عیراق لەنێوان چەقبەستنی سیاسی و دەستێوەردانی دەرەكیدا

10:19 - 2022-05-31
دووتوێ
514 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

متمانەیەكی تەواو 
لەبارەی دەرهاویشتەكانی راپۆرتەكەی پلاسخارت، زێدان موحسین ئەكادیمیست و مامۆستای زانكۆ رایگەیاند»قسەكانی نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق نوێ‌ نییە لە دیمەنی سیاسی وڵات، لە هەمان كاتدا متمانەی تەواوی هەیە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لای هەموانیش ئاشكرایە كە لە نزیكەوە بەدواداچوونی هەیە و بەدواداچوون دەكات بۆ كاروبارەكان لە وڵاتدا، زمانی دیپلۆماسیش لە هەندێك كات و بە تایبەت لەكاتی خوێندنەوەی راپۆرتێك لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش واپێویست دەكات روون و راشكاوانە بێت، بەڵام باسكردنەكە رەنگە جۆرێك لە تێپەڕاندنی دەستەواژە دیپلۆماسییەكانی بەخۆوەبینیبێت، دیپلۆماسی خۆرئاواییش بە هێمنی و لەسەرخۆیی ناسراوە، بەڵام لەمڕۆدا گەیشتۆتە ئەم ئاستە، بە واتایەكی تر ئەو سیاسەتوانە عیراقیانەی بایەخ بە بارودۆخی وڵاتەكەیان نادەن، ئەندازەكانیان تێپەڕاندووە، چونكە گۆڕانكاریی لەنێوخۆ و لەنێو خودی خۆیان و لەنێوخۆی وڵاتەكەیاندا نابێت، بەو پێیەی نە رێز لە جەماوەر نە رێز لە دەنگدەرانیان دەگرن». 

لایەنە دەرەكییەكان 
بە وتەی موحسین»ئەو سیاسەتوانانە رەنگە زیاتر بایەخ بە قسە و راوبۆچوونی ئەو لایەنە دەرەكیانە بدەن كە دەست لەكاروباری ناوخۆی وڵات وەردەدەن، ئەمەش لەلایەن گەلی عیراقەوە رەتدەكرێتەوە، نەهامەتییەكەش لەوەدایە، خودی ئەو روخسارانە حوكمڕانی وڵات دەكەن، بڕیاریش بەداخەوە لەلایەن ئەو سیاسەتوانانەوە دراوەتەوە دەستی هێزە دەرەكییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان، بۆیە هیواخوازین ئەم رەوشە كۆتایی بێت و دەنگدانەوەیەك لانی كەم لەوبارەیەوە لە نەتەوە یەكگرتووەكان دروست ببێت، چونكە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان، میكانیزمی زۆرییان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە كە تا ئەمڕۆ لەلایەن پلاسخارتەوە پێشنیاز نەكراوە». 

زەنگی مەترسی 
هەر لەو بارەیەوە رائید عەلی شرۆڤەكاری سیاسی رایگەیاند»لێدوانەكانی ئەم دواییەی پلاسخارت لەبارەی عیراقەوە، زەنگی مەترسیە بۆ سیاسەتوانانی عیراق، بە تایبەت كە هۆشداریدا لە توڕەبوونی میللی لە ئایندەدا، بەهۆی سیاسەتە هەڵانەی لەلایەن فراكسیۆن و حزبەكانی نێو دەسەڵاتی راپەڕاندن و یاسادانانەوە دەگیرێنەبەر، دەبێت قۆناغی داهاتوو، قۆناغی ئاوڕدانەوە بێت لە شەقامی عیراقی و ئەو كێشە كۆمەڵایەتی و ئابوریی و خزمەتگوزارییانەی بەدەستییەوە گیرۆدە بووە، و پێویستە كار بكرێت بۆ دەربازكردنی لەو جەور و ستەم و بیدادییەی لەماوەی ساڵانی رابردوودا پێیدا تێپەڕی، بە تایبەت كە عیراق لەئێستادا بە ماوەی بوژانەوەی ئابوریدا دەڕوات لە ئەنجامی ئەو زیادە داراییەی لە فرۆشتنی نەوت دەستەبەری دەكات». 
 
بەرژەوەندی بەرتەسك 
هەروەها رائید عەلی دەڵێت»لەمڕۆدا هەموو رێڕەوەكان رەخساون لەبەردەم دەسەڵاتەكانی راپەڕاندن و یاسادانان و سیاسەتوانان، تا خزمەت بە گەل و جەماوەرەكەیان بكەن و دەربازییان بكەن لە تارماریی بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبی و تایبەت كە عیراقییەكان بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەدەستییەوە گیرۆدە بوون». 

گوزەرانی  هاووڵاتی 
لای خۆیەوە، فاروق مستەفا، چالاكوانی سیاسی رایگەیاند»ئەم چەقبەستنە سیاسییەی ئێستا لە وڵاتدا هەیە، بەشێوەیەكی زۆر خراپ كاریگەریی لەسەر گوزەرانی هاووڵاتی عیراقی دروستكردووە، بەوپێیەی زۆرێك لە پێداویستییەكانی ژیانی هاووڵاتی ئاسایی، پەیوەستە بە پرۆسەی سیاسی و رووداوەكانی كە خۆیان لە دواخستنی پێكهێنانی حكومەتێك بە تەواوی دەسەڵاتەكان و نەبوونی یاسای بودجە و بابەتەكانی تردا دەبیننەوە،  بۆیە هاووڵاتی لەمڕۆدا گەیشتۆتە حاڵەتی بێئومێدی بەهۆی سیاسەتی هەڵەی سیاسەتوانان كە رەوشەكەیان هێندەی تر ئاڵۆزكردووە و گەیشتۆتە ئاستێك كە دووربكەوێتە لە چاودێریكردنی پەرەسەنەكانی پرۆسەی سیاسی و بایەخنەدان بە كاروبارەكانی، و بەشوێن دەلاقەیەكی تردا بگەڕێت بۆ دەستەبەركردنی قوت و بژێوی بۆ خێزان و منداڵەكانی». 

تەقینەوەی رەوشەكە 
بە بۆچوونی فاروق مستەفا»دوور نییە گەر رەوشی سیاسی بەمشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، كاروبارەكان بتەقنەوە و لەژێر كۆنرۆڵ دەربچن، بە تایبەت كە گوزەرانی هاووڵاتی عیراقی رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپوون دەچێت». 

مشتومڕێكی گەورە 
قسەكانی پلاسخارت لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مشتومڕێكی گەورەی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوە، هەندێك لە چاودێرانی كاروباریی سیاسەتی عیراقیش وەك راگەیاندنێكی نێونەتەوەیی بۆ شكستخواردنی سیاسەتوانان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا لێكدانەوەیان بۆ كرد، چونكە خەمی سەرەكی ئەو سیاسەتوانانە پۆست و دەستكەوتەكانە و كێشە و نەهامەتی گەلەكەیان پشتگوێخستووە. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان