خه‌سرەو پیرباڵ
مناره‌ی موزه‌فه‌ری، له ساڵی 1190 زاینی و له‌سه‌رده‌می حوكمی ئەماره‌تی ئه‌ربیل و سوڵتانی گه‌وره‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین زه‌ینه‌دین عه‌لی كچووك كۆگبۆرو دروستكراوه، هاوكات له سه‌رده‌می سه‌ركرده‌ی مه‌زنی كورد سوڵتان سەڵاحەدینی ئه‌یوبی بووه.
ئه‌و مناره‌یه گرنگترین شوێنه‌واری مێژوویی هه‌ولێره لەدوای قه‌ڵای دیرێن و یه‌كێكە له جوانترین شوێنەوارە بیناسازییه‌کانی هه‌رێمی كوردستان لە عیراقدا.
ئه‌ندازیاریی و جوانی مناره‌ی موزه‌فه‌ری كه پێشتر به‌شێك بووه له شوێنه‌وارێك كه بریتیبووه له مزگه‌وتێكی زۆر گرنگ (مزگه‌وتی موزه‌فه‌ری) كه وه‌كو شوێنێكی گرنگی ئەماره‌تی ئه‌ربیل و (جامع الدوله)، مزگه‌وتی ده‌وڵه‌ت بووه.
سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین، رۆژانی هه‌ینی و یاد و جه‌ژنان و ره‌مه‌زانان تێیدا نوێژی كردووه و له‌گه‌ڵ وه‌زیر و هاوەڵه‌كانی تێیدا نویژ و بۆنه سیاسی و ئایینیه‌كان و یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مه‌ری مه‌زن (د.خ) یان كردۆته‌وه، بۆ یه‌كه‌مین جاریش مه‌ولودنامه‌ی تێدا خوێندراوه‌ته‌وه.
سەردەمی ئاتابەگییەکانی هەولێر
مزگه‌وتی موزه‌فه‌ری (البیت العتیق)، یه‌كێكبووه له یه‌كه‌مین زانكۆی ئیسلامی له ناوچه‌كه‌دا و له جیهانی ئیسلامی‌دا و خوێندنی قورئان و فیقهی ئیسلامی و مێژووی ئایینی ئیسلامی تێدا خوێندراوه.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، ئیمام محه‌مه‌د كه له خانه‌واده‌ی سه‌ید ئه‌حمه‌دی روفاعییه، یه‌كه‌مین ئیمام و وتاربێژی موته‌وه‌لی ئه‌و مزگه‌وته بووه كه ئێستا مەزاری پیرۆزی له هه‌ولێره به‌رامبه‌ر مناره‌ی موزه‌فه‌رییه. دیاره پاش مردنی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین تووشی نه‌خوشی و دڵتەنگی و خه‌مۆكییه‌كی زۆر بووە و هه‌ر له‌و مزگه‌وته‌شدا ژیانی به‌سه‌ربردووه تا کاتی مردنی.
مناره‌ی موزه‌فه‌رییە له سه‌رده‌می ئه‌تابه‌گیه‌كانی هه‌ولێردا دروستكراوه، له سه‌رده‌می سوڵتان موزه‌فه‌ری گۆگبورو (گورگی شین) ئه‌و نازناوه‌ی كه كاتی خۆی له شه‌ڕی (حگین) و شەڕه‌كانی سوڵتان سەڵاحەدینی ئه‌یوبیه‌وه به‌خشراوه‌ته سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین.
ئه‌و سه‌ركرده مه‌زنه‌ی جگه له‌و په‌یوه‌ندییه گه‌رموگوڕه‌ی نێوانیان، ده‌بێته زاوای سوڵتان سەڵاحەدین و رابیحه خاتوونی خوشكی كه زیاتر له 40 ساڵ له سه‌رای قه‌ڵای هه‌ولێردا ژیاوه .
پەیوەندیی منارەکەی داقوق و هەولێر و سنجار چییە؟
به گوێره‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، وەکو سەنعان ئەحمەد ئاغای قەساب خاوه‌نی كتێبی (اصاله التركمان فی العراق) باسی ده‌كات: (له سه‌فه‌رێكی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دیندا بۆ داقوقا، له هێرشی سوپای هۆلاكۆ بۆ ناوچه‌كانی ئیماره‌تی ئه‌ربیل، سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ چۆته ناوچه‌ی داقوقا و له نزیك ئاوی (تاووق سو) له‌وێوه فەرمان و پێشنیازی كردووه كه مزگه‌وتێك و مناره‌یه‌ك دروست بكرێت كه ئێستا مناره‌كه ماوه‌ته‌وه هاوشێوه‌ی هه‌ولێر و سنجار).
به‌ڵام له سه‌رچاوه‌یه‌كی تری مێژوویی‌دا وه‌كو (د.موحسین محمد حسین بقال) له كتێبی (هه‌ولێر له سه‌رده‌می ئه‌تابه‌گییه‌كاندا) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: «له یه‌كێك له سه‌فه‌ره‌كانی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دیندا بۆ به‌غدا، له هاتنه‌وه‌ی به شاری (داقوقا)دا تێده‌په‌ڕێت، مناره‌ی (داقوقا) دەبینێت، زۆر پێی سه‌رسام ده‌بێت، له‌وێدا داوا له‌و وه‌ستا و ئه‌ندازیاره ده‌كات كه بێنه هه‌ولێر و مناره‌یه‌كی وه‌كو ئه‌وه‌ی (داقوقا) دروست بكه‌ن».
له میانی لێكوڵینه‌وه‌كانمان له‌سه‌ر مێژووی مناره‌ی موزه‌فه‌ری كه له سه‌رده‌می ئه‌تابه‌گی و سه‌لجوقییه‌كاندا دروستكراوه، پاش لێكۆڵینه‌وه و گه‌ڕان له سه‌رچاوه مێژووییه‌كان و نه‌خشه و هه‌ندێك هێڵكاریی كۆن و وێنەی مناره‌كانی سه‌رده‌می سه‌لجووقییه‌كان، شێوه سه‌ره‌تاییه‌كان و نه‌خشه‌سازیی مناره‌كه‌مان بۆ ئاشكرابوو، ئه‌و به‌شه‌ی سه‌ره‌وه‌ی مناره‌كه به‌و شێوه‌یه بووه وه‌ك له وێنه‌كاندا دیاره و هه‌رسێ مناره‌كه‌ی (داقوقا- هه‌ولێر- سنجار) به هه‌مان شێوه و نه‌خشه‌سازی دروستكراون .
بەرزیی منارەکە و هۆکاری داڕووخانی بەشی سەرەوەی
مناره‌ی موزه‌فه‌ری به‌رزاییه‌كه‌ی 45 مه‌تربووه و به‌هۆی جیاجیا و لێدانی هه‌وره‌تریشقه و كاریگه‌ریی ئاو و هه‌واوە هەشت مه‌تری لێ رووخاوه و به‌شی سه‌ره‌وه‌ی لێ كه‌وتووه، به‌و شێوه ناكامڵه ماوەتەوە.
دیاره حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شوێنه‌واری پارێزگای هه‌ولێر، كارێكی زۆریان كردووه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه و چاككردنه‌وه‌ی و دووباره دروستكردنه‌وه‌ی به‌شه داخورا و داڕماوه‌كانی مناره‌كه، به‌ڵام هیوادارم ئه‌و به‌شه‌ی سه‌ره‌وه‌شی بۆ دروستبكه‌نه‌وه، چونکە ئه‌و مناره‌یه ناسنامه و مێژوویه‌كی گرنگی خەڵکی هه‌ولێره.
دیاره له سەرده‌می حكومه‌تی پێشووی عیراقیشدا له ساڵانی هەشتاکاندا، بەردەوام له‌ماوه‌ی جیاجیادا هه‌ندێك چاكسازیی و بیناسازیی و نۆژەنکاریی لە مناره‌كه‌دا كراوە.
مناره‌كه به پارچه به‌رد و ماده‌یه‌كی شینی فه‌یروزی دروستكراوه و تا ئێستا‌ش به شێك له‌و ورده به‌ردانه به‌سه‌ر مناره‌كه‌وە ماونه‌ته‌وه .
ده‌رباره‌ی ناوی مناره‌كه، به‌داخه‌وه پاش كاولكاریی هه‌ولێر و هێرشی سوپا و چه‌ته‌كانی هۆلاکۆ و به‌شێكی ویلایه‌تی هه‌ولێریان وێران كردووه .
منارەی چۆلی یان موزەفەری؟
دیاره هه‌ندێك وێنه‌ی مناره‌ی موزه‌فه‌ری هه‌ن كه مێژووییه‌كانیان بۆ 600 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، تێیدا مناره‌كه به ناوی مناره‌ی چۆلی- چول منارسی- هاتووه كه نازناوێكی دروست نه‌بووه، به‌ڵام چونكه له ئه‌نجامی وێرانكاری و هێرشه‌كانی مه‌غول و ته‌ته‌ره‌كاندا كه به‌سه‌ر هه‌ولێردا هاتوون، شارەکە وێرانكراوه، ئه‌و منارەیەش كه‌وتۆته ده‌ره‌وه‌ی شار و له ناوچه‌یه‌كی چۆڵەوانیدا بووه، له‌به‌رئه‌وه ناویان لێناوه مناره‌ی چۆلی، به‌ڵام ناوی راستەقینەی (مناره‌ی ئەلموزه‌فه‌ری) بووه و له ته‌ك مزگه‌وتێكی جوان‌دا دروستكراوه .
مزگه‌وت و مناره‌ی موزه‌فه‌ری، گه‌وره‌ترین زانكۆ و مزگه‌وتی ده‌وڵه‌ت بووه له زه‌مانی ئیماره‌تی ئه‌ربیل-دا و هه‌ر له‌و مزگه‌وته‌دا بۆ یه‌كه‌مینجار (پاش مزگه‌وتی قه‌ڵای هه‌ولێر)، مه‌ولود و یادی پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام محەمەد (د.خ) كراوه‌ته‌وه، دیاره ساڵیادی یادكردنه‌وه‌ی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌ولێر له‌لایەن سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دینه‌وه پێشنیاز و یادكراوه‌ته‌وه و پاشان به هه‌موو جیهانی ئیسلامی‌دا بلاوبۆته‌وه. كه ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا شانازییه‌كی گه‌وره‌ی خەڵکی هه‌ولێر و سوڵتانی گه‌وره سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دینی گۆگبۆرو-ه.
حکومەت مزگەوتەکە دروست دەکاتەوە؟
دیاره ئامانج و خواستی ئێمه له لێكۆڵینه‌وه مێژووییه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌واره گرنگه، وه‌كو مناره‌ی موزه‌فه‌ری، له ته‌ك قه‌ڵای دێرینی هه‌ولێردا، زیاتر خستنه‌ڕووی شارستانییه‌ت و مێژووی ده‌وڵه‌مه‌ندی شاری هه‌ولێره، هیوادارین كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایەنی په‌یوه‌ندار دووباره ئه‌و مزگه‌وت و مناره مێژووییه نۆژەن بکاتەوە و ئه‌و به‌شه داڕماوه‌ی سه‌ره‌وه‌ی مناره‌كه وەک خۆی دروستبكاته‌وه.
مزگه‌وت و مناره‌ی ئەلموزه‌فه‌رییە، گرنگترین و كۆنترین شوێنه‌واری شارستانی و مێژوویین، گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن كه خەڵکی هه‌ولێر خاوه‌نی شارستانییه‌كی تایبه‌ت و دیارن و پێویستیشه ئه‌و مزگه‌وته كه پێشتر وه‌كو زانكۆیه‌كی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فه و فیقهی ئیسلامی بووه، دووباره دروستبكرێته‌وه و ئاوه‌دان بكرێنه‌وه.
[email protected]
سه‌رچاوه‌كان :
دكتور موحسین محمد حسین البقال- هه‌ولێر له سه‌رده‌می ئه‌تابه‌گیه‌كاندا
ماڵپه‌ڕی ویكیبیدیا- وتارێك به‌ناوی
(المناره المظفری).