ئەگەر شیعر ئەو قۆناغەی بەجێ هێشتبێت کە لە کاتی خوێندنەوەیدا، شاعیر پێویستی بە کەشێکی بێدەنگ و داگیرساندنی مۆمێک یان چرایەک بێت. ئەو سەردەمەیشی تێپەڕاندبێت کە پێویستی بە مینبەرێک و جەماوەرێکی بەردەوام چەپڵە لێدەربێت. کەواتە شیعر دەبێت بۆ کێ و لە کوێ بخوێندرێتەوە، بە تایبەتی شیعری شاعیرە لووتکەکانی ئەدەبی کلاسیکی کوردی.
شاعیرە پێشەنگ و دێرینەکانمان نەماون تا بەرگریی لە ئەدەبەکەیان بکەن و بیپارێزن لەو بەرنامانەی کە چەند بڕگەیەکی جیاواز و بەیەکەوە لکاون بەخێرایی بەدوای یەکتردا رادەکێشرێن. بڕگەکانیش بریتین لە ( کات بەسەربردن و یارییکردن و تاقیکردنەوەی بەهرەی گۆرانیبێژی نوێ و گۆرانییە شادە میللییە و میوانداریی کارەکتەرە سیاسی و ئیدارییەکان و شاعیر و نووسەر و کەسانی ناسراو و نەناسراو، بەسوود وبێ سوود ) واتە ئەمانە هەموویان لەیەک بەرنامەدا و بەدوای یەکتردا دەهێنرێن !!
لەو بەرنامە تێکەڵ و پێکەڵەدا شیعری شاعیرێکی وەک نالی یان مەحوی دەخوێندرێتەوە! کەسیش لەسەری هەڵناداتێ ئایا ئەمە جێگەی پرسیارنییە؟ لێرەدا بەهیچ جۆرێک مەبەست لە موقەدەسکردن نییە بەڵکو داهێنەران مافی فەراهەمکردنی ژینگە و کات پێدانیان هەیە و کاری داهێنەرانە دەبێت مافی پارێزراوبێت. لەو پێشێلکردنی مافەیش سەیرتر ئەوەیە شاعیر و نووسەرانی هاوچەرخ پێیان ئاساییە لەو ژینگە نالەبارەدا دادەنرێن و شیعر دەخوێننەوە. جارێکیان کرێکارێک بە شاعیری چیللی پابلۆ نیرۆدا دەڵێت: ئێمە لە شیعرەکانت تێ ناگەین هاوڕێ، بەڵام دەزانین باسی ئێمە دەکەیت. ئاستی هۆشیاریی و خوێندەواریی وئەدەبدۆستیی جەماوەر رێگرنین بۆ دروستکردنی متمانە و بۆئەوەی گوێگر و بینەرەکان خۆیان لە دەقێکدا بدۆزنەوە. بەڵام چۆن بتوانین باوەڕ بەوە بهێنین ئەو جەماوەرەی هاتووە بۆ کات بەسەربردن و بابەتە توێکڵیی و رووکەشەکان هەمان ئەو جەماوەرەیە خۆی لە شیعرێکی بەرزی نالی یان شاعیرانی هاو ئاستیدا دەبینێتەوە؟!
ئێوەیش ئازادن لە بۆچوونتان سەبارەت بەمجۆرە بەرنامانە کە هیچ لەلای بینەر بەجێ ناهێڵێن بێ بایەخکردنی ئەدەب و بە کەمالیاتکردنی نەبێت.
گوڵەباخ
*وێنەکە (گورد ئافەرید)ە کە زیاتر شیعرەکانی شانامە دەخوێنێتەوە.