یاسای ئاسایشی خۆراك و گەندەڵی

10:10 - 2022-05-31
دووتوێ
553 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

لەكاتێكدا وڵات بە رەوشێكی ئابوری نالەباردا تێدەپەڕێت بەهۆی پەتای كۆرۆنا و بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار، وێڕای پەسەندنەكردنی بودجە، حكومەتی فیدراڵ پەنا بۆ پەسەندكردنی یاسایەكی نوێ‌ دەبات كە «یاسای ئاسایشی خۆراكە» تا بكرێتە ئەلتەناتیڤی بودجە. 
 
لە قۆناغی كۆتاییدایە 
حكومەتی فیدراڵ لەم چەند مانگەی دواییدا، ئامادەكردنی یاساكەی تەواوكرد كە وابڕیارە چەندان ملیار دۆلاری بۆ تەرخان بكرێت بۆ پارەداركردنی بڕگەكانی. 
بەپێی سەرچاوە رەسمییەكان، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ پرۆژە یاساكە تەواوكردووە، كە چەند بڕگەیەكی تایبەت بۆ پشتیوانی لە ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدانی هاووڵاتیان لەخۆدەگرێت. 
لەوبارەیەوە مشعان جبوری ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی رایگەیاندبوو، یاسای ئاسایشی خۆراك 12 سەبەتەی خۆراك لەچوارچێوەی فۆرمی خۆراك لە بری 10 سەبەتە دابین دەكات. 
 
یاسایەكی كاتییە 
لای خۆیەوە ستار عەتابی ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند»بودجەی یاساكە دەگاتە 25 ترلیۆن دینار، ئەمەش بەرزترین ئاستی پارەی تەرخانكراو دەبێت، و لەگەڵ وەزیری دارایی گفتووگۆی لەسەر كراوە، ئاراستەیەكیش هەیە بۆ كەمكردنەوەی بڕەكە، لە بنەڕەتدا یاساكە كاتییە، تا ئەو كاتەی بودجە پەسەند دەكرێت»، ئاماژەی بە رەتكردنەوەی قەرزكردنی ناوخۆ و دەرەكیش كرد.  

مشتومڕی لەسەرە 
پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك كە لەلایەن حكو مەتەوە پێشنیاركرا، مشتومڕێكی فراوانی لەسەرە لە نێوەندە سیاسییەكان، بەوپێیەی لەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەوە پێشكەشكراوە كە دەسەڵاتی پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای نییە. 
سەرچاوە رەسمییەكان دەڵێت»هەندێك لە هێزە سیاسییەكان یاسای ئاسایشی خۆراكییان رەتكردۆتەوە، هەندێكی تر پاشەكشەیان كردووە لەو هەڵوێستە، بەمەرجێك بەر لە داڕشتنی دەستكاریی تێدا بكرێت. 

گومانی گەندەڵی 
محەمەد سەیهود، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیوایە»پرۆژە یاساكە گوماناوییە و لەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەرەوە دەرچووە كە مافی نوسینەوەی یاساكانی نییە و ناتوانێت لەڕێی گوشارە سییەكانەوە پەسەندیان بكات، هەروەها دەیان نیشانەی سەرسوڕمانیشی لەسەرە». 
پێشێلكردنی دەستورە
سەیهود لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»چەند بڕگەیەك لە یاساكەدا ناڕۆشنن، بەو پێیەی حكومەت سەرپشك دەكەن دەست بەسەر ئەو پارەیەدا بگرێت كە بۆ پرۆژەكە تەرخان دەكرێت و چەندان ملیار دۆلارە، نەك تەرخانكردنی بۆ ئەو لایەنە ئیداری و وەزارییە كە دەبوو ئەوان رێكارە پێویۆستەكانی بۆ بگرنەبەر سەبارەت بە ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان».
بە وتەی سەیهود»یاساكە مایەی گەندەڵییەكی نوێیە لە عیراق، لەڕێی بەشداریی نێوان حكومەت و  لایەنە سیاسییە ناسراوەكان، حكومەتەكەی كازمی پێشێلكارییەكی دەستوری گەورە دەكات لەڕێی داڕشتنی یاسا و ناردنی بۆ پەرلەمان، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەندێك قەوارەی سیاسی و فراكسیۆنی پەرلەمانی دژ بەوە یاسایە دەوەستەوە»، ئاماژەی بە بوونی بزاوتنێكی پەرلەمانیش كرد لەلایەن هەندێك فراكسیۆنی سیاسی بۆ تانەدان لە یاساكە لە دادگای فیداڵی». 
ئابوریناسان پێیانوایە»یاسای بودجە پاكێجی ئاراستەكراو و پێشبینی بۆ ئایندە لەخۆدەگرێت، بەڵام یاسای ئاسایشی خۆراك، ئەو گرەنتیانەی تێدا نییە، بۆیە شیاوتر بوو حكومەت پرژە یاسای بودجە رەوانە بكات». 

ناكرێت ببێتە جێگرەوەی بودجە 
زیا موحسین، پسپۆڕی بواری ئابوری، هۆشداریی دەدات لە بڕەگانی تایبەت بە بەشە خۆراك و چاودێری تەندروستنی لە پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك، رەتیشیدەكاتەوە پرۆژە یاساكە ببێتە جێگرەوەی یاسای بودجە لەبەر سنورداریی و مانەوەی لە چوارچێوەی بڕگەكانی بەشە خۆراك و دەرمان. 
موحسین، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندووە»یاسای ئاسایشی خۆراك مامەڵە لەگەڵ ئەو پارەیە دەكات كە پەیوەستە بە بودجەی گشتی، ئاراستەیەكیش هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پارە زیادەكان»، هۆشداریش دەدات لە بەكارهێنانی پارەی زیادە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە كە لێوەی گەندەڵی لە پارەكەدا دەكرێت و بەتاڵانبردنی بەیاسا دەكرێت. 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمیر دەعمی پسپۆڕی بواری یاسا دەڵێت»حكومەتی ئێستا حكومەتی كاربەڕێكەرە و مافی ناردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ئەمساڵی نییە كە هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی تەنگژەی خۆراك لە جیهان، بۆیە یاسای ئاسایشی خۆراك، هەوڵێكە بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی لەسەر بازاڕەكانی ناوخۆ و بەرهەمهێن و هاووڵاتی». 
لەبەرامبەردا، هادی زیادی پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاندووە»گومانی هەندێك لە فراكسیۆنە سیاسییەكان لەوەی كە یاساكە ئەلتەرناتیڤی بودجەی دارایی ساڵی 2022 بێت، راست نییە، یاساكە گرنگە و پێویستە بایەخی پێبدرێت و بەجۆرێك دەستكاریی بكرێت كە لەگەڵ بەرژەوەندی عیراقییەكاندا بگونجێت،   بە هیچ شێوەیەك لە شێوەكان رێگە بەو كۆمپانیایانەش نەدرێت كە لەلایەن سیاسییەكان و حزبییەكانەوە خاوەنداریی دەكرێن، تا بێنە سەر هێڵ و بەشداریی لە یاساكەدا بكەن، چونكە ئەوان دزی لەو پارەیەدا دەكەن كە بۆ پرۆژەكە تەرخان دەكرێت، هەرەها پێویستە مەوادی خۆراكی بۆ عیراقییەكان دابین بكرێت و بەرهەمی ناوخۆی كشتوكاڵی بەهێز بكرێت، نەك هەر تەنیا پشت بە هاوردەكردن ببەسترێت». 
هەر لەو رووەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»پرۆژە یاسا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە و بەپشت بەستن بە یاسای ئیدارەی دارایی داڕێژراوە، خەرجی جاری و راستەقینە و بەردەوام بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە، بۆیە هەر خەرجێكی راستەقینە لە یاسا نوێیەكەدا هەبێت، لە زیادەی پارەی فرۆشتنی نەوت دەبێت». 

دادگا رەتیكردەوە 
دادگای باڵای فیدراڵ لە عیراق، لە 15ی ئایاری 2022 پرۆژە یاسای پشتیوانی نائاسایی بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدانی رەتكردەوە. 
پێشتر حكومەتی كاربەڕێكەر پرۆژە یاساكەی پێشكەش بە پەرلەمان كردبوو بۆ تێپەڕاندنی، وەك چارەسەرێكی كاتی بۆ بەڕێكردنی كاروبارەكانی وڵات، بەو هۆیەی ناكرێت بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە بودجەی گشتی تێبپەڕێنرێت. 
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پرۆژە یاساكە لەسەر سكاڵایەك بوو كە لەلایەن باسم خەشان ئەندامی پەرلەمانەوە پێشكەش كرابوو، دادگاش جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی هەموو دەسەڵاتەكان كردەوە بە بڕیارەكەی. 
پرۆژە یاساكە لەلایەن حكومەتەكەی كازمییەوە پێشكەشكرا كە پەیوەندی بەم ماوەیەی ئێستاوە هەیە، بەو هۆیەی تائێستا بودجەی دارایی پەسەندنەكراوە، پرۆژە یاساكە زیاتر لە 35 ترلیۆن دینار (24.1 ملیۆن دۆلار)  تەرخان دەكات و دەكرا لێوەی حكومەت كارەكانی خۆی رایی بكات، بەڵام هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان رێگربوون لە تێپەڕبوونی. 
ئەو هێزە سیاسییانەی پشتیوانی لە پرۆژە یاساكە دەكەن پێیانوایە، ئاسایشی خۆراك بۆ عیراق دێنێتەدی و دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی ئاستی هەژاریی و هێنانەدی سەقامگیریی دارایی، لە سایەی رەوشی نێودەوڵەتی ئێستا و ئاسانكارییە بۆ پرۆسەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانیان. 
لەبەرامبەردا هێزە سیاسییەكانی تر پێیانوایە، پرۆژە یاساكە رەنگە دەروازەیەك بێت بۆ گەندەڵییەكی نوێ‌ و بەهەدەردانی سامانی وڵات و بیانوویەكی ئەو هێزانەیە كە دەستییان بەسەر پەرلەماندا گرتووە، بۆ پشتگوێخستنی یاسای بودجەی فیدراڵی. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان