فەیسەڵ عەلی
لەگەڵ سەرەتای ئەم ساڵدا، ئاستی توندیی گرژیی و ململانێ جیۆسیاسییەکان رووی لە زیادبوون کرد، چەقی گرژییەکان لەبری ئەوروپا هاتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، غەززە و سودان و ناوچەکانی تری جیهان ململانێی ئاڵۆز بەخۆیانەوە دەبینن، لەمەشدا نابێ جەنگی روسیا و ئۆکرانیامان بیربچێتەوە، بەم دواییانەش مەترسییەکانی دەریای سوور هەڕەشە لە گێڕانەوەی گوشارەکانی هەڵئاوسانی پیشەسازیی هەموو ئابوورییەکانی جیهان دەکات.
زنجیرەی گەیاندن
ناجێگیرییەکانی رێڕەوی دەریای سوور بەرەو وەرچەرخانێکی خراپ دەڕوات، رەنگە پەکخستنی زنجیرەی گەیاندنی لێبکەوێتەوە، کە لە بنچینەدا خۆی دووچاری گرژی بووە. ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێش، چۆن هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور هەڕەشە لە ئابووریی جیهان دەکات؟ دەریای سوور و کەناڵی سوێس رۆڵێکی گرنگ لە زنجیرەی گەیاندنی جیهانی بۆ نەوت و غازی سروشتی و خۆراک و بەرهەمە پیشەسازییەکان دەگێڕن و بەشێکی گرنگن لە رێڕەوی هاتوچۆی دەریایی و ناوچەیەکەش بە شادەماری بازرگانیی جیهانی دادەنرێت، لەبەرئەوەی نزیکەی %40ی بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەوروپا بە کەناڵی سوێسدا تێپەڕ دەبێت.
رێڕەوی دەریای سوور
وەبەرهێنەرانی بازاڕی نەوت لە نزیکەوە لەو پەرەسەندنانە دەڕوانن، بە تایبەتی دوای ئەوەی هێزی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر پێگە و بنکەکانی حوسییەکان لە یەمەن لەبەرئەوەی بەردەوام سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ بزاوتی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور. گەیاندنی نەوت لە بنچینەدا بە قۆناغێکی قورسدا تێپەڕدەبێت، لەماوەی رابردوودا نرخی وزە بە هۆکاری دەرهاویشتەکانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا گەیشتە ئاستێکی بەرز، واتە هەستیاریی و رەشبینی باڵی بەسەر ناوچەکە و زنجیرەکانی گەیاندندا کێشاوە، وێڕای ئەم ماوەیەی ئێستا کە لە بنچینەدا ناجێگیرە، لەبەر ئەو هۆکارە توندیی ئەو مەترسییە ئابوورییانەی دەرئەنجامی ناجێگیرییەکانی دەریای سوور دەردەکەوێت، لەگەڵ زنجیرەیەک بڕیار کە کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوە دایان، ئەویش راگرتنی هاتوچۆکردنە بەو ناوچەیەدا، رێڕەوی جوڵەیان رووەو باشووری ئەفریقا بگۆڕن، بەمەش تێچوونی گواستنەوە و رەسمەکانی دڵنیایی زیادی کرد و نرخی کاڵای بەرز کردەوە.
زیادبوونی تێچوونی گواستنەوە
زنجیرەکانی گەیاندن بەهۆی هێرشەکانی حوسییەکانەوە دووچاری گورزێکی قورس بوونەوە، کە تەنها بەرزکردنەوەی نرخی کاڵای بەکاربردنی وەک جلوبەرگ و خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی لێنەکەوتەوە، بەڵکو کەلوپەلی پزیشکیشی گرتەوە، لەگەڵیشیدا نرخی غازی سروشتی و نەوتی بەرز کردەوە، چونکە ئەو رێڕەوە ئاوییە رێگەیەکی سەرەکیی بازرگانیی جیهانییە، رووداوەکانی ئەم دوواییە کە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بوو، سنووری ناوچەکەی تێپەڕاند و گۆڕەپانی نێودەوڵەتی گرتەوە، زیادبوونی تێچوونەکانی بارکردن و گواستنەوە و گەیاندن و ئەوانیتردا، گوشاری لەسەر ئابووریی دەیان دەوڵەت زیاد کرد، چ بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەم قورساییە گوشارەکانی سەر هەڵئاوسان بەهێزتر و دووبارە دەکاتەوە، کە لەم دوواییەدا پاشەکشێی کردبوو، لێرەدا ترسی تەوژمێکی تری هەڵئاوسان دەردەکەوێت، رەنگە ئەمجارە زۆر توندتر بێت لەوەی بەر لە نزیکەی دوو ساڵ تەقییەوە.
کەناڵی سوێس
ئەندیکەیتەرەکان نیشانەی مەترسیی زیاترن، ئەگەر هاتوو حوسییەکان لەو رێڕەوە گرنگەی بازرگانیی نێودەوڵەتی کەشتییە بازرگانییەکان بکەنە ئامانج، نزیکەی %20ی کۆی بازرگانیی نێودەوڵەتی بە دەریای سووردا تێپەڕ دەبێت، %30 کۆی بازرگانیی کۆنتێنەرەکان بە کەناڵی سوێسدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش گوشارەکان لەسەر بزاوتی بازرگانیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی مەترسیدار زیاد دەکات. بەرامبەر بەو پێدراوانە، جیهان بە دڵەڕاوکێی راستەقینەوە لەو کردەوە تیرۆریستییانەی دەریای سوور دەڕوانێت، ئەمەش هێرشی هەندێک دەوڵەتی بۆ سەر حوسییەکان لێکەوتەوە کە هەوڵی پاراستنی ئەو رێڕەوە گرنگە دەدەن، %8 بازرگانیی دانەوێڵە بەو رێڕەوەدا تێپەڕ دەبێت، %12ی کۆی ئەو نەوتەی بە دەریادا دەگوێزرێتەوە، وێڕای %8ی غازی سروشتیی جیهان بە دەریای سووردا دەڕوات، بە پێی مەزندەکانی حکومەتی بەریتانیا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو 10 دۆلار و غازی سروشتیش نرخەکەی %25 بەرز دەبێتەوە.
مەترسیی ژمارە یەک
ئەگەر ئەو ململانێ جیۆسیاسییانەی ئێستا بەردەوام بێت و پانتاییەکەی فراوانتر بێت کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر پەرەی سەندووە، ئەوا ئابووریی جیهان ناجێگیر دەبێت، جیهانگیری لە ماوەی ئەم دوو دەیەی دواییدا لە سۆنگەی ئابوورییەوە هەنگاوی گەورەی ناوە، بەڵام چەند ساڵێکە چەمکەکان بوونەتە سیاسی زیاتر لەوەی ئابووری بن، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە ململانێکانی ئێستا هەڕەشە لە جێگیریی ئابووریی جیهان دەکات. ململانێ ئاڵۆزەکانی جیۆسیاسی مەترسیی ژمارە یەکە. ئەوەی روونە ئەو ململانێ جیۆسیاسییانە بە ئاسانی کۆتاییان نایەت، هەموو ئەوانە پاشەکشێ بە گەشەی کەرتی بازرگانیی نێودەوڵەتی دەکات، لە کاتێکدا کە هیچ ئەندیکەیتەرێکی کرداری بۆ نەهێشتنی ئەو گرژی و ململانێیەی بەرۆکی جیهانی گرتووە نییە.