانی پڕ ده‌رده‌سه‌ری و به‌رزی و نزمیدا پێویستمان پێیه‌تی. پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی ژیانی رۆژانه‌مان بوه‌ستین و هه‌روا به‌ ئاسانی به‌بێ بیركردنه‌وه‌ی ژیان به‌سه‌ر نه‌به‌ین. ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات ئه‌و شتانه‌ی ئه‌مڕۆ لێیان حاڵی نابین به‌پێی ئه‌زموونه‌كانی رابردوومان لێیان تێده‌گه‌ین و بۆمان روون ده‌بنه‌وه‌. وه‌ستان و چاوه‌ڕێكردن له‌سه‌ر كار و كاردانه‌وه‌كان به‌رچاومان روون ده‌كاته‌وه‌ و ئاینده‌یه‌كی باشترمان نیشان ده‌دات. كۆتایی فیلمه‌كه‌ له‌ هه‌مووی سه‌رنجڕاكێشتره‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ سه‌ربازه‌كه‌ ئه‌و هه‌موو كاته‌ چاوه‌ڕێی كردووه‌ و ماندووبووه‌ و ئازاری چه‌شتووه‌ و گه‌یشتۆته‌ حاڵه‌تی گیانه‌ڵا، كه‌چی ئه‌وه‌ی ژێرپێی مینیش نه‌بووه‌، ته‌نیا بووكه‌ڵه‌یه‌كی مناڵان بووه‌. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی سه‌رقاڵی و دیقه‌ت نه‌كردنه‌ كه‌ ره‌نگه‌ رۆژانه‌ تووشمان بێت و كاتی لووتمان پێیدا ده‌ته‌قێت ئه‌وسا ده‌ركی پێده‌كه‌ین، بۆ نموونه‌ له‌ناو دوكانێكداین و جامی دوكانه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ پاك و خاوێنه‌ واده‌زانین ده‌رگای دوكانه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و ملی پێوه‌ ده‌نێین كه‌چی له‌پڕ سه‌رمان به‌ر جامی دوكانه‌كه‌ ده‌كه‌وێت و ته‌ریق ده‌بینه‌وه‌.
بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌ ژیاندا به‌ده‌ستی خۆمان گه‌لێك مین بۆ خۆمان دروست ده‌كه‌ین و هه‌نگاوی دوای ئه‌وه‌ له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین، زۆر له‌و مینانه‌ی ئێمه‌یان ئیفلیج كردووه‌ هه‌ر وجودیان نییه‌. ته‌نیا زاده‌ی خه‌یاڵی خۆمانن و ئه‌وه‌نده‌  له‌ لامان بوونه‌ته‌ راستی ناتوانین هه‌نگاو هه‌ڵبگرین.
*فیلمی  Mine ساڵی 2016 دروستكراوه‌. ده‌رهێنانی: فابیو گوگالیون و فابیو ریزینارۆیه‌. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان